”له‌كۆی یه‌ك ملیۆن و 680 هه‌زار مووچه خۆرى هه‌رێم ته‌نها 700 هه‌زاریان ده‌وام ده‌كه‌ن“
نوچەنێت.تایبه‌ت:
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت،له‌هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیۆن و 680 هه‌زار كه‌س موچه وه‌رده‌گرن،به‌ڵام ته‌نها 700 هه‌زاریان ده‌وام ده‌كه‌ن.
ساڵانه به‌شێكی زه‌به‌لاحی بودجه‌ی هه‌رێم بۆ موچه‌خۆران ده‌چێت به‌جۆرێك نه‌ك ئاستی ستانداری تێپه‌ڕاندووه به‌ڵكو كێبڕكێی ژماره‌ی پێوانه‌یی ده‌كات، له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایین.
سۆران عومه‌ر، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان به‌نوچه‌نێتی راگه‌یاند”له‌هه‌رێمی كوردستان یه‌ك ملیۆن و 680 هه‌زار كه‌س موچه وه‌رده‌گرن به فه‌رمانبه‌ر و خانه‌نشینی مه‌ده‌نی و سه‌ربازیه‌وه، له‌و ژماره‌یه‌ش ته‌نها 700 هه‌زاریان فه‌رمانبه‌ری فیعلین و له فه‌رمانگه حكومیه‌كاندا ده‌وام ده‌كه‌ن،به‌وپێیه‌ش نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن موچه‌خۆر ته‌نها به موچه فه‌رمانبه‌رن.
ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرایده‌كات”به‌به‌راورد له‌نێوان ساڵی 2009 تــــا ساڵی 2013 موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێژه‌یه‌كی خه‌یاڵی زیادی كردووه، به‌جۆرێك له‌ساڵی 2009 بڕی 3 ترلیۆن و 665 ملیار دینار بۆ موچه ده‌رۆشت به‌ڵام له‌ساڵی 2013 رێژه‌كه بۆ زیاتر له دوو هێنده زیادی كردووه كه بۆته 7 ترلیۆن و 163 ملیار دینار.
له‌ئێستاشدا كۆی گشتی ئه‌و پاره‌ی ساڵانه بۆ موچه‌خۆران خه‌رج ده‌كرێت بڕی 8 ترلیۆن و 252 ملیار و 469 ملیۆن دیناره.
هۆكاری زیادبونی خه‌رجی به‌كاربه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌و چوار ساڵه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دامه‌زراندنی 189 هه‌زار و 18 كه‌س، له‌ساڵی 2014ــشدا ژماره‌ی موچه‌خۆران گه‌یشتۆته 700 هه‌زار كه‌س.
ده‌رباره‌ی خانه‌نشینی له هه‌رێمی كوردستان، كه‌به‌شێكی زۆری بودجه‌ی هه‌رێم بۆ ئه‌و بواره ده‌چێت له‌كاتێكدا زۆرینه‌ی نایاسایین، سۆران عومه‌ر رایده‌گه‌یه‌نێت”خانه‌نشینان و پله تایبه‌ته‌كان قورساییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی دروستكردووه.
ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی دارایی، ورده‌كاری رێژه‌ی خانه‌نشینی و پاره‌كه‌یان ئاشكراده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت”موچه‌ی ساڵانه‌ی خانه‌نشینی پله تایبه‌ته‌كان له‌گه‌ڵ خانه‌نشینی هه‌مه‌جۆر 22 ملیار دیناره، هه‌روه‌ها خانه‌نشینی مه‌ده‌نی به موكافه‌ئه‌وه بڕی 600 ملیار و 330 ملیۆن دیناره.
له‌به‌رامبه‌ردا خانه‌نشینی سه‌ربازی زۆرترین پاره‌ی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، به‌وپێیه‌ی ساڵانه یه‌ك ترلیۆن و 67 ملیار دینار به‌ته‌نها بۆ خانه‌نشینی سه‌ربازی ده‌چێت.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدا به‌شێكی زۆری ئه‌و خانه‌نشینانه له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی خانه‌نشینكراون،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا خانه‌نشینی سه‌ربازی تێدایه كه پێشتر جاش بووه یان بۆ ته‌نها رۆژێك فه‌رمانبه‌ر نه‌بووه به‌ڵام خانه‌نشینكراوه.
له‌هه‌رێمی كوردستان له‌سایه‌ی 24 ساڵی حوكمڕانی ئه‌و دوو حزبه‌دا كه‌سی وا هه‌یه رۆژی پێنج شه‌ممه دامه‌زراوه راسته‌وخۆ دوای ته‌نها دوو رۆژ له‌رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌دا خانه‌نشینكراوه.
چاودێران و ئابوریناسانیش گه‌وره‌ترین هۆكاری قه‌یرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕنه‌وه بۆ بونی ده‌یان هه‌زار موچه‌خۆری بندیوار و خانه‌نشینی نایاسایی كه قورساییه‌كی زۆریان له‌سه‌ر قوتی خه‌ڵك دروستكردووه.