بارزانی: به‌به‌غدامان وتوه له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر نه‌وت ناده‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوین

0

hkumatبارزانی: به‌به‌غدامان وتوه له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر نه‌وت ناده‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتوین
نوچەنێت.هه‌ولێر:
ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ى له ساڵى تازه‌دا ساز كرد وسه‌رۆكی حكومه‌تيش،رایگه‌یاند،كه‌ به‌غدا پێی وایه‌ هه‌رێم ده‌توانێ رێژه‌یه‌كی زیاتر نه‌وت له‌رێكه‌وتنه‌كه‌ بداته‌ به‌غدا و ده‌شڵێت،به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ڕاشكاوی به‌به‌غدامان گوتووه‌،له‌ تواناشماندا بێت،له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر ناده‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین

ماڵپەڕی حكومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە”پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2015/1/28، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ساڵی تازه‌دا ساز كرا“.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ده‌رباره‌ی دوایین ڕێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، سه‌رۆك وه‌زیران ڕایگه‌یاند: لێكنه‌گه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌یه‌ و حكوومه‌تی عیراق پێی وایه‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێ ڕێژه‌یه‌كی زیاتری نه‌وت له‌وه‌ی كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین بداته‌ به‌غدا، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ ڕاشكاوی گوتوومانه‌، له‌ تواناشماندا بێت، له‌و ڕێژه‌یه‌ زیاتر ناده‌ین كه‌ له‌سه‌ری ڕێككه‌وتووین، جگه‌ له‌مه‌ له‌ ڕووی ته‌كنیكیشه‌وه‌ ناكرێت، چونكه‌ ژێرخانی پێویست بۆ نارنى زیاتر نییه‌. وێڕاى ئه‌وه‌ش جه‌ختى‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌پێى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ و له‌ كاتى خۆیدا، ئه‌و ڕێژه‌یه‌ى‌ له‌سه‌رى ڕێككه‌وتوون، ده‌نێرێت. هه‌روه‌ها دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم خوازیاره‌ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدرال بگاته‌ چاره‌سه‌ری و به‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ پابه‌نده‌

ماڵپەڕی حكومەت ئەوەی خستۆتەڕوو کە”ده‌رباره‌ی دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستانیش، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ی دارایی له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، بۆیه‌ حكوومه‌ت ناچاره‌ هه‌ندێ ڕێكاری تایبه‌ت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ بگرێته‌ به‌ر. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ حكوومه‌تدا پێكه‌وه‌ن و پێكه‌وه‌ بڕیار ده‌ده‌ن، كه‌چی له‌ ڕاگه‌یاندندا وا ده‌رناكه‌وێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆده‌بینه‌وه‌ و تاوتوێی دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ین“.

هەر بەپێ هەواڵەكە”له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا،ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پیرۆزبایی له‌ سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ كرد و ده‌ستخۆشی له‌ پێشمه‌رگه‌ كرد، هه‌روه‌ها هاوده‌ردی و هاوخه‌می له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری شه‌هیدان ده‌ربڕی. پیرۆزباییی ڕزگاركردنی كۆبانێشی كرد و سوپاسی هه‌ڵوێستی توركیا و به‌ڕێز ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان سه‌ركۆماری توركیای كرد، كه‌ ڕێگه‌ی دا هێزی پێشمه‌رگه‌ و چه‌كی قورس له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بگاته‌ كۆبانێ و ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ به‌دی بێت“.

ماڵپەڕی حكومەت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”دوای ئه‌وه‌ وه‌زیری دارایی و ئابووری، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر دۆخی دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كرد و له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ په‌سه‌ند كرا، بۆ ئه‌وه‌ی بنێردرێته‌ په‌رله‌مانی كوردستان. له‌ ڕوونكردنه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری دارایی و ئابووری تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕێژه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و به‌رنامه‌ و پلانی وه‌زاره‌تی بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتی دارایی و جێبه‌جێكردنی پلانی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردنی داهاته‌كانی له‌م دۆخه‌دا، خسته‌ ڕوو“.

ماڵپەڕەكە رونیشیكردوەتەوە”پاشان پڕۆژه‌یاسای ده‌سته‌ی نیشته‌جێبوون له‌ هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، خرایه‌ ڕوو و دوای گفتوگۆ و خستنه‌ڕووی چه‌ند سه‌رنج و تێبینییه‌ك، بڕیار درا لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی تایبه‌ت ده‌رباره‌ی پڕۆژه‌یاسایه‌كه‌ ئه‌نجام بده‌ن و بۆ په‌سه‌ندكردن بهێنرێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران. به‌پێی پڕۆژه‌یاساكه‌،‌ ئه‌م ده‌سته‌یه‌ سیاسه‌تی نیشته‌جێكردنی گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان و چه‌ند ستراتیژێكی ڕوون له‌سه‌ر بنه‌مای پێداویستییه‌كانی هه‌رێم داده‌ڕێژێت و بۆ جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانی، سوود له‌ بانك و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كان و وه‌به‌رهێنانى‌ بیانی و ناوخۆیی وه‌رده‌گرێت، به‌ جۆرێك كه‌ له‌گه‌ڵ پێداویستییه‌كان و سنوورداریی توانای داراییی كه‌مده‌رامه‌تان بگونجێت“.

هه‌ر بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”له‌ بڕگه‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ڕاپۆرتی لیژنه‌ی ناساندنی جینۆسایدی كوردانی ئێزدی و پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه، له‌ لایه‌ن به‌ڕێز وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانه‌وه‌‌ پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كرا و تیایدا باس له‌و كار و چالاكییه‌كانه‌ كرا كه‌ له‌ ئاستی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتدا، بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م كه‌یسه‌ ئه‌نجام دراون. هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌ سه‌ر سه‌ردان و دیداره‌كانی لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌ و دۆكیوومێنته‌كان له‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر ئێزدییه‌كاندا هاتوون‌. به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانیش ده‌ستخۆشی له‌ لیژنه‌كه‌ كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواست، هه‌موو پشتگیرییه‌كی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیشی بۆ لیژنه‌كه‌ دووپات كرده‌وه‌“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com