ئێمە جیاوازین
دیار مزوری
سەدان ساڵە گەلی كوردستان لە شەڕدایە. ئەوان،شەڕی سەپێنراو بوون ،دوژمن ھێرشی كردوە و ئێمەش بەرگریمان لە خۆمان كردوە. لەو شەڕانەدا شكستی جەرگبرمان توشبوە بەڵام سەركەوتنی زۆر گەورەشمان بەدەست ھێناوە. ئەوەی دەمەوێت باسی بكەم دوو سەركەوتنی گرنگە، کە هەمیشە بەدەستھێنراون:
یەكەم: دوای ھەموو شكستێك بریارمان داوە ھەستینەوە سەرپێ . خۆمان نەدەینە دەستی قەدەر و زۆرداری دوژمنەكانمان . شۆرشەكانمان توشی شكست بون بەڵام كەوتنی ھەریەكێكیان سەرەتایەك بوە بۆ ھەستانەوە و دەستپێكردنی شۆرشێكی گەورەتر . لە كاتی تەنگانەی گەورەدا لەھەناوی خاكی كوردستاندا سۆزێكی نوێ و لە مندالدانیدا كۆرپەلەیەكی تازە گەشەی كردوە و لەدایك بووە.ئەوەتا دوای هەزاران ساڵ بەرخودان ،ئێمە هەر لێرەین .
دووەم: لە ھەموو جەنگێكدا رەچاوی بەھا مرۆڤی و ئاینی و یاساكانی جەنگمان كردوە. لەوانەیە وەك نەتەوەپەروەرێک ئەمە سەخت بێت، بەڵام وەك مرۆڤ جێگای شانازیە. ئێمە ھەرگیز توندرەو نەبوین. هەرگیز دەمارگیری نەیتوانیووە سەرکەوێ بەسەرماندا،ئەوەتا رێزگرتن لە مرۆڤ بووەتە بەهایەکی ئێمە و نەوە دوای نەوە هەڵمانگرتووە ،چونکە لە بیرمان نەکردووە ،ئێمە بۆ ئازادی مرۆڤ و گەلان خەبات دەکەین.
ئەمرۆش دەبێ لەبیری نەكەین كە ئێمە ھێرشی سەر ھیچ كەس و وڵاتێكمان نەكردوە ، بەڵكو ھێرشكراوەتە سەرمان چونكە ئێمە فاكتەری دروستكردنی ئارامی بووین لەم ناوچە بێ ئارامیەدا. لە سەردەمی شۆرەشی ئەیلولدا زۆر كەسی شۆفینی و دەمارگیری عەرەب ھەوڵیان داوە كە شەڕەكە بكەن بە شەڕی كورد و عەرەب ،بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد و كەسایەتی بارزانی نەمر بە بیرو دووربینی خۆی نەیھێشت ئەو ھەڵەیە بكرێت. لە ھەموو شەڕەكاندا تەنھا یەك دیلی عەرەب نەكوژرا. لە دوای گۆرانی رژێمی شا لە ئێران پیاوەكانی رژێمە تازەكە لە ناوەراستی شەقامەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان خەڵكی بێتاوانی كوردیان لەسێدارە دەدا بەڵام شۆرشی كورد یەك دیلیان نەكوشت. لە راپەرینی 1991 دا یەك دیلی لەشكری عێراق ئازار نەدراو بە دیلی هیچ دەستدرێژیەکی نەکرایەسەر.
ئەمرۆش لە شەری تیرۆردا ئەوان سەری پێشمەرگەكانمان دەبڕن بەڵام پێشمەرگە قارەمانەكانمان نەك ھەر ئازاریان نادەن بەڵكو بەگوێرەی یاساكانی جەنگ و بەھا مرۆڤایەتیەكان ھەڵسوكەوت لەگەل دیلەكانیان دەكەن. بەرای من ،زۆر كەم جار لە مێژودا گەلی كوردستان توشی ئەم جەنگە ترسناكانەی ئەمرۆ بۆتەوە. ئێمە لەسێ جەنگی جیاوازداین كە پەیوەندی راستەوخۆیان بەیەكەوە ھەیە و كاریگەری گەورەیان لەسەر داھاتوی كوردستان دەبێت.
- جەنگی دژ بە داعش: جەنگێكە دژی دەوڵەتێك بەناو بەڵام بێ جوگرافیا و سەركردایەتی دیار. واتە دوژمن ھیچ سنورێكی نیە و لە ھەموو شوێنێكە. سەركردایەتیەكەشی دیار نیە و بێپرەنسیپە و قابلی بەكارھێنانە لەلایەن ولاتانی ناوچە و دونیا.
- جەنگی ئابوری: بەداخەوە سەرەتای ساڵی 2014 نوری مالكی جەنگێكی نارەوای دژ بە كورد بەرپاكرد. ئەمە بوە ھۆی تێكدانی باری ئابوری كوردستان بە گشتی و تاك تاك و خێزانی کورد. كاریگەری ئەم جەنگە ئابوریە تەنھا لەسەر باشوری كوردستان نەبوو بەڵكو لەسەر كوردەكانی رۆژھەڵات و باكوریش بوو،بەڵام كاریگەریەكەی لەسەر رۆژئاوای كوردستان بەھۆی نەمانی ھەلی كارەوە لە باشوری كوردستاندا یەكجار گەورە بوو. سالی 2015 جەنگە گەورەكەی ئابوری دژی ھەموو وڵاتە نەوتیەكانە بەڵام كاریگەریە ھەرە گەورەكە لەسەر باشوری كوردستانە.
- جەنگی دەروونی: داعش و ئەوانەی داعشیان دروست كردوە خەریكن جەنگێكی دەروونی دژ بە ئێمە دەستپێدەكەن. شكستەكانیان لەبەرەكانی شەر بە جەنگە دەروونیەكە قەرەبوو دەكەنەوە. بەكارھێنانی چەقۆ و شمشێر بۆ سەربرینی پێشمەرگەكانمان بەدەستی كوردێكی خۆفرۆش و بەكارھێنانی مەلای كورد بۆ ھەرەشەكردن لە كوردستان و سەرۆكی كوردستان پێیان وایە ترس دروست دەكەن لە ناو كۆمەلگای ئێمەدا. ئەمە شەرێكی دەرونیە پێیان وایە تیایدا سەردەكەون.
گرنگە لەم سێ شەرەدا سەربكەوین. بەرای من لە یەكەم و دووەمدا ئێمە پێویستیمان بە ئیرادەی بەھێزی خۆمان و پشتگیری جیھانی و ناوچەیی و عێراقیە بەڵام لە جەنگی سێیەم واتە دەروونی تەنھا خۆمان دەتوانین سەركەوتن دروست بكەین. ئەویش بە دوو میكانیزمی سەرەكی:
- یەكێك لە ئامانجەكانی ئەو شەڕە دروست كردنی كەسایەتیەكی ترسنۆكە. بۆیە خۆراگری و نیشاندانی ورەیەكی بەرز وادەكات كە ئامانجی سەرەكیان بەدەست نەھێنن.
- ھەوڵ دەدەن ئێمەش دابەزینە ئاستی ئەوان لە درندەیدا. بۆیە دەبێت توشی ھەڵەیەكی وا نەبین. خۆمان دوربخەینەوە لە پێشێلكاری یاساكانی جەنگ. وەك دیل كوشتن كە خۆشبەختانە ئێمەی كورد دوورین لەوە. بەڵام ھەندێك ڤیدیۆی ترسناك لە سۆشیال مێدیادا بڵاو دەكرێنەوە ھەندێك كەس كە لە توڕەیی و قۆڵی ھەستی نەتەوەیی خۆیان شەق لە لاشەی كوژراوەكانی لەشكری درندە دەدەن. گرنگە ئەمەش نەكرێت و نابێت بكرێت.
ھەڵبەت شارەزایانی پەروەردە و پەروەردەی دەرونی باشتر لەوە تێدەگەن كە كاریگەری نێگەتیڤی ئەم جۆرە ڤیدیۆیانە چەند گەورەیە لەسەر تاكەكانی كۆمەڵگا بەگشتی ومنداڵ و نەوجەوان بەتایبەتی. بێجگە لە بلاوكردنەوەی ترس و خەمۆكی و خەوزڕان ھەستی دەمارگیری كۆمەڵایەتیش دروست دەكەن كە لە داھاتودا زەرەری دەبێت بۆ كۆمەڵگاکەمان. لەلایەكی ترەوە مندالەكان بەتایبەتی ئەوانەی باوك و براو كەسی نزیكیان لە بەرەكانی جەنگن و بەردەوام لە ترس و دڵەراوكێدا دەژین. ژیانیان ھەرچەندە ناخۆشكراوە ناخۆشتری لێدێت.
لە كۆتاییدا دەبێت وەزارەتی پەروەردە و رۆشنبیری كاربكەن بۆ دیتنەوەی رێگایەك بۆ سوك كردنی ئەمبارە قورسە دەرونیەی كە رۆژانە منداڵی كورد تیایدا دەژین. لە ماڵەوە ھەوڵ بدەین كەنالەكانی تایبەت بەمنداڵان وهەمەڕەنگ سەیر بكەین. كەمتر لەپێش منداڵ باسی شەھیدو بریندارەكان و وێرانكاریەكان بكەین. لە قوتابخانە چالاكی وەرزشی و ھونەری زیاد بكرێت. پێشبركێی نوسینی ھۆنراوە و چیرۆك و نیگاركێشان دروست بكرێت. بەتایبەتی نوسین و نیگار وا دەكات منداڵەكانمان خەمەكانیان دەربرن.
گرنگە ھەندێك لە تەلەفزیونەكانمان بەرنامەی كەمێك دوور لەو جەنگە پێشكەش بكەن. با كەمێك ژیان ئاسایی بكەینەوە و بەبێ ئەوەی كە ساردبینەوە لە پشتگیری رۆڵە قارەمانەكانمان لەبەرەكانی جەنگ و سیاسەتە سەركەوتوەكانی جەنابی سەرۆكی ھەرێم.