وەزارەتی ئەوقاف مەلا شوانی فەسڵکرد
نوچەنێت.ههولێر:
دوای ئەوەی چەند مانگێكە چووەتە نێو رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، ئەمڕۆ وەزارەتی ئەوقافی حکومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانی دەركردنی بۆ مەلا شوان كوردی، دەركرد.
كەمال موسلیم، وەزیری ئەوقافی حکومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو ئەوەی خستەڕوو، كە ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی شوباتی 2015، فەرمانی دەركردنیان بۆ مەلا شوان دەكردوە، ئەو گوتی “هەر كەسێك لەدەوام داببڕێت، ئێمە بەپێی یاسا ئاگادری دەكەینەوە، لەماوەیەكدا پەیوەندی بەدەوامەكەیەوە بكات، ئەگەر نەیكرد دەردەكرێت، لەگەڵ ئەو مەلایەش بەو جۆرە مامەڵەمان كردوە، بەپێی یاسا ئەمڕۆ فەرمانی دەركردنەكەیمان بۆ دەركردوە”.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی ئەوقاف ئەوەی بۆ ههمان سایت روونكردەوە، كە مەلا شوان كوردی، دەرچووی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەو گوتی “بەپارەی خۆمانو لە ماڵی خۆماندا دوژمنێكمان پێگەیاند”.
ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەشكرد، كە درەنگكەوتنی دەركردنی مەلا شوان، پەیوەندی بەوەوە هەبوو “وەزارەتی ئەوقاف لەبیری كردووە ئەو مەلایە دەربكات، تا خۆی دەرنەكەوت و هەڕەشەی نەكرد، وەزارەتی ئەوقاف بیری نەبوو دەری بكات، هەر بۆیە ئەمڕۆ بە پەلە پەل فەرمانی دەركردنیاندا”.
مەلا شوان كوردی لەیەكێك لەمزگەوتەكانی ناحیەی دارەتووی نزیك هەولێر پێشنوێژ و وتارخوێن بوو، نزیكەی سێ مانگ لەمەوبەر چووە نێو چەكدارانی داعشەوە، لەچەند رۆژی رابردووشدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك لە گرتەیەكی ڤیدیۆیدا دەركەوت و هەڕەشەی داگیرکردنی کەرکووک و هەولێری كرد.