مالکى رێگەى دابوو چەکە کیمیاییەکانى ئەسەد لە بەغدا بشاردرێنەوە
نوچەنێت-عەرەبى جەدید
بەرپرسێکى دیارى سەربازى عێراقى لە وەزارەتى بەرگرى عێراقى بۆ “عەرەبى جەدید”ى ئاشکرا کردووە کە مانگى 11ى ساڵى رابردوو بەشار ئەسەدى سەرۆکى سوریا پێشنیارى ئەوەى خستۆتە بەردەم مالیکى کە چەکە کیمیاییەکانى سوریا لە بەغدا بشارێنەوە هەتا تیمە پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان پێى نەزانن و لە تەقاندنەوە و پوچەڵکردنەوە دەرباز ببن.
بەپێى سەرچاوەکە، مالیکى بە پێشنیارەکەى ئەسەد رازى بووە و بڕیاریداوە پرۆسەکە لەلایەن حاتەم مەکسوسى بەرپرسى دەزگاى هەواڵگرى سەربازى عێراقى و چەند کەسێکى تایبەتى ناو نوسینگەى مالیکى و لەناویاندا ئەحمەدى کوڕى نورى مالیکى جێبەجێ بکرێت. شیاوى وتنە حاتەم مەکسوسى لە چەنج رۆژى رابردوودا لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە لەسەرکار لابرا.
سەرچاوەکە تەئکیدى کردۆتەوە کە مالیکى رازى بووە چەکە کیمیاییەکانى ئەسەد بەشێوەیەکى کاتى بهێنرێنە بەغدا، بەڵام دڵنیا نییە لەوەى ئایا ب کردەیى چەکەکان هێنراونەتە بەغدا یان نا.
وەک سەرچاوە بڕواپێکراوەکە وتویەتى “کۆتایى مانگى 11ى ساڵى رابردوو ئەسەد شاندێکى باڵاى ناردە بەغدا کە پێکهاتبوو لە عەقید محەممەد فازیل ئەفسەرى باڵاى هەواڵگرى سوورى و سێ ئەفسەرى دیکە. مالکیش چەند فەرماندەیەکى سەربازى عێراق نزیک لە خودى خۆى بانگهێشتکرد بۆ کۆبوونەوەکە، کە لە نووسینگەى خودى مالیکى لە ناوچەى سەوز بەسترا. لەو کۆبوونەوەیەد بڕیاردرا چەکەکان لەشێوەى پارچە و پاشماوەدا بگوازرێنەوە، نەوەک لەشێوەى چەکدا و بەدرێژیى شێوازى گواستنەوەکە دیاریکرا”.
لە درێژەى وتەکانیدا بەرپرسەکە وتوویەتى هەردوو بنکەى سەربازى موسەننا (ناوەندى بەغدا) و رەشید (باشوورى بەغدا) دیاریکرابوون بۆ حەشاردانى چەکەکان، چونکە ئەو دوو بنکەیە هەم زۆر پتەو و پارێزراون و هەم ئەحمەدى کوڕى نوورى مالیکى راستەوخۆ چاودێرییان دەکات. پێشبینیشى کردووە دواى لەسەرکارلابردنى بەرپرسە سەربازییە نزیکەکان لە مالیکى لەلایەن عەبادییەوە وردەکارى زیاتر ئاشکرا ببن دەربارەى پەیوەندییە نهێنییەکان نورى مالیکى و بەشار ئەسەد لە سەرەتاى سەرهەڵدانى شۆڕشى خەڵکى سووریاوە.
بەرپرسەکە دڵنیا نییە لەوەى چەکەکان بە فیعلى بۆ عێراق گواستراونەتەوە و ئێستا دوور لەچاوى پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان ئەو چەکانە لە بەغدادن، یاخود تەگەرە کەوتۆتە رێگاى گواستنەوەیان. چونکە مانگێک دواى ئەو رێککەوتنە و لە 28ى 12ى هەمان ساڵدا خۆپیشاندەرانى ئەنبار رێگەى سەرەکى زەمینیى عێراق-سوریایان کۆنترۆڵکرد. ئەسەد و مالکیش دەیانویست چەکەکان بە بارهەڵگرى زەمینى بگوازرێنەوە، چونکە رێگاى ئاسمانى سانسۆرى زیاترى لەسەربوو و ئاسانتر بۆ چاودێرانى نێودەوڵەتى ئاشکرا دەبوو.
بەرپرسەکە وتویەتى مالیکى خزمەتێکى زۆرى رژێمەکەى ئەسەدى کردووە و بابەتى ئەو چەکەکە کیمیاییانە تەنیا یەکێکن لە خزمەتەکان. مالیکى بەو کارانەى ئێرانى و رووسییەکانى تەواو خۆشحاڵکردبوو. هەروەک پێیوایە رەنگە ئاشکراکردنى تەواوى خزمەتەکانى مالکى بۆ ئەسەد پێویستى بە لێکۆڵینەوەیەکى نێودەوڵەتیى بێت.
دەبێت بڵێین ئەسەد بە بەکارهێنانى مووشەکى هەڵگرى کڵاوى کیمیایى کردەى کۆکوژى گەورەى دروستکرد، بەجۆرێک لە 21ى ئابى 2013 دا لە غۆتەى شەرقى دیمەشق و بەپێى راپۆرتى نەتەوە یەکگرتووەکان 1400 کەسى مەدەنى کوشت، هەر ئەوەش پاڵى بە ئەمریکاوە نا بژاردەى لێدانى سەربازى لە ئەسەد بخاتە بەرنامەوە، بەڵام لەوکاتەدا رووسەکان پێشنیارێکیان هێنا ئەویش لەناوبردنى چەکەکە کیمیایى و کۆمەڵکوژەکانى ئەسەد بوو لەلایەن یو ئێنەوە. ئاشکرابوونى ئەمکارەى مالیکى، ئەو دەخاتە بەردەم سزایەکى قورسى نێودەوڵەتییەوە.