سەرۆکى پەرلەمان: ژنانی کۆبانێ وێنەیەکی جوانی ژنی ئازادیخواز و قارەمانی کوردییان پیشانی دونیا دا
نوچەنێت.ههولێر:
لە دانیشتنی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستاندا، سەرۆکی پەرلەمان. پەیامی بۆ کۆبانێ و سەربەخۆیی کوردستان نارد وتى:ژنانی کۆبانێ، وێنەیەکی جوانی ژنی ئازادیخواز و قارەمانی کوردییان پیشانی دونیا دا
د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان، ئەمڕۆ ٢٧-١-٢٠١٥ لە دەستپێکی دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی کوردستان، کە بۆ خوێندنەوەی یەکەمی پڕۆژە یاسای پارێزگای هەڵەبجە سازکرا، پەیامێکی بۆ ئازادکردنی کۆبانێ و شەڕڤانان وپێشمەرگەی کوردستان و سەربەخۆیی کوردستان نارد.
لە دەستپێکی وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان وتی: ئەمرۆ پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی کوردستان دەکەین بەبۆنەی ئازادکردنى کۆبانێ، دەستخۆشى لە پێشمەرگە و شەرڤانان و یەپەگە و یەپەژە دەکەین، کە سەرکەوتن بەسەر هیزی تاریکبینی تیرۆرستاندا تۆمارکرد، دەست خۆشى لە داستانەکانى پێشمەرگەی کوردستان دەکەین کە لەباشووری کوردستان لە بەرەکانی جەولەلا و چیای شەنگال و ناوچەکانی تر، سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، وتی :ئەمرۆ سەد ساڵ بەسەر دابەشکردنى کوردستان تێدەپەرێت بەسەر وڵاتانی دەوروبەرماندا، بەڵام ئێستا ئەو وڵاتەی کە کوردستانی دابەشکرد، کە بەریتانیایە لە پەرلەمانەکەیانەوە باس لە لەمپەرەکانى بەردەم سەربەخۆى کوردستان دەکەن و داوای ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە دەکەن کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر کوردیاندا سەپاندووە، بۆیە ئەم قۆناغە مێژووییە ئەرکی ئێمە زۆر قورستر دەکات.
د.یوسف محەمەد وتيشى:ژنانی کۆبانێ لهرێگهی بهرخودانیان وێنەیەکی جوانی ژنی ئازادیخواز و قارەمانی کوردییان پیشانی دونیا دا.