حزبە بەشداربووەكانی حكومەت چۆن رەخنە لەحكومەت دەگرن؟
گۆران: هەرگیز لەگەندەڵیەكان بێدەنگ نابین
كۆمەڵ: رەخنە دەگرین و حكومەتیش بەهی خۆمان دەدەزانین
یەكگرتوو: لەوەزیرەكانی خۆمان دەست پێ دەكەین
یەكێتی: ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت بەشدارە و لەراگەیاندنەكانیشیان هات و هاوارە
پارتی: یەكێتی میدیاكەی تەرخان كردوە بۆ دژایەتی كردنی حكومەت لەكاتێكدا خۆیان لەحكومەت بەشدارن
دڵشادهەرتەلی.نوچەنێت:
هەفتەی رابردوو لەكاتی كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەت لەگەڵ پێنج لایەنەكە،سەرۆكی حكومەت رەختەی لە راگەیاندنی ئەو حزبانە گرت، بەوەی خیتابی راگەیاندنیان لەگەڵ هەڵوێستی بەشداربوونیان لەحكومەت یەكناگرێتەوە. پەرلەمانتارانی ئەو پێنج لایەنە بۆچوونی جیاوازیان لەسەر ئەو رەخنەیە هەیە.
گۆران: هەرگیز لەگەندەڵیەكان بێدەنگ نابین
برزۆ مەجید،پەرلەمانتاری گۆڕان،لەپەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”ئێمە وەكو لایەنەكانی پێشووی ئۆپۆزسیۆن بۆ چاكسازی دروست بووین،بۆ مەسەلەی بەشداری كردنیش لەحكومەت كە دانوستانەكان كراون لەنێوان هەموو ئەو حیزبانەی كە لەحكومەتەكە بەشدارن یەكێك لە بنەما هەرە سەرەكیەكانی دروستكردنی ئەم حكومەتە بنەمای چاكسازی بووە،بۆیە ئێمە وەكو بزووتنەوەی گۆڕان ئەو بنەما سەرەكیەی كەسورین لەسەری چاكسازیە دەبێت بەتەواوی دەستی پێبكرێت و رەنگ بداتەوە و بەردەوامی پێبدرێت لەم كابینەیە،لەهەمان كاتیشدا تەفەهومی ئەوەشدەكەین كە كێشە و قەیران لەكوردستان هەیە”.
بەڵام كاتێك قسە هاتە لەسەر راگەیاندنی گۆڕان،پەرلەمانتارەكەی گۆڕان ئامادەنەبوو وەڵام بداتەوە كەئایا بۆچێ تا ئێستا راگەیاندنی ئەوان حکومەتی بەحکومەتی خۆی نەزانیوە،بۆچی رۆڵی ئۆپۆزسیۆنیان بینیوە لهراگهیاندنهكانیان.
كۆمەڵ: رەخنە دەگرین و حكومەتیش بەهی خۆمان دەزانین
شوكریە شێخانی،پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی،لەپەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت سەرەتا ئەوە روون دەكاتەوە كە ئاشكرابوونی گەندەلییەكان هی پێشووە لەگەڵئەوەشدا وتی”ئێمە هەر گیز لەم گەندەڵیانە بێدەنگ نابین و ئاشكراشیان دەكەین ئەمە شتێكی حەق و راستە چونكە ئەمە قوتی خەڵكە و خۆی لێ بێدەنگ ناكەین،كەبەشدریشمان كردوە لەحكومەت بۆ ئەوە بووە حكومەتێكی یەك ریزی نیشتیمانی پیك بهێنرێت و خزمەت بە ئێیستا و داهاتوی كوردستان بكات،ئەم بەشداری كردنەش مانای ئەوە نییە كە چاوپۆشی بكەین لەناحەقییەكان“.
شوكریە شێخانی وتیشی”راگەیاندمان حكومەتی بەحكومەتی خۆی زانیوە،خشۆمان وەكو ئەندامی پەرلەمان بەنیەتی خراپ باسی شتەكانمان نەكردووە بەڵكو راستیەكانمان باسكردوە،ئێمە بەو مەرجەش چوینەتە ناوحكومەت دەست لەناو دەستی یەك بنێن و گەندەڵیەكان بنبڕ بكەین،چونكە خودی نێچیرڤان بارزانی وتی گەندەڵی هەیە و ئێمەش لەگەڵ ئێوەین و دەست لەناو دەستی ئێوە دەنێم بۆ چاكسازی،كەواتە ئەوانیش دان بەگەندەڵی دا دەنێن دەبێت هەموان پێكەوە هاوكاربن و دەست بكەن بەبەرنامەی چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی“.
یەكگرتوو: لەوەزیرەكانی خۆمان دەست پێ دەكەین
ئەبوبەكر هەڵەدنی،سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی،لەپەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت وتی”لەرووی پیشەیی و پڕەنسیپی نێودەوڵەتیەوە بۆ بابەتی بنبركردنی گەندەڵی یەكەم هەنگاو لەمیدیاوە دەست پێدەكات،دەبێت ئەمرۆ گرفت و كێشە و كەم و كوڕیەكان بخاتەڕوو،ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان بەشداری كردنمان لەحكومەتی بنكە فراوان هەرگیز بەمایەی بێدەنگیمان نایەت،لەوەزیرەكانی خۆشمانەوە دەست پێدەكەین چ جای لەوەزیری ترەوە،ئەوان گەر بیانەوێت بەو حەوت وەزیرە ئۆپۆزسیۆنی كارامان بێدەنگ بكەن ئەمە هەڵە تێگەیشتنێكە لەحكومەتی بنكە فراوان،چونكە تاوەكو ئێستا ئەو بەڵێنانەی كەدراوە لەم كابینەیە هێشتا بەداخەوە نەچونەتە قاڵبی پڕاكتیك و جێبەجێكردنەوە“.
ناوبراو وتیشی”راگەیاندن ئەركی ئەوەیە كە چۆن تیشك بخاتە سەر كەم و كوری و ناتەواویەكان،بەهەمان شێوە ئیجابیات و دەسكەوتەكانیش دەبێت ئیبراز بكات. راگەیاندنی یەكگرتوو ئیشی لەسەر هەردوو لایەنەكە كردووە، بەڵام ئێمە ناكرێت بەبیانووی ئەوەی كە بەشداری حكومەتی بنكە فروانین هیچ نەڵێن“.
یەكێتی: ئۆپۆزسیۆن لەحكومەت بەشدارە و لەراگەیاندنەكانیشیان هات و هاوارە
قادر رەزگەیی،پەرلەمانتاری یەكێتی،لەپەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”هەر پارتێكی سیاسی كە بەشداری كرد لە حكومەت ئەو پارتە بەشێكە لە دەسەڵات ناكرێت ئۆپۆزسیۆن بێت. بۆیە كە تۆ لەدەسەڵات دەبیت واز لەخیتابی ئۆپۆزسیۆن دەهێنت،خیتابت خیتابی دەسەلاتدار دەبێت”.
لەگەڵئەوەشدا ئەو ئەندام پەرلەمانتارەی یەكێتی پێیوایە بەشداربوون لەحكومەت مانای بێدەنگ كردنی پەرلەمانتار نییە،چونكە”پەرلەمانتار نوێنەری خەڵكە دەبێت دەنگ و رەنگی هەبێت و بەدواداچون بكات و بەڵێ و نەخێری هەبێت“.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی نموونە بە راگەیاندنی ئۆپۆزسیۆن دەهێنێتەوە و دەڵێ”باشە ئەو هێزە بۆ لەدەسەڵاتە لەكاتێكدا لە راگەیاندنەكەی هات و هاوارە“.
قادر رەزگەیی سەبارەت بە راگەیاندنی یەكێتی وتی”من بۆ خۆم قسەم لەسەر راگەیاندنی یەكێتی هەیە.ناڵێم راگەیاندنەكەی یەكێتی بەدەرەنیە لەرەخنە و ناتوانم بڵێم دەقاودەق پابەندبووە،بەڵام لەهەمان كاتیشدا راگەیاندنەكەمان پەیامەكەیان لەبەرژەوەندی خەڵك دابووە،زۆرجار هێزە سیاسیەكان لەرێگەی راگەیاندنی سێبەری خۆیانەوە ئەو پەیامەی كەدەیانەوێت دەیخەنەروو“.
پارتی: یەكێتی میدیاكەی تەرخان كردوە بۆ دژایەتی كردنی حكومەت لەكاتێكدا خۆیان لەحكومەت بەشدارن
فەرحان جەوهەر پەرلەمانتاری پارتی، لەپەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”ئێمە وەكو پارتی بەرپرسیاریەتی خۆمان دەكەین و خۆمان بەخاوەنی هەموو حكومەت دەزانین و شەریكین لەو حكومەتە و خۆشمان بەرپرسیار دەزانین،داواش لەلایەنەكانی تر دەكەین كە مادام لە حكومەت بەشدارن دەبێت تەحەمولی ئەو مەسئولیەتە بكەن چونكە شەریكن و ئەو حكومەتەش هی هەموو لایەنەكانە و بەهاوبەشی دروست كراوە بۆیە لەسەریشیان واجبە هەست بەبەرپرسیاریەتی خۆیان بكەن“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتیشی”ماوەیەكە هەستدەكرێت ئەو حیزبانە لەحكومەت بەشدارن لەمیدیاكاندا خۆیان بە ئۆپۆزسیۆن دەردەخەن،ئەمەش زیاتر بۆ چەواشەكردنی خەڵكە و پێیان وایە خەڵك بەوە رازی دەكەن و تەحەمولی كێشە و گرفتەكانی حكومەت ناكەن كە ئەمرۆ حكومەت روبەرویان بوەتەوە،دەیانەوێت لەومەسەلەیەدا خۆیان بەدوربگرن“.
فەرحان جەوهەر،سەبارەت بە راگەیاندنی پارتی وتی”راگەیاندنی پارتی ئەو رۆڵەی نەبینیوە چونكە ئێمە ئۆپۆزسیۆن نین و ئێمە لەدەسەڵاتین و شەریك و بەشدارین لەو دەسەڵاتە،بۆیە ناكرێت شێوازی میدیا و حیزب جیاوازبێت“.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی نموونە بە راگەیاندنی یەكێتی هێنایەوە و وتی”وتی لایەن هەیە راگەیاندنی بەدەر لەرێكەوتنی حكومەت ئاراستە كردوە بەتایبەتی برادەرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو ماوەیەدا زیاتر لەهەموو لایەنێكی سیاسی زیاتر میدیاكەیان تەرخان كردوە بۆ دژایەتی كردنی حكومەت لەكاتێكدا كە خۆیان لەحكومەت بەشدارن“.