واشنتن پۆست نهێنیەكانی ژیانی هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی ئاشكرا دەكات
نوچەنێت- واشتن پۆست
واشتن پۆست راپۆرتێكی دەربارەی “سەجا دلێمی” بڵاو كردەوە كە ئێستا لای دەسەڵاتدارانی لوبنان دەستبەسەرە و وەك دەوترێت هاوسەری پێش
ووی ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی داعش بوە.
راپۆرتەكە پشتبەستو بە لێدوانی بەرپرسە سەربازیەكان ئەوە ئاشكرا دەكات كە دلێمی ناسنامەی راستەقینەی خۆی شاردوەتەوە و ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختەی بەكارهێناوە كە گوایە هاوڵاتیەكی سورییە بە ناوی “مەلەك عبدوڵا”، لە دواییدا بۆیان دەركەوتوە كە ئەم ژنە سەجا دلێمیە و هاوڵاتیەكی عێراقیە و پێش چەند ساڵێك بۆ ماوەی سێ مانگ هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی بوە.
سوپای لوبنانی لە مانگی یانزەی ساڵی پاردا دلێمی لەگەڵ كچێكی كە لە ئەبوبەكر بەغدادیە دەسگیر كرا.
راپۆرتەكە دەڵێت دلێمی بەلایەنی كەمەوە سێ جار هاوسەرگیری كردوە و لە زۆر وڵاتی ناوچەكە ژیاوە، بەرپرسە سەربازیەكان بە ژنێكی بەهێز و خاوەن ئیرادە و سەربەخۆ وەسفیان كردوە.
لە ر اپۆرتەكەدا هاتوە كە دلێمی لە ساڵی رابردوودا سەدان هازار دۆلاری بۆ جەنگاوەرە سوننەكانی سەر سنوری سوریا و لوبنان گواستوەتەوە.
بەرپرسە سەربازییەكان دەڵێن بۆ دلێمی كە لە سییەكانی تەمەنیدایە زۆر ئاسان بوە بچێتە ناو كەمپەكانی ئاوارەكانی سوریا لە شاری عرسالی باكوری لوبنان، بەرپرسە لوبنانیەكانیش دەڵێن كە حەمید دلێمی باوكی سەجا پاڵنەری سەرەكی بوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدادی بكات.
بەرپرسە لوبنانیەكان دەڵێن دلێمی ژنێكی جوانە و لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا ورەیەكی بەرزی هەبوە.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە دلێمی پێش ئەبوبەكر بەغدادی هاوسەری پیاوێكی تری عێراقی بوە و دوو كوڕی لێی هەیە، بەڵام ئەو كچە پێنج ساڵانەی كە لەگەڵیدا بوە كچی بەغدادییە.
بەرپرسە لوبنانیەكان دەڵێن ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەی دلێمی بەشداری چالاكیە چەكداریەكانی عێراق و سوریایان كردوە، لەوانە باوكی دلێمی كە بەیعەتی بە داعش دا و لە بەرەكانی جەنگدا لە حمس كوژرا.
بەپێی لێدوانی بەرپرسە لوبنانیەكان كە رۆژنامەكە گواستویەتیەوە، دلێمی بەلایەنی كەمەوە 200 هەزار دۆلاری پێگەیشتوە لەرێگەی نوسینگەكانی حەواڵە كردن و دەزگا خێرخوازییەكانەوە و پاشان دابەشی كردوە بەسەر چەكدارەكاندا.
هەواڵگری لوبنان لە رێگەی ئاماژەیەك كە لە ئاژانسێكی هەواڵگری رۆژئاواییەوە پێیگەیشتوە توانیویەتی چالاكیەكانی دلێمی ئاشكرا بكات.
رۆژنامەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی ئەمنی دیارەوە گواستویەتیەوە و دەڵێت پشكنینی DNA بۆ دلێمی و كچەكەی ئەنجامدراوە و لەگەڵ DNA ئەبوبكر بەغدادی بەراورد كراوە بە یارمەتی ئاژانسێكی ئەمریكی كە ناوی نەهێناوە، دەركەوتوە كە كچی ئەبوبەكر بەغدادیە.