پارتی: سەردانەکەی نەجمەدین کەریم شێوازی قسەکردنی هەردولامان دەگۆڕێت

0

پارتی: سەردانەکەی نەجمەدین کەریم شێوازی قسەکردنی هەردولامان دەگۆڕێتpdkkkkk

نوچەنێت.رووداو:

لەدوای ماوەیەکی زۆر لە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پاریزگاری کەرکووک و پارتی لە کەرکووک، رۆژی رابردوو نەجمەدین کەریم سەردانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی کرد، و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك/گه‌رمیانی پارتی، ئەو سەردانە بە سەرەتای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوولا دەزانێت.

سەڵاح ده‌لۆ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی دیموكراتی كوردستان و، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك/گه‌رمیانی ئەو حیزبە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی” ئەو جۆرە سەردانانە دوای گرژی و نیمچە رکودەی کە هەبوو لە نێوان ئێمە و یەکێتی لە شاری کەرکووک لەوەوە دێت کە هێواش هێواش ئەو دۆخە ئاسایی ببێتەوە، سەردانەکەی دکتۆر نەجمەدین سەردانێکی ئاسایی بوو و قسەیەکی ئەوتۆ نەکرا لەبارەی هەندێ شتەوە”.

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كه‌ركووك/گه‌رمیانی پارتی باس لە کۆبوونەوەی دیکە دەکات لە داهاتوو و دەڵێت” لە داهاتوویەکی نزیک کۆبوونەوەیەکی دیکە دەکرێت لەبارەی هەوڵدان بۆ زیاتر ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا، گرفتێکی ئەوەندە دژواریش نییە کە نەکرێت چارەسەر بکرێت”، هەروەها گوتی “لەو کۆبوونەوەیە سەبارەت بە دۆخی کەرکووک، هەم لەباری ئەمنی و هەم لەباری ئەو ئاوارانەی کە روویان لەکەرکووک کردووە و بە لێشاو روو لە کەرکووک دەکەن و هەندێ بابەتی دیکەیش کە بابەتی ئیدارین رەنگە باس بکرێت”.

سەبارەت بە چۆنییەتی سەردانەکەی نەجمەدین کەریم بۆ بارەگای ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک سەڵاح دەلۆ دەڵێت” سەردانەکە لەسەر داوای پارێزگاری کەرکووک بوو، لە کۆبوونەوەکەی رۆژی رابردوو هیچ باسی گلەیی و گازندە نەکراوە و تەنها گفتوگۆیەکی ئاسایی بوو لە نێوان ئێمە و پارێزگاری کەرکووک، و لە داهاتوویەکی نزیک ئێمەیش سەردانیان دەکەین و پاشانیش کۆبوونەوەیەک ساز دەکەین”.

ئەو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی بە گرینگییەوە باسی سەردانەکەی پارێزگاری کەرکووک دەکات و دەڵێت” ئێمە هەموو لایەکمان کۆکین کە پێش هەموو شتێک کورد ناوماڵی رێک بێت لەسەر ئاستی باشووری کوردستان، بە تایبەتی شاری کەرکووک، کێشە لە نیوان کورد و کورد زۆر زیان بە کەرکووک دەگەیەنێت، ئێمە دەبێت یەکڕیزی خۆمان بپاریزین بۆ ئەوەی بتوانین روبەرووی ئەو تەحەدیاتانە ببینەوە کە جاربەجارێک لە کەرکووک دروست دەبێت”.

بە بڕوای سەڵاح دەلۆ لەدوای ئەو سەردانەی نەجمەدین کەریم گۆرانکاری بەسەر قسەکردنی هەردوولا دێت لە کەرکووک و وەک خۆی دەڵێت” دەبێت بگۆڕدرێت، ئەگەر وا نەبێت چیمان کردووە، لە راستیدا راگەیاندنیش رۆڵی هەیە لە گرژکردنی بارودۆخ من ناڵێم رۆڵی هەیە لە دروستکردنی باری نائاسایی، بەڵام رۆڵی هەیە هەم لە گەرمترکردنی گرژییەکان و هەمیش لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکان، من هیوادارم راگەیاندنی هەردوولامان یارمەتیمان بدات بۆ ئەوەی ئەو بارودۆخە ئاسایی ببێتەوە و کارێک بکەین بۆ خزمەتی شاری کەرکووک و خەڵکی کوردستان”.

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com