حزب ستراتیژ و كوردایه‌تی تاكتیك
ئازاد جندیانی
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا دوو شت زۆر سه‌رنجی من ڕائه‌كێشن، یه‌كێكیان به شێوه‌یه‌كی زۆر ئیجابی و ئه‌ویتریشیان زۆر سه‌لبی .
له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕی به‌رگریكردن له كوردستاندا، پێشمه‌رگه به هه‌موو ڕه‌نگ و ده‌نگه‌كانه‌وه له‌یه‌ك به‌ره یان جاری وا له‌یه‌ك سه‌نگه‌ردا پێكه‌وه به‌رگری ئه‌كه‌ن و پێكه‌وه‌ش شه‌هید ئه‌بن . ئه‌م یه‌ك سه‌نگه‌رییه زۆر دڵخۆشمان ئه‌كا و خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی یه‌ك هه‌ڵوێستی و یه‌كگرتوویی ڕیزه‌كانی كوردایه‌تی له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان لێكی ئه‌ده‌نه‌وه، هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكی پێشمه‌رگه و گه‌ریلا و شه‌رڤانان شادمانی به‌رپا ئه‌كا، وه‌ك چۆن به پێچه‌وانه‌شه‌وه شه‌هید كه‌وتنی هه‌ر یه‌كێكیشیان پرسه‌داریێكی فراوان و كه‌م وێنه كوردستان ئه‌ته‌نێته‌وه . به‌ڕاستی ئه‌مه دوو دیارده‌ی واقیعی جێی ستایشن .
به‌ڵام هێنده‌ی پێ ناچێ، ئه‌و ئاماژانه له‌به‌ردیدی خه‌ڵكی كوردستاندا ئه‌گۆڕێن به ئاماژه‌ی مه‌ترسیدارو پێچه‌وانه‌و ناڕه‌حه‌ت كه‌ر. ئه‌مه‌ش له وه‌ختێكدا كه حزبه‌كان و هه‌وادارانیان له فه‌یسبووك و له میدیادا ئه‌كه‌ونه وێزه‌ی یه‌كتر و چی وشه‌ی ناشایسته‌و چی تۆمه‌ت و چی سوكایه‌تیكردنه به یه‌كتری و به حزبه‌كانی یه‌كتری ئه‌كه‌ن، دڵنیام ئه‌م حاڵه‌ته نموونه هێنانه‌وه‌ی ناوێ و هه‌موو كوردستان هه‌ستی پێ ئه‌كا و ئه‌یبینێ، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه وایه شه‌ڕی ناوخۆ به شێواز‌و وه‌سائیلی تر به‌رده‌وام بێت .
حزبه‌كان هیچیان ناتوانن له به‌رده‌وامبوونی ئه‌م شه‌ڕه گه‌رمه له هۆكاره میدیاییه‌كاندا خۆیان بێ به‌ری بكه‌ن و هه‌ر یه‌كه به‌رپرسیارێتییه‌كه بخاته ئه‌ستۆی ئه‌وی تر یان بیخاته ئه‌ستۆی هه‌وادارانی. یان وا نیشان بدرێ كه سه‌ركردایه‌تی هیچ ڕۆڵێكی نییه. هێندێ جار ته‌فسیری واشمان گوێ لێ ئه‌بێ كه خۆ ئه‌وه شه‌ڕ نیه‌و ته‌نیا جۆرێكه له شه‌ڕی سارد، بیژگه له‌وه‌ش ئه‌بیسین كه گوایا ئه‌وه‌ی هه‌وادارانی حزبێك ئه‌یكا له ئه‌نجامی ئاكارو ڕه‌فتاری خراپی ئه‌م یان ئه‌و حزبه و ته‌نیا كاردانه‌وه‌یه، یانی هیچ حزبێك ئه‌وه‌ی میدیاكانی، سۆسیال میدیای هه‌وادارانی و جارجاره سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مانتارانیان ئه‌یكه‌ن به كاردانه‌وه وه‌سفی ئه‌كه‌ن . لێره‌دا پرسیارێكی ساده به‌ڵام مه‌نتقی دێته پێشه‌وه ،كه ئه‌دی ئه‌وه كێیه كاره‌كه ئه‌كا و ئه‌و هه‌موو كاردانه‌وه‌یه‌ی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه ؟ جارجاره ئه‌وه‌ش ئه‌بیسین، كه حزبێك ( هه‌موو حزبه‌كان ) به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان ئه‌كه‌ن .بێگومان هه‌ر حزبێك مافی خۆیه‌تی به پێی بنه‌ماكارپێكراوه‌كان، به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بپارێزێ و ڕۆڵی خۆی له كۆمه‌ڵگادا كاراتر‌و باڵاتر بكا .به‌ڵام ئه‌مه ئه‌بێ مه‌رجداربێت كه به‌رگریكردن له به‌رژه‌وه‌ندییه حزبیه‌كان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان یه‌ك بگرێته‌وه‌و نه‌بێته دژبه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردایه‌تی .به داخه‌وه زۆرجار ئه‌و دوو به‌رژه‌وه‌ندییه، واتا به‌رژه‌وه‌ندی كوردایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان به‌ریه‌ك ئه‌كه‌ون، مه‌به‌ستم له به‌رژه‌وه‌ندی حزبه‌كان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌یه، كه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی كوردایه‌تی دانه‌ڕێژراون و ئه‌وله‌ویاته‌كان له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما، لای ئه‌م یان ئه‌و حزب ریزبه‌ند نه‌كراون .
ڕه‌نگه هێندێ قۆناخی جیاواز هه‌بووبن یان دیسانه‌وه بێنه پێش، كه ڕه‌پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی حزب عه‌یب نه‌بێ و له دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردایه‌تی نه‌كه‌وێته‌وه، به تایبه‌ت له وه‌ختی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، به‌ڵام ئێستا، واتا له‌م هه‌ل ومه‌رجه‌دا كه هه‌ڕه‌شه‌ی زۆر له‌به‌رده‌مدایه‌و ده‌رفه‌تی زۆریش سه‌ره‌تاتكێ ئه‌كا، حزبه‌كان چۆن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كوردایه‌تیدا ئه‌گونجێنن؟
له‌و باره‌وه ڕه‌خنه‌م له هه‌موو حزبه‌كان هه‌یه، به حزبه‌كه‌ی خۆشمه‌وه، كه به‌و شێوازه‌ی له ئاستی میدیا و سۆسیال میدیادا كار ئه‌كه‌ن، ڕێگر ئه‌بن كه تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌ده‌وری بنه‌ماكانی به‌رژه‌وه‌ندی كوردایه‌تی كۆببنه‌وه‌و په‌ره‌ی پێ بده‌ن . گه‌روانیه ئه‌م هه‌موو مشت ومڕ و ململانێی نابه‌جێیه له میدیا‌و سۆسیال میدیا له‌پای چی و خزمه‌ت به چی ئه‌كا ؟ ئه‌م باسه زۆر هه‌ڵئه‌گرێ، به‌تایبه‌ت گه‌ر بیبه‌ستینه‌وه به ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندییه جیهانییه‌كان و به تایبه‌ت ئقلیمییه‌كان، كه ئێستا له‌م ناوچه‌یه‌دا كۆبوونه‌ته‌وه، كه كوردستان سه‌نته‌ره‌كه‌یه‌تی و هێزی پێشمه‌رگه‌و گه‌ریلا و شه‌رڤانیش هێزی سه‌رعه‌ردن بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆترین و مه‌ترسیدارترین فاكته‌ره‌كانی ململانێكه .
دوا قسه‌م ئه‌وه‌یه، كه حزبه‌كان، هه‌موو حزبه‌كان له‌م قۆناخه‌دا ئه‌بێ میتۆدی گونجاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردایه‌تی به‌قازانجی به‌رژه‌وه‌ندییه حزبییه‌كانی خۆیان، بگۆڕن به میتۆدی گونجاندنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی حزبی خۆیان به قازانجی به‌ورژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردایه‌تی .
به داخه‌وه‌م، دیسانه‌وه هیوادارم سه‌داسه‌د هه‌ڵه‌بم، به‌ڵام نایشارمه‌وه له‌م هه‌راوهۆریای حزبایه‌تییه‌دا، ئه‌وه‌ی ئه‌یبینم ڕه‌پێشخستنی به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی حزب ستراتیژ بێت و كوردایه‌تی تاكتیك .هیوادارم كه‌سانی چالاكی ناو حزبه‌كان پێچه‌وانه‌كه‌ی بۆ من و بۆ ته‌واوی پێناوانی كوردایه‌تی بسه‌لمێنن .