بارزانی و شاندێکی ئەمریکی چۆنیەتی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ تاوتوێی دەكەن

0

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسیی ئەمەریكا كۆبۆوە و لەكۆبونەوەكەشیان باسیان لە کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ كرد.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ یەكشەممە 15ـی 2ـی 2015 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سەربازی و سیاسی ئەمەریكا كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ ژۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ئەفسەر و ڕاوێژكاری سوپای ئەمەریكا“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپای ئەمەریكا سوپاسی بارزانیی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا بە سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگە و پێزانینی هەبوو بۆ ئازایەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ئاماژەیشی بە هەماهەنگیی نێوان هێزی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە كرد كە ئەنجامی باشی لێ كەوتووەتەوە و بە بەردەوامیی ئەم هەماهەنگییە لە ئاییندەیشدا بەیەكەوە هەنگاوی باش دەنێن. فەرماندەی ئۆپڕاسیۆنە تایبەتەكانی سوپایئەمەریكالە درێژەی قسەكانیدا وێڕای ئاماژەدان بەو بارە قورسەی لە شەڕی تیرۆردا لەسەر شانی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانە ئەوەی دووپات كردەوە كە سوپای ئەمەریكا ئەوەی لە توانای دابێت بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە دەیكات“.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگە كە توانی لەسەر ئەرز ئوستوورەی داعش تێكبشكێنێت، سوپاسی ئەمەریكا و هێزی هاوپەیمانانی كرد بۆ یارمەتیدانی پێشمەرگە و، پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانی بە كاریگەر وەسف كرد و هێمای بە مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش دا و ئەوەی خستە ڕوو كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و هیچ كەس و لایەنێك ناتوانێ ئەم شەڕە لەخۆی دوور بكاتەوە و لە مەترسییەكانی بەدوور بێت,بارزانی لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە تەك چارەسەری سەربازی شەڕی فكری داعش بكرێت و سەرچاوەی داهاتیان وشك بكرێت و ڕێگەی هاتوچوویان بگیرێت و ئازادیی هاتوچووی تیرۆریستان لە نێوان وڵاتان نابێ لەسەر حیسابی ئاساییشی جیهانی بێت“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان هەرێم و بەغدا لە شەڕی تیرۆریستان و بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكەی عێراق و هەماهەنگیی هێزە عێراقییەكان لە شەڕی داعش باسی لەسەر كرا“.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”لە بەشێكی دیكەی ئەم كۆبوونەوەیەدا ئازادكردنی كۆبانێ و ڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و شاندی میوان ڕۆڵی پێشمەرگەی لە ئازادكردنی كۆبانێ و پاڵپشتیكردنی هێز كوردییەكانی كۆبانێی بەرز نرخاند و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە لە كۆبانێ دووپاتكردەوە“.

لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییش و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و فەریق شێروان عەبدوڵڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com