یەكگرتووی ئیسلامی: جەنگ لەدژى داعش جیهادە
نوچەنێت.ههولێر:
پەرلەمانتارێكی یەكگرتووی ئیسلامی،رایگەیاند،لەسەرەتادا هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەكان بەرامبەر داعش شەرمنانە بووە دەڵێت،جەنگ لە دژی داعش جیهادە و ئەوەی لە مزگەوەتەوە سەنگەر لە پێشمەرگە بگرێت دوژمنی ئیسلامە.
حاجی كاروان، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی كوردستان لە بەرنامەی تاوتوێی شەوی رابردوى nrt كە تەرخانكرابوو بۆ هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەكانی كوردستان بەرامبەر داعش، باسی ئەوەیكرد لەسەرەتادا هەڵوێستی لایەنە ئیسلامییەكان بەرامبەر داعش شەرمنانە بووە،چونكە دیار نەبوو داعش كێیە و چییان دەوێت، بەڵام كاتێك بە ناوی ئیسلامەوە خەڵكیان سەربڕی ئەوە ڕوون بووەیەوە كە مەبەستیان ناشیریكردنی ئیسلام بوو.
كاروان باسی ئەوەشیكرد ئەندامانی حزبە ئیسلامییەكان هەڵوێستی ڕوونیان بەرامبەر داعش لەناو حزبەكەیاندا هەبووە و جیاوازیش بووە لە هەڵوێستی فەرمیی حزبەكەیان.
بەپێی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو شەش كەس لە بەڕیوەبەرە سەرەكییەكانی دەورووبەری بەغدادی كۆنە بەعسیەكانن و بەرپرسانی بەعس بوون و هەمان سیاسەتی سەدام لە داعشدا دووبارە دەكەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكگرتوو لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی “داعش هیچ پەیوندییەكی بە ئیسلامەوە نییە و شەڕكردن بەرامبەریان واجبە و جیهادە”.
حاجی كاروان ئەوەشی ڕوونكردەوە كە دەبێت لایەنە ئیسلامییەكان ڕوئیاكانیان بەرامبەر بە داعش ڕوون بێت و لێڵیی تێدا نەبێت.
ناوبراو راشیگەیاند”دروشم بەرزكردنەوەی بەمانای ڕەوایبوونی داعش نییە، چونكە ئەوانەی حەزرەتی عوسمانیان كوشت لەدوای كوشتنەكەی دەیانگوت ئەڵاهو ئەكبەر و حەزرەتی عوسمانیان بە كافر دەزانی”.
كاروان وتیشی”ئەوەی لە مزگەوتدا سەنگەر لەپێشمەرگە دەگرێت ئیسلام نییە و ئەوەی داعش دەیكات دەسترێژیكردنە و بەرگریكردن لە ناموس و ماڵ و نیشتیمان ئەركە، چونكە بەرگریكردن واجبە و ئەوەی لەپێناو بەرگریكردن لە شەرەف و ماڵ و نیشتیمانەكەی بكوژرێت شەهیدە”.
ئاماژەی بەوەشكرد بەلایانەوە سەیرە داعش پەلاماری ٢٢ وڵاتی عەرەبی نادات، بەڵام پەلاماری كوردستان دەدات.
لەبارەی سوتاندنی مرۆڤ بە زیندووی وتی “هیچ كەسێك جگە لەخودا بۆی نییە مرۆڤ بخاتە دۆزەخەوە و مرۆڤ ناتوانێت مرۆڤ بسوتێنێت. ئەوەی لەجەنگدا دیل دەكرێت دەبێت خواردنی بدرێتی و خزمەتی بكرێت”.
بەپێی قسەكانی حاجی كاروان ئەو ئەفغانی و سودانیانەی دێنە ناو داعش سەدام بە جیهادكار دەزانن، چونكە سەدام دروشمی بەرزكردبووە و موشەكەكانی بە ناوی ئەسحابەكانی ئیسلامەوە ناو نابوو و لەسەر ئاڵاكەی عێراقیش دروشمی ئەڵاهوئەكبەری نووسیبوو.