بزوتنەوەی ئیسلامی: نابێت حەشدی شەعبی لەناوچە كوردستانییەكان دروست بكرێت
]نوچەنێت.تایبەت:
وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارەی سوپای حەشدی شەعبی هۆشداری دەداتە هەرێمی كوردستان و دەڵێت نابێت كورد ڕێگا بدات حەشدی شەعبی لەناوچە كوردستانیەكان دروست بكرێت.
عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دروست كردنی حەشدی شەعبی لەناوچە كوردستانیەكان، كەوێنەیەكی بۆ (نوچەنێت) نێراوە ڕایگەیاند”سەركردایەتی سیاسی كورد ئەبێ ئاگایانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسەدا بكات و ڕێگە نەدات بەهیچ شێوەیەك ئەو جورە سوپا میللیە لەناوچە كوردستانیەكاندا دروست بكرێت،چونكە بەدڵنیاییەوە لەدەرەنجامدا ئەبێتە سەرئێشەیەكی زۆر گەورە بۆ هێزەكانی پێشمەرگەو هێزە ئەمنیەكانی كورد“.
وەرتی دووپاتی ئەوەی كردەوە كە”یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان ئەبێتە فاكتەرێكی ئەڕێنی گەورە بۆ ڕێگەگرتن لەدروست بوونی هەر هێزێكی دەرەكی و نامۆ لەناوچە كوردستانیەكاندا“.
وتەبێژەكەی بزووتنەوە وتیشی”ئەگەر حكومەتی هەرێمی كوردستان سازش لەسەر ئەو پرسەدا بكات لەگەڵ حكومەتی عێراقی ئەكەوێتە هەڵەیەكی زۆر گەورەوە،چونكە ئەگەر ئەو شەڕەی ئێستاشمان لەكۆڵببێتەوە ئەبێ خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەر ئەگەرێكی تریش،لەبەر ئەوەی پرسە چارەنووس سازەكان نابێ بەسادەییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت و تەسلیمی ئیرادەیەكی نەخوازراو بێت“.