وهزیری كشتوكال بۆ نوچه نێت: لهرابردوودا له 1،8% بودجه بۆ كشتوكاڵ تهرخان كراوه 
دڵشادهەرتەلی- نوچەنێت:
عەبدولستار مەجید،وهزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حكومهتی ههرێمی كوردستان،لە دیمانەیەكی تایبەت بە(نوچەنێت)تیشكدەخاتە سەر نزمبونەوەی نرخی نەوت و گرنگی خاكی كوردستان بۆ كشتوكاڵ و كردنی کشتوکاڵ بنەمایەکی باشی ئابوری هەرێمی کوردستان و دەڵێت،ئاسایشی ئابووری هەرێمی كوردستان ئەگەر تەنها پشت بەنەوت ببەستێت دروست نیە چونكە نەوت توشی قەیران بوەو نرخی زۆر دابەزیوە و لەوانەیە بەهۆی بڕیارێكی سیاسیەوە نەوتمان هەر لێوەرنەگیرێت.
نوچەنێت:نرخی نەوت دابەزێ،ئەوە سەلما کە پشت بەستن بەنەوت بەتەنها هەڵەیە،تا کەی ئێوە ئەتوانن کشتوکاڵ بکەنە بنەمایەکی باشی ئابوری هەرێمی کوردستان؟
عەبدولستار مەجید: پشت بەستن بەنەوت دروست نییە. هەرێمی كوردستان قازانج ناكات،چونكە ئاسایشی ئابووری هەرێمی كوردستان ئەگەر تەنها پشت بەنەوت ببەستێت ئەوا نەوت توشی قەیران بووە و نرخی زۆر دابەزیوە. لەوانەیە بەهۆی بڕیارێكی سیاسیەوە نەوتمان هەر لێوەرنەگیرێت. كوردستان هەرێمێكی كشتوكاڵیە لەتوانای دا هەیە خۆراك زۆر لەوەی زیاتر ئێستا خەڵك لەهەرێمی كوردستان هەیە چەند قاتی خۆی دابین بكات. هەرێمی كوردستان خاك وئاوەكەی بەشێوەێكە كە دووەم وڵات بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای سودان كە خاكەكەی زۆر بەپیت و بەرەكەت بێت كە بشێت بۆ كشتوكاڵ و پشت پێبەستن بەكشتوكاڵ و گەیشتن بەئاسایشی خۆراك و ئاسایشی ئاو.
پێویستە لەبەر ئەم هۆكارانە ئەولەویەت بدرێت بەكەرتی كشتوكاڵ. ئێمە ئیستا توانیومانە 10% داهاتی نەتەوەی دابین بكەین كە ئەوە زۆر كەمە. هۆكارەكەشی ئەوەیە تائێستا هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم گرنگیان بەكەرتی كشتوكاڵ نەداوە، بەتایبەتی لەرووی بودجەكەیەوە كەبودجەكەی لەرابردو زۆر زۆر كەم بووە بەهی 2014ەوە كە لە 1،8% بوو،ئەگەر بتەوێت وڵاتێك كشتوكاڵی بێت و لەسەر پێ خۆی رابوەستێت و بگاتە ئاستی بژێوی پێویستە لە 10%ی بودجەی گشتی بەسەرەوە بۆ دابنرێت چونكە لە رابردوو 1،8% دانراوە،ئەوەش مانای ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم گرنگی بەكەرتی كشتوكاڵ نەداوە. هەروەها دەبێت سنورێك بۆ زیادەڕەوییەكان دابنرێت و دەستی وەزارەت ئاوڵابكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و عەقدكردن و تەجاوزاتی زەوی و زارو بەرهەمی خۆماڵی ئێمە لە هەموو ئەوانە توانامان هەیە بتوانین كشتوكاڵ بكەینە سەرچاوەیەكی سەرەكی داهات نەك تاكە سێكتەر بریتی بێت لەنەوت بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووری.
نوچەنێت:بەبڕوای تۆ چەند ساڵتان بۆ ئەوە ئەوێ کشتوکاڵ بکەنە بنەمایەکی باشی ئابووری هەرێمی کوردستان؟
عەبدولستار مەجید:ئەگەر بودجەیەكی شایستە دابین بكرێت بۆ وەزارەتی كشتوكاڵ و حكومەت و پەرلەمان بەگشتی بگەنە ئەو قەناعەتەی كە پشگیرێكی باشی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بكەن،لەوەی بیكاتە تاكە سێكتەری یەكەم بۆ دابین كردنی ئاسایشی خۆراك و ئاو. ئەوكاتە ئێمە پێویستمان بە نزیكەی 4 تا 5 ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی بەم ئامانجە بگەین.
نوچەنێت:تا ئێستا سەرۆکی حکومەت تاچەند پشتیوانی هەوڵەکانتە و گوێی بۆ گرتوی؟
عەبدولستار مەجید:سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی خوێندنەوەی وتاری خۆی لە كاتی سوێندن خواردنی یاسای بۆ كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە نابێت تاكە سێكتەر بۆ ئاسایشی ئابووری تەنها نەوت بیت. پێویستە گرنگی بە سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی بدرێت. لەم روەوە چاوەریێ ئەوە دەكەین كە حكومەت هەناگاو بنێت و ئیش و كارەكانی بنیات بنێت. ئەوەی تائێستا ئێمە بیستومانە لەسەرۆكی حكومەت پیشگیری كردن و هاوكاری كردن بووە، بەڵام دیارە ئیمە كە بەقەیرانی داراییدا تێپەریوین زۆربەی هەرە زۆری ئەو شتانەی توانیومانە بیكەین و پلانەكانمان بۆ ئەوەی بە ئامانجی ئاسایشی خۆراك و ئاو بگەین پێویستی بەبودجەیەكی شایستە و گونجاو هەیە تائیستاش ئەمە نەبووە. لەرووی كردەیشەوە تائیستا مەعلوم نییە،بەڵام ئومێدەكەم كە دیارە وەكو بڕیاریان داوە و گوێمان لێبووە پشتگیری تەواوی كەرتی كشتوكاڵ دەكەن. بەتایبەتیش زۆر پێویستە لەم قۆناغەدا كە نەوت توشی قەیران بووە دەبێت وا لەهەموو لایەكمان بكات پێداچونەوە بە بۆچونەكانمان بكەین سەبارەت بەئابووری هەرێمی كوردستان. تائێستا وەكو وەزارەت هیچ كێشەیەكمان نەبووە كەدەستمان بگیرێت و كۆسپ و لەمپەرمان بۆ دروست بكرێت. هەركاتێكیش شتێكی وابێت هەوڵدەدەین چارەسەری بكەین،ئەگەر نا زۆر بەئاسانی و ئاسایی و رون و راشكاوی بۆ ری گشتی روونی دەكەمەوە.