نوچەنێت-DW
لە جەنگی دژی داعش لە عێراق دەنگی چەخماخەی تفەنگی هەموان دەبیسترێت جگە لە تفەنگی سوپای نیشتمانی ، بە شێوەیەكی فەرمی ئەم سوپایە بە نزیكەی ملیۆنێك چەكدار دێتە ژماردن ، بەڵام ئامادەبوونی بۆ جەنگ لەرووی سیاسی و لۆجستی و سەربازیەوە بوەتە جێگەی پرسیار.
زۆربەی ئەوانەی گرنگی بە جەنگی داعش دەدەن پرسیار لە رۆڵی سوپای عێراق دەكەن، بۆچی ئامادەبونی هێندە كەمە؟
شتیڤان بوخن رۆژنامەنوسی ئەڵمانی پسپۆری كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (DW) لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەڵێت من پێموایە سوپای عێراقی ئامادە نیە بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش ، ئەو دەڵێت ” گەورەترین بەشی رووبەڕووبونەوەكان لەگەڵ داعش هێرشە ئاسمانیەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی بەڕێوەی دەبەن بە پلەی یەكەم، پاشان هێزەكانی پێشمەرگە و پارتی كرێكارانی كوردستانی توركیا – كە رۆڵی ئەم پارتە لە ناوچەی شنگال زیاتر دەركەوت- بە پلەی دووەم لە دوای ئەوانیش میلیشیا شیعەكانی عێراق كە چەند دەستكەوتێكیان بەدەست هێنا بە پلەی سێهەم”
“بن دیوارەكان ” بەشێكی كێشەكەن
سوپای عێراق كە هەموو جەنگەكانی سەردەمی سەددامی بە درێژایی سێ دەیە كرد و تا ئێستاش هەر سوپای ملیۆنییە، بەڵام زۆرێك ئەندامانی دەكەونە ژێر وەسفێكی گاڵتەجاڕییانەی تاڵەوە كە عێراقیەكان ناویان لێناون و پێیان دەڵێن “بندیوارەكان” مەبەستیان ئەو ئەندامانەیە كە بە فەرمی ناویان تۆمار كراوە لە سوپادا و موچەكانیان دابەش دەكەن لەگەڵ سەركردەكانیان لە ئاستی جیاوازدا وەك “بەرتیل” بەرامبەر ئەوەی ئامادە نەبن لە مەیدانی جەنگ و سەربازگەكانیان، یان ناوی چەندین كەسی خەیاڵی بە بەڵگە نامەی ساختە تۆمار كراوە و موچەكانیان سەركردە سەربازییەكانیان وەری دەگرن ، كەواتە ئەوە سوپایەكی بندیواری خەیاڵیە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە نۆڤەمبەری ساڵی 2014 ، پەنجا هەزار سەربازی وەهمی ئاشكرا كرد و پلەكانیانی هەڵوەشاندەوە، ئەمە جگە لە ئابڕووچوونی گرێبەستی چەك لەگەڵ رووسیا بە بڕی 5 ملیار دۆلار ساڵی 2012.
هەموو ئەمانە تواناكانی سوپای عێراق ، تەنانەت بوونیشی وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر زەوی دەخاتە ژێر پرسیارەوە، لەم بارەیەوە د.موهەننەد عەزاوی پسپۆری سەربازی و بەڕێوەبەری سەنتەری سەقر بۆ لێكۆڵینەوەی ستراتیژی دەڵێت ” پێش ئەوەی داعش بێتە ناو موسڵەوە لاوازی و كون و كەلەبەری زۆر لە دروستبوونی ئەم سوپایەدا هەبوو، لاوازی راهێنان و لاوازی بیروباوەڕی سەربازی” عەزاوی هەروەها دەڵێت ” فرەجۆریی مەشق و ڕاهێنان كێشەیەكی تر دروست دەكات ، هەروەها كێشەی گەندەڵی ، هەروەها ئەوانەی كە پێیان دەوترێت سەربازە خەیاڵیەكان، لەسەرو ئەمانەشەوە پڕچەككردنی ناڕێك و پێك و تەقەمەنی لەكاركەوتوو و بەسەرچوو، ئەمانە چەند هۆكارێكن كە بوە هۆی ئەوەی نزیكەی نیوەی عێراق بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی داعش”.
پەیكەری سەركردایەتی سوپای عێراق كە لە 6 ی كانوونی دووەمی 1921 دامەزرابوو هاوشێوەی پەیكەری سوپای بەریتانیا بوو، سەركردەكانی سوپا و فەیلەقەكان و فیرقەكان سەر بە سەرۆكایەتی ئەركانی سوپان ، دوای ساڵی 2003 و هەڵوەشانەوەی سوپا ، دووبارە دروستكرایەوە، ئەو رێكخستنە دووبارە كرایەوە و سەررۆكایەتی ئەركانی سوپا دانرایەوە، بەڵام بە لەكاركەوتوویی مایەوە، بەجۆرێك سەرۆكایەتی سوپا پەیوەست بوو بە (وەك پێیان دەگوت) نوسینگەی سەرۆكی گشتی هێزە چەكدارەكان( ئەم پۆستەش سەرۆكوەزیران خۆی بەڕێوەی دەبرد). موهەنەد عەزاوی دەشڵێت ” ئەم نوسینگەیە یەكێك لە هۆكارەكانی كەموكوڕییە سەربازییەكان بوو ، حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق ئەم نوسینگەیەی هەڵوەشاندەوە دوای ئەوەی هەستی بە ترسناكی رۆڵەكەی كرد”.
سوپایەك كە لەسەر ناسنامەی خۆی كۆك نیە
لە لایەكی تری شیكردنەوەی كێشەی سوپای عێراقی ، چاودێر بە ئاسانی هەست بەوە دەكات كە ئەم سوپایە توانای رێككەوتنی نیە لەسەر ناسنامەی خۆی، لەمبارەیەوە شتیڤان بوخن دەڵێت ” ئەم سوپایە پشتگیری جەماوەری و سیاسی نیە كە وای لێبكات نوێنەری هەموو پێكهاتە و ڕەنگەكانی عێراق بێت، بەشێكی زۆری سوننەی عێراق پێیان وایە حكومەتی عێراق و سوپاكەی تەنها خزمەتی بەرژەوەندیەكانی شیعە دەكات”.
لە عێراقدا زاراوەی “سەنگەر لێگرتنی تائیفی” و سوپای لایەنگری شیعە بڵاوە، پسپۆڕان باسی بێتوانایی سوپای عێراق دەكەن بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی ئەم زاراوەیە. ئەمەش تەحەدایەكی سیاسی ترسناكە رووبەڕووی سەرۆكوەزیرانی ئێستای عێراق دەبێتەوە كە هەوڵی بنیاتنانەوەی سوپایەكی بەپەلە دەدات بۆ ئەوەی لە شەڕی “ئازاد كردنی موسڵ” دا بەشداری پێبكات، موهەنەد عەزاوی شارەزای بواری سەربازی ئاماژە بە هۆكاری راستەوخۆی لاوازی و لێكهەڵوەشانی سوپا دەكات و دەڵێت ” عەقڵی سەربازی پلاندانەر لە عێراق بوونی نیە ، كێشەكە ئەوەیە پسپۆر و شارەزا سەربازییەكان كەم بوونەتەوەو هێزە چەكدارەكان لەبەریەك هەڵوەشێنراون و هەموو ئەو عەقڵ و توانایانەی سوپایان بەڕێوە دەبرد راوەدوونران، بەمشێوەیە كەشتیە سەربازییەكە بە هەندێك كەسی نەشارەزاوە لەنگەری گرت”