داعش لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان ئیحراج ده‌كات؟

0

داعش لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان ئیحراج ده‌كات؟
ئه‌ندامێكى مه‌كته‌بى سیاسى كۆمه‌ڵ: داعش ئه‌ركى هه‌موو لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانى قورس كردووه‌3islamyaka
دڵشادهەرتەلی.نوچەنێت:
دواى ئه‌و كرده‌وه‌ تیرۆریستانه‌ى كه‌ داعش رۆژانه‌ ئه‌نجامى ده‌دات، لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كان له‌هه‌موو جیهان و له‌كوردستانیش ده‌كه‌ونه‌ ژێر پرسیارى جه‌ماوه‌ره‌وه‌، بۆیه‌ حزبه‌ ئیسلامییه‌كانى كوردستان پێیانوایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى داعش كارى ئیسلامى سیاسى قورستر بووه‌
نازم عەبدوڵڵا،ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێکدا بۆ نوچەنێت وتی”خەڵكی ئێستا هۆشیارێكی هەیە، هەتا لایەنە سیاسیەكان و لایەنی غەیری ئیسلامی و جەماوەر جیاوازی دەكەن لەبەینی لایەنە ئیسلامییە رەسەنەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ داعش، مەرگەر هەندێك خەڵكی هەڵە تێگەیشتوو و دڵ نەخۆش نەبێت“.
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ وتیشى ”داعش زەرەرێكی گەورەی گەیاندوە بەئیسلام و هەروەها بەلایەنە ئیسلامییەكان و پێگەی ئیسلام لەناو خەڵك و جەماوەرو میللەت دا، ئیسلامی ناشیرین كردووە، موسڵمانانی ناشیرین و ئیحراج دەكات،زەرەریان زۆر زۆرە و قازانجیان نییە، بۆیە ئەم تەوژمەی داعش گرتویەتیە بەر لەزەرەری ئیسلام موسڵمانان تەواو بووە“.
هەر لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا وەرتی، وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”ئەو شێوازە كوشتنەی كە داعش دایهێناوە، پێچیەوانەیە لەگەڵ هەموو بنەما رەسەنەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام. بۆیە بەدڵنیایەوە كاریگەری زۆردەكاتە سەر رەوتە ئیسلامییەكان بەشێوەیەكی گشتی، ئاستی جەماوەری هێز و لایەنە ئیسلامیەكانی لەسەرتاسەری جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان دائەبەزێنێت. پێویستە هێزە ئیسلامیەكان هەڵوێست و مەوقیفێكی رۆشنیان هەبێت لەبەرامبەر هەندێك كردەوە كە لەراستیدا ئەم كردەوانە جگە لە سوكایەتی و بێرێزی كردن بەرامبەر بەبنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام هیچ مەفهوم و دەلالەتێكی تر نابەخشێت“.
وتەبێژەكەی بزووتنەوە وتیشى”ماوەیەك لەمەوبەر حەمە سەعید حەسەن نامەیەكی ناردووە بۆ سەرۆكی هەرێم كەدەڵێت پێویستە بەزووترین كات بڕیاربدەن كە حیزبە ئیسلامیەكان لەهەرێمی كوردستان هەڵبوەشێنەوە. لەهەمان كاتیش پێویستە لایەنە عەلمانی و لیبرڵیەكان و دیموكراتخوازەكان زو ئازادیخوازەكان لەو رەوتە ئیسلامیەكانی كوردستان تێبگەن كە ئەو رەوتە ئیسلامیانە بەهیچ شێوەیەك پشگری لەرەوتێك ناكەن كە ئیسلام بەكاردەهێنن بۆ كۆمەڵێك مەرامی موخابەراتی نێودەوڵەتی یان مەرامی هەندێك كەس كە لەپەنای ئیسلام و بەسیماو دروشمی ئیسلامی دەیانەوێت ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی موسڵمان بشێوێن و تێك بدەن”. ئه‌و به‌رپرسه‌ى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى له‌سه‌ر قسه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێ” هەر وەكو چۆن داعش خەتەرێكی زۆر گەورەیە لەسەر كۆمەڵگاكان بەهەمان شێوەش لەبەرامبەردا هەندێك كەسی عەلمانی هەیە فكری ئەوان خەترێكی گەورەی لەسەر بەیەكەوە ژیان و چەمكی ئازادی بیرو رادەربرین دروست كردوە بۆیە دەبێت بەهەموومان خزمەتێك بەكۆمەڵگای كوردستان و بەرەوتە ئیسلامیەكان بكەین“.
لەلایەكی ترەوە هەر سەبارەت بەهەمان بابەت رێبوار سەید گوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”ئەو پرسیارەو زۆرتر بۆ جەماوەر و خەڵكی غەیری یەكگرتوو دروست بێت كە ئایا داعش نابێتە هۆكاری كەم بوونەوەی جەماوەری ئێمە. ئێمە یەكەم شەهیدی دەستی تیرۆر و بیری توندڕەوی وتیرۆرستی بووین لەكوردستان مامۆستا فوئاد چەلەبی لەناومزگەوت دا شەهیدكرا بەدەستی ئەو جۆرە فیكر و تێگەیشتنانە. ئەوەی ئێستاش داعش كردویەتی. هەر بوونی ئێمە لەسەرمه‌ننهەجی میانەڕەویەتی و وەسەتیەت كە یەكگرتوو راپەرایەتی دەكات هەر ئەوە خۆی لەخۆیدا باشترین وەڵامە بۆ ئەو پرسیارە. ئەگەر ئەو فكرەیە نەبوایە خەڵكی ئیسلامی لەچاو داعش دەناسی،بگرە تێڕوانینی تریش هەیە لەناو كوردستان بەهەمان نەفەسی داعش خەڵك بەكافردەكەن و لەدین دەریان دەكەن. ئەمجۆرە بیركردنەوانە نەخزمەت بەپێكەوە ژیانی خەڵكی كوردستان و نەبەفیكری موسڵمانی خەڵكی كوردستان دەكات“.
داعش ئەركی لایەنە ئیسلامییەكانی زۆر قورس و گران كردوە
نازم عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی وتیشی” بەدڵنیایەوە داعش ئەركی لایەنە ئیسلامییەكانی بەگشتی لە جیهان و بەتایبەتی لە كوردستان زۆر زۆر قورس و گران كردووە، چونكە تۆ دەبێت جارێكی تر بیت فۆرماتێكی هەتا ئیسلام و پێناسەێكی تری بكەی بۆ خەڵك. داعش كۆمەڵێك شتی هەیە دێن بەناوی ئیسلامەوە دەیكەن و ئیسلام لێ بەریە. ئێمە دەبێت جارێكی تر ئەوە بسڕینەوە كە پێشتر ئێمە ئەو قۆناغەمان بڕی و تازە گەڕاندوینەتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم و خاڵی سفر. دەبێت جارێكی تر بێن پێناسەی ئیسلام بكەینەوە بۆ خەڵك“.
عەبدوڵڵا وەرتی وتەبێژی بزووتنەوە وتی”بەدڵنیایەوە داعش هەنگاوی داهاتوی هێزە ئیسلامییەكان هەنگاوێكی زۆر سەخت و دژوارە بە هۆی بڵاوبونەوەی هەندێك مەفاهیم و بیرو بۆچون كە ئەم گروپانە پێ هەڵدەستن و بڵاودەبێتەوە لەناو كۆمەڵگا،ئەوكات دەبێت هێزە ئیسلامیەكان هەر سەرقاڵی بەرگری كردن بن لە هەندێك مەفاهیم وەكو ئایا كەنیزە لەئیسلام دا هەیە یان نیە؟ئایا فەرهەنگی سەربڕین لەئیسلام داهێنراوە یاخود لە ئیسلام دا دانەهێنراوە؟ئایا چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئایینەكانی تر وەكو مەسیحی و یەزیدی و یەهودی ئایا ئەوە مامەڵەیەكی لێبوردەیی و پێكەوە ژیانیان لەگەڵ ئەنجام دەدرێت یاخود سرینەوەیان لەسەر نەخشەی مرۆڤایەتی،وەكۆمەڵی مەفاهیمی تر،ئێستا هێزە ئیسلامییەكان تەنانەت لەسەركردەكان و جامەوەرو قاعیدە كەوتونەتە بەرگری كردن لەجیاتی بڵاوەپێكردنی بانگەوازی ئیسلامی یاخود دانانی نەخشەرێگایەك بۆ دەعوەی ئیسلامی و كاری ئیسلامی یا بۆ رەوت و تەوژمە ئیسلامیەكان كەبتوانن لە داهتودا كاری لەسەر بكەن“.
بەرپرسی مەكتەبی راگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامیش وتیشی”نەخێر داعش رێگای خەباتی سەختر نەكردوین. ئێمە حیزبێكی ترین و داعش شتێكی ترە. ئەوەی كە داعش دەیكات دژی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە بەپلەی یەكەم،دژی ئینسانیەتە،دژی هەموو تێڕوانینێكە كە بیەوێت ئازادبێت. ئەو شتانەی كەوا رێكخراوی داعش دەیكات لای هەموو كەسێك مەرفوزە، ته‌نها ئه‌گه‌ر كەسانێك نەبێت كە وەكو ئەوان بیربكەنەوە.خەڵكی تریش هەیە لەناو كوردستان بەهەمان تەرزی داعش مامەڵە لەگەڵ خەڵكی دەكات و دەیان نێرێت بۆ جەهەنەم و بەكافریان دەكات. ئەم جۆرە بۆچونەش هەر هەڵەیە كە لەناو خەڵكدا باوەو خەڵێك هەیە دوای ئەم فیكرەیە كەوتون و دژایەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەكەن لەكاتێكدا خۆشی بە موسڵمان دەزانێت“.
دەبێت ئیسلامیەكان كرای جدی بكەن بۆ سرینەوەی كاریگەری داعش
نازم عەبدوڵڵا ئاشکراشی دەکات ”ئەمڕۆ ئەركی لایەنە ئیسلامییەكانە زۆر بەجدی پێداچوونەوەیەكی عام بەفیكری ئیسلامی بكەن بۆ ئەوەی خەڵك بەهەڵە لەئیسلام حاڵی نەبێت. ێناسەیەكی تری ئیسلام بكەنەوە بۆ خەڵك لە چوارچێوەی قورئان و فەرمودە راستەكانی پێغەمبەر،ئێمە نابێت بێن هەندێك هەڵەی مێژووی بكەین بە ئیسلامەوە،چونكە مێژوو بۆ خۆی مێژووی ئیسلام نییە،بەڵكو مێژووی موسڵمانانە هەڵە و راستی تێدایە. باش و خراپی تێدایە. ئێمە نابێت بڵێن ئەمە مێژووی ئیسلامە بەڵكو دەبێت بڵێن مێژووی موسڵمانانە.هەروەها وەكو لایەنە ئیسلامیەكان دەبێت جارێكی تر بێن بەروونی فیكر و بۆچونی خۆمان دەربارەی كۆمەڵگا و لایەنەكان و غەیری موسڵمانان و پێكەوە ژیان و نەتەوایەتی و میللەت و گەل و ئازادی و ئافرەت و ئابووری پێناسە بكەینەوە بۆ خەڵك و جەماوەر و رای گشتی“.
عەبدوڵڵا وەرتی،جەختیشی لەسەر ئەوەكردەوە كه‌”پێویستە هەڵمەتێكی بەرفراوان لەسەرتاسەری جیهانی ئیسلامی و بەتایبەتی لەهەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت و ئەو هەڵمەتە خاڵ بخاتە سەر پیته‌كان بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ئەفكار و بیروبۆچونانە كە لەناوگەنجی موسڵمان و سەرجەم چین و توێژەكان تەشەنەیان كردوە رۆشن بكرێنەوە یاخود بیان سرینەوە كە هەندێك لایەن لەسەر رەوتی ئیسلامی دروستیان كردوە“.
رێبوار سەیدگوڵیش پێیوایه‌ سرینه‌وه‌ى فیكرى داعش ته‌نها به‌هێز و ئه‌گه‌رى سه‌ربازى نابێت، ده‌ڵێ” وتی” دەبێت ئێمە هۆشیارى جەماوەر و خەڵكی خۆمان بكەینه‌وه‌ كەوا ئەو جۆرە بۆچونەی كەوا خەڵك بەكافر دەزانن و دەیبەنە جەهەنەم ئەمە دوورە لەبنەماكانی ئیسلام و عەقیدەی ئیسلام، ئێمە دەڵێن ئیسلام هەر ئیسلامە و ئیسلامی كۆن و تازە نییە،بەڵام دەڵێن فكری كۆن و نوێ هەیە و ئێمە دژی هەموو فكرەیەكین كەزەری هەبێت بۆ مرۆڤ و پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی نێوان لایەنەكان و پێكهاتەكانی غەیری موسڵمان لەكوردستان“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com