نوچەنێت.ههولێر:
نێچیرڤان بارزانی،بە سەرۆكایەتی شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەیشتە بەغدا و بڕیاریشە لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە .
بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا،نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،بە سەرۆكایەتی شاندێكی حكومەت كاتژمێر 12ی نێوهڕۆی ئهمڕۆ بەسەردانێك گەیشە بەغدا و بڕیاریشە لەگەڵ هەریەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق و عادل عەبدولـمەهدی وەزیری نەوت و ژمارەیەك بەرپرسی تر كۆببێتەوە .
رووداو بڵاوی كردوەتەوە:تەوەری سەرەكی دانوستاندنەكان،پرسی هەناردەكردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە هەرێمی كوردستان و كەركووكەوە بۆ بەندەری جیهانی توركی كە عێراق بیفرۆشێت و داهاتەكەی بچێتە حیسابی بەغداوە،هەروەها لە بەرامبەردا عێراق 17%ی بودجەی گشتیی عێراق بداتە هەرێمی كوردستان.
ئەو رێككەوتنە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 2/12/2014دا،دەبووایە لە سەرەتای ئەمساڵدا جێبەجێبكرێت،بەڵام بەغدا تائێستا بودجەی بۆ هەرێمی كوردستان نەناردووە .
نێچیرڤان بارزانی،لەو سەردانەیدا پێشنیازی ئەوە دەداتە بەغدا كە سێ مانگ جارێك تەماشای ئەوە بكرێت كە ئایا هەرێمی كوردستان پابەندبووە بە هەناردەكردنی ئەو بڕە نەوتە یان نا،نەك رۆژانە ئەوە بژمێردرێت،چونكە ئەوە شتێكی كردەیی نییە.