عێراق… سێ‌ پارێزگا بە فەرمی داوای بەهەرێمبوون دەكەن

0

نوچەنێت – ئیرەم نیوز

لیژنەی هەرێمەكان لە پەرلەمانی عێراق رۆژی سێشەممە رایگەیاند ، سێ‌ پارێزگا بە فەرمی داواكارییان پێشكەش كردوە بۆ ئەوەی ببنە هەرێمی سەربەخۆ لەناو سیستمی فیدرالیدا هاوشێوەی هەرێمی كوردستان.
خالید مەفرەجی سەرۆكی لیژنەكە لە لێدوانێكی رۆژنامە نوسیدا وتی ” ئەو سێ‌ پارێزگایە( بەسرە ) ی باشوری عێراق و (دیالە) ی رۆژهەڵات و (سەلاحەددین) ی باكورن كە بەفەرمی داواكارییان پێشكەش كردووە، هەروەها پارێزگای كەربەلاش ئامادەكاری دەكات بۆ پێشكەشكردنی داواكاری هاوشێوە”
مەفرەجی هەروەها وتی ” سەرباری ئەوەی داواكاری ئەو پارێزگایانە یاساییە بە پێی دەستوری عێراق، دەسەڵاتدارانی بەغداش هیچ خزمەتگوزارییەكی ئەوتۆیان پێشكەش بە هاوڵاتیانی ئەو پارێزگایانە نەكردوە، بۆیە شتێكی سروشتیە كە داوای بەهەرێمبوون بكەن بۆ ئەوەی خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن و رزگریان بێت لە كێشەی پەراوێز خستن لەلایەن حكومەتی فیدرالەوە”
بە بۆچوونی مەفرەجی ” سیستمی فیدرالی باشترین جۆری فەرمانڕەواییە لە عێراقدا ئەگەر لەسەر بنەمای یەكە كارگێڕییەكان بێت نەك لەسەر دابەشكردنی جوگرافی و تائیفی بێت، ئێمە وەك لیژنەی پەرلەمانی كار دەكەین بۆ چەسپاندنی ئەم چەشنە فەرمانڕەواییە لە عێراقدا”
لەبارەی بۆچوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی بەرامبەر ئەم شێوازی حوكمە، مەفرەجی روونی كردەوە ” عەبادی چەندین جار وتویەتی كە ئەو لەگەڵ سیستمی لامەركەزییە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو لەگەڵ سیستمی فیدرالیە و دژی سیستمی مەركەزییە كە چەندین مەینەتی بۆ عێراق هێناوە”
نوری مالكی لەو ماوەیەدا كە سەرۆكوەزیرانی عێراق بوو ئەو بڕیارە فەرمیانەی رەتكردەوە كە پارێزگاكانی دیالە و سەلاحەددین و بەسرە ساڵی 2011 دەریان كردبوو سەبارەت بە راگەیاندنی بەهەرێمبونیان لەڕووی كارگێڕی و داراییەوە، ئەو كاتە بون بە هەرێمی هەر پارێزگایەكی بە “كارەسات ” ناودەبرد.
ماددەی 116 لە دەستوری عێراق دەڵێت ” سیستمی فیدرالی كۆماری عێراق پێكدێت لە پایتەخت و هەرێم و پارێزگا لامەركەزیەكان و كارگێڕیە خۆجێییەكان”
لە ماددەی 119 شدا هاتوە ” هەموو پارێزگایەك یان زیاتر مافی خۆیەتی هەرێم پێكبهێنێت لەیەر بنەمای گشتپرسی و بە دوو رێگە داوا دەكرێت ، یان سێ یەكی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەو پارێزگایانەی كە دەیانەوێت ببن بە هەرێم داواكارییەك پێشكەشدەكەن، یان دە پەرلەمانتاری ئەو پارێزگایانە داواكارییەكە پێشكەشدەكەن”
هەرێمی كوردستان ساڵی 2005 بەپێی ماددەی 117 ی دەستور بوو بە هەرێم لە چوارچێوەی عێراقی فیدرالدا، ژمارەی دانیشتوانەكەی چوار ملیۆن كەسە و پایتەختەكەی هەولێرە و رووبەرەكەی نزیكەی 50 هەزار كیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
كێشەی زۆر لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدرال دا هەیە لەبارەی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و دەرهێنان و ناردنە دەرەوەی، جگە لە كێشەكانی موچەی پێشمەرگە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com