ئەو کوردانە بناسە ! کە داعش هاندەدەن بۆ شەهیدکردنی پێشمەرگە دیلکراوەکان

0

ئەو کوردانە بناسە ! کە داعش هاندەدەن بۆ شەهیدکردنی پێشمەرگە دیلکراوەکان
رزگار رەزا چوچانی
بەداخەوە لەئەنجامی هێرشەکانی داعش بۆ سنورەکانی کوردستان، چەند پێشمەرگەیەک بەدیل کەوتونەتە دەستی داعش، لام روونە سەرکردایەتی کورد هەموو ئامادەییەکی هەیە بۆ ئازادکردنی ئەو دیلانە بەهەر نرخێک بێت، بەڵام تاکو ئێستا رێگایەک نییە بۆ دانی ئەو نرخە.
دیل بەدیلە داعش ئامادە نین، دانی پارەیە داعش ئامادەنین، هێرشکردنە سەریانە، دروستکردنی ئایندەیەکی نادیارە بۆ سەدان پێشمەرگەی تر، ئاخر ناکرێ کورد هێرش بکاتە سەر ناوچە عەرەبییەکان، بەبێ ئامادەیی و بەشداری خودی عەرەب. ناکرێ بەرەی جەنگ دژ بەکوردستان هێندەی تر فرەوان بکات، بەبێ دروستکردنی پشتیوانی گەورە و دڵنیابوون لەسەلامەتی زیاتری پێشمەرگە هێرشبەرەکان و ئایندەی ئەو ناوچانەی رزگاری دەکات.

ئەوەی ئێستا دەکرێ سود بەخش بێت، ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و بەکاربردنی ئەو رێگایە بۆ ئازادکردنیان، بەڵام بەداخەوە کورد لەو بوارەشدا لاوازو بێ ئیمکانیەتە و دڵنیام هاوپەیمانانیش هاوکاریی ناکەن.
بۆیە جێی دڵتەنگییە، کە تائێستاش ئایندەی ئەو پێشمەرگە دیلکراوانە ناڕوونە، هەموو رۆژێکی کەسوکارەکەشیان مردنە، ئەوەی لێرەدا بەمن دەکرێ دوعای سەبرو خۆڕاگری خانەوادەکانیانە، دوعای سەلامەتی و ئازادبوونی پێشمەرگەکانە.

داواکاریمە لەکەسوکاریان، دەرگا بە نوێنەرایەتی و کونسوڵی هاوپەیمانان بگرن، تا هاوکارییان بن و بیر لەرێگای ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بکەنەوە، بۆ رزگارکردنی ئەو پێشمەرگانە.

بەڵام ئەوەشم لەیادە کە رەخنەی سەرکردایەتی کورد بکەم، چونکە لەو کێشانەدا لەکۆتایی قەومان، بیر لەرێچارە دەکاتەوە،  راستە سودی نییە لەسەر رابردوو، لەسەر دوێنێ بڕۆین کەچی روویداوە، بەڵام خۆ دەکرێ قسە لەسەر سبەینێ بکەین، بۆیە دەڵێم دەبێ سەرکردایەتی کورد بەر لەوەی سبەینێ، جارێکی تر ناچار بێت لەگەڵ داعشدا بکەوێتە ئەم مامەڵە سەختەی گۆڕینەوەی دیل و سەندنەوەی دیلەکانی، کار بکات بۆ نەگەشتنی داعش بەگیانی پێشمەرگە.
راستە لەجەنگدا سەرکەوتن و شکست واردە، بەڵام رێژەییکردنی شکست و سەرکەوتنیش رێ تێچووە. نابێ پێمان ئاسایی بێ، لەشەوێکدا سەد شەهید ببەخشین، زیاتر لەسەد بریندار بدەین، بڵێین ئەوە جەنگەو واردە، بیر لەوە نەکەینەوە:
– ئەی کەمتەرخەمی خۆمان چی بووە؟
– لەم کام بۆشاییەوە داعش هاتۆتە ناوەوە، بۆچی ئەو بۆشاییە هەبووە ؟

– بۆچی هەموو جار بۆ شاییەکی وا بۆ داعش هەیە لێوەی بێتە ناوەوە ؟
– ئەگەری بەدەستەوەنەدانی ئەو بۆشاییە تاچەند رێی تێدەچێت و چی بکەین بۆ ئەوە؟
ئەمەش وەک داوایەک دەخەمە بەردەستی دەسەڵات بەدەستانی کورد، پێیان دەڵێم، بەرلەوەی ئیحراجی لای دایکی پێشمەرگەبن و ناچاری بەردەرگای داعش بن بۆ هێنانەوەی دیل، بیر لەوەڵامی ئەو پرسیارانە بکەنەوەو رێگە بگرن، لەقەومانێکی تر.
لەگەڵ ئەو داوایەش بۆ دەسەڵاتبەدەستانی کورد، مەبەستمە لێرەدا بەخوێنەر ئەو کوردانە بناسێنم، کە ئێستا داعش هان دەدەن و هاندەرن بۆ شەهیدکردنی پێشمەرگە دیلکراوەکان، ئەوەی نا ئاساییە لەناو ئەو هاندەرانەدا، رۆشنبیر هەنە، نوسەر هەنە، شاعیر، هونەرمەند، رۆژنامەنوس، سەرکردەو سیاسی هەنە.

بۆیەش رێگە بەخۆم دەدەم ئەوان بە هاندەر ناوببەم، چونکە ناکرێ ئەو چین و توێژانە ئەوانە بن، نەزانانە ئەدوێن و نەزانانە قسان فڕێ دەدەن.
ئێمە بەگەورەو بچوکمانەوە، کەم تا زۆر، داعش دەناسین، داعش هێزێکە سەرەتای سەرکەوتنەکانی خۆی، لەڕێی تۆقاندنەوە دەنوسێتەوە، هێزی مانەوەشی لەکێشە مەزهەبی و نەتەوەیی و سیاسییەکان و تەنانەت کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بەدەستدێنێت.
هەڵەکانی مالیکی وایکرد، کێشەی مەزهەبی عێراق تۆختر بێتەوە، شەڕی سوننەو شیعە ببێتە زەرورەت، مەیدانێک بۆ گەڕانەوەی بەکری بەغدادی و داعش لەسوریاوە بۆ عێراق دروست بکات، نامەوێ بچمە ناو ئەو وردەکارییەی کەدەڵێت پیلانی جیهانی و ئیقلمی هەبووە، لەهێنانی داعش بۆ عێراق، چونکە ئەگەر مەیدانی چاندن و نەشونماکردنی داعش لەعێراقدا نەبوایە، هەناردەکارانیش لەپیلانەکەیان مایە پوچ دەبوون.
لەدوای شەڕی عێراق، خۆدروستکردنی داعش لەناو سنوننەی عێراقدا بەرێگای بەرزکردنەوەی شیعاراتی شەڕی شیعەو سەفەوی، و سەرکەوتنی لەو خۆ دروستکردنەدا، خەونی شەڕی کوردیش لای داعش دروست بوو، بۆیە لەشکرکێشی بۆ سەرکوردستان کرد و کارەساتی بەسەر خەڵکی ئێمەشدا هێنا.
ئێستا داعش بۆ شەڕی کورد، پێویستی بەهێزو پشتیوانی زیاتری سوننە مەزهەبەکانی عێراقە، وەک شەڕی مەزهەبی پیویستی بەراگەیاندن و خۆشکردنی ئاگری شەڕی نەتەوەییە لەنێوان کورد و عەرەب، کوردو تورکمان، بۆیە لەم کۆتاییانەدا، هێندەی خەریکی عەرزکردنی سەرکردە کوردەکانیەتی، هێندە خەریکی عەرزکردنی سەرکردە ئەفغانی و چیچانی و عەرەبەکانی نییە،کێ لەئێمە پرسیاریکرد:

مەبەستی داعش لەعەرزکردنی سەرکردە کوردەکانی چییە ؟

چەند لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە کرا؟

مەگەر سەرکردەی نەتەوەکانی تر لەناو داعشدا، زیاتر نین لەکوردەکان، ئەی بۆ عەرزی کوردەکان ئێستا زیاترە لەوانی تر؟

با لەوەگەڕێین.
سەیر لێرەدایە، کاتێک داعش بەسوکایەتییەوە پێشمەرگە ئەسیرکراوەکانمان بەناو شارە عەرەبەکاندا دەگێڕێت، بەشیکی زۆر لەنوسەر، رۆژنامەنوس، هونەرمەند، سەرکردەو بەرپرسانی کورد، هەرەشە لەهەموو عەرەب دەکەن، و دەنوسن: حەویجە وێران دەکەین، حەویجەییەکان عەرەبن، دەیانسوتێنین، قەتڵ و عامیان دەکەین.

هەرەشە لەهەرچی عەرەبی ئاوارەیە دەکەن، کەڕووی کردۆتە کوردستان،سوکایەتیان پێ دەکەن و خەڵک هاندەدەن لەدژیان، بێ بیرکردنەوە لەوەی، کە رەنگە و رێتێچووە، مەبەستی سەرەکی داعشیش، لەنمایشی ئەو پێشمەرگانە بەناو خەڵکی شارێکی عەرەب نشیندا، جوڵاندنی رقی نەتەوەیی و هەوڵی خۆشکردنی شەڕی نەتەوەیی بێت.

ئاخر ئەگەر داعش مەبەستی ئەوە بێت، کە زۆر رێیتێدەچێت، لەئێستادا بەرزکردنەوەی شیعاری دژایەتی عەرەب و هەرەشەکردن لەعەرەب، هاندانی داعشە بۆ ئەو گەمە خەتەرناکەی لەدوای نێوان مەزهەبەکان لەنێوان کوردو عەرەبیشدا دەستی داوەتێ.

بۆیە بەبێ دوو دڵی، بەتێگەشتنم لەهەوڵەکانی داعش بۆ دروستکردنی کێشەو خۆ دروستکردنی لەناوکێشەکاندا، لای من ئەو کوردانەی کە ئێستا هەرەشە لەعەرەب دەکەن، و هەرەشە لەعەشایرەکانی حەویجە دەکەن، سەلامەتی عەشایرە عەرەبەکان، دەبەستنەوە بە سەلامەتی پێشمەرگە ئەسیرکراوەکانەوە، ئەوانەن، کە هانی داعش دەدەن بۆ بەردەوامیدانی ئەو گەمەیە، ئەوانەن هانی داعش دەدەن، بۆ شەهیدکردنی ئەو پێشمەرگانە لەناو جەرگەی عەرەب و شارە عەشائیر نشینەکانی عەرەبدا، ئەوانەن بەداعش دەڵێن، پەلە بکە لەو کارەت، ئەگەر پێشمەرگەکان لەناو عەرەبدا شەهید بکەیت، بەخەونی خۆت دەگەیت، کە دروستکردنی شەڕی عەرەب و کوردە.

کەوایە با خوێنەر، هاندەرانی داعش بناسێ، ئەوانە بناسێ کە هانی داعش دەدەن لەزوو شەهیدکردنی پێشمەرگەکان، با ئەوانەشی بێ مەبەست دەنوسن و هەرەشەدەکەن، دوورکەونەوە لەریزی هاندەرانی داعش، بۆ سەلامەتی پێشمەرگەکان دوورکەونەوە لەزمانی هەڕەشە، ئەو پرسە جێبهێڵن بۆ بەرپرسانی کورد و ئەوان بخەنە بەردەم بەرپرسیارەتی خۆیان، و لەجێی هەرەشە لەعەرەب، داوای رێچارە لەوان بکەن، لەجێی هەڕەشە لەعەرەب، دەرگا بەهاوپەیمانان بگرن و داوای ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بۆ رزگارکردنی دیلکراوەکان بکەن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com