ڤیان دەخیل بە توندی وەڵامی ئوسامە نوجێفی دەداتەوە
نوچەنێت-عێراق نێت
سێشەممە 27ی كانوونی دووەم ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بە توندی هێرشی كردە سەر ئوسامە نوجێفی جێگری سەكۆماری عێراق، دوای ئەوەی نوجێفی وتبووی جەنگاوەرانی ئێزدی كوشت و بڕی عەرەبەكانی نزیك چیای شنگالیان كردووە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان دەخیل بە توڕەییەوە وەڵامی نوجێفی دایەوە و وتی “تۆ لە كوێ بووی كاتێك ژنانی ئێمە لاقە دەكران و دەفرۆشران؟ ئەی بۆچی لە موسڵ هەڵاتی؟”.
ڤیان دەخیل كوشت و بڕی ئێزدییەكانی شنگالی وەبیرهێناوە و داوای لە لایەنەكان كرد خۆیان ب بابەتی لاوەكییەوە خەریك نەكەن.
دەربارەی كوشتنی 19 عەرەبی دانیشتوی گوندەكانی دەوروبەری چیای شنگالیش وتی “ئایا ئەو گوندانەی باسیان دەكەن نەببوونە پەناگەی داعش؟”.