”سەرۆكایەتی پەرلەمان و لێژنەكان بەدواداچوونی جدیان بۆ ئاشكراكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی نەكردوە“
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوە لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،پەرلەمانتاران زۆر دۆسیەی گەندەڵیان ورووژاندووەو ئاشكرایان كردووە،بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەكی ئەنجامی كۆتایی و لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و لێژنەكانی پەرلەمانیشەوە بەدواداچوونی جدیان بۆنەكراوە.
د.شوان قهڵادزەیی،سەرۆكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بە نوچهنێتی ڕاگەیاند”پەرلەمانتاران زۆر دۆسیەی گەندەڵیان ورووژاندووەو ئاشكرایان كردووە،وەكو فەرمانبەری بندیوارو خانەنشین كردن بەنایاسایی و بەفیرۆدانی داهات و سامانی ووڵات و بوونی فەرمانگەی زیاد، بەڵام بەداخەوە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمان و لیژنەكانی پەرلەمانیشەوە بەدواداچوونی جدیان بۆنەكراوە بەشێوەیەك ئەنجامی كۆتایی و ئەرێنی لێ بكەوێتەوە“.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت”بۆ هەموو ئەو دۆسیانەش پێویست بوو كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان پەرلەمان و حكومەت یاخود وەزارەتە پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرایە و، ئەنجامەكەشی لەسەر ئەو دۆسیانە بۆ ڕای جەماوەر ئاشكرا بكرابایە،تا خواریەكان ڕاست كرابانەوەو دۆسیە گەندەڵیەكانیش پاكسازی و چاكسازیان بۆ بكرایە كەئەمانە هیچ نەكراوە، ئەمەش وای كردووە جەماوەر بەموزایەدە سەیری ئاشكراكردنی دۆسیەكان بكات و پێیوابێ كەتەنها ئامانج شكاندنی یەكتریە نەك چاكسازی و ڕاستكردنەوە“.
قەڵادزەیی وتیشی”پێویست بوو پەرلەمان سەرمەشقی چاكساری بێت و لەباڵەخانەكەی خۆیەوە دەست پێبكات تا دەگاتە وەزارەتەكان و فەرمانگەو دامەزراوەكانی تر“.