كۆسرەت رهسول لهسهردانهكهی بهبارزانی گوتوه چیتر پشتگیری هێرۆخان نەكات
نوچەنێت.رووداو:
“سەردانی هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ لای بارزانی لەچەند رۆژی رابردوودا لە بەرەكانی شەڕ، رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا گۆڕانكاری بەسەر هەڵوێستەكانی پارتی و بارزانیدا بهێنێ لە مەسەلەی پشتیوانییان لە باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد”، ئەمە قسەی بەرپرسێكی باڵای یەكێتییە كە ئاگاداری نێوەڕۆكی كۆبوونەوەی بارزانی و هەردوو بەرپرسەكەی یەكێتی بووە.
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵی سەردانی ئەو شاندە لەم كات و ساتەی كە یەكێتی بە كێشەی قووڵدا تێدەپەڕێ “دڵنیاین بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بارزانییە. چونكە باڵەكەی كاك كۆسرەت و بەرهەم ساڵح لەگەڵ باڵی هێرۆخان گەیشتوونەتە بنبەست لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی یەكێتی”.
یەكێك لە ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەی نێوان شاندەكەی یەكێتی لەگەڵ بارزانی بە (رووداو)ی راگەیاند “كاك كۆسرەت هەموو راستییەكانی نێو یەكێتی وەكو خۆی خستە بەردەم بارزانی بۆ ئەوەی بزانێ كێشەكان چۆنن”.
هەروەها گوتی “كاك كۆسرەت داوای لە كاك مەسعود كرد بێلایەن بێ و پاڵپشتی باڵی هێرۆخان نەكات”. گوتیشی “كاك مەسعود بەڵێنی دا هاوكاری چارەسەركردنی كێشەكانی یەكێتی بێت و بێلایەن بێت. بەڵام نەیشاردەوە كە لەدۆخی نێوخۆی یەكێتی نیگەرانە”.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی پێیوایە پارتی و بارزانی “تەرەفگیرنەبوون لە كێشەكانی یەكێتی، بەڵكو پارتی هەوڵی داوە خۆی تێوەنەگلێنێ لە كێشەكانی یەكێتی”.
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ “باڵەكەی هێرۆخان كە پارتی و كاك نێچیرڤان و خودی كاك مەسعود پاڵپشتییان دەكرد، ئەم باڵە لەو ماوەیەدا لە حكومەت و پەرلەمان زۆر ئەزیەتی پارتییان داوە”. ئەو سەركردەیەی یەكێتی كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە و نزیكە لە كۆسرەت رەسوڵ، دەڵێ “پارتی بەڕوون و ئاشكرا گوتی هەڵەمانكرد پاڵپشتی باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدمان كردووە و ئەوە دووبارە ناكەینەوە”.
بەڵام ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیدەكاتەوە كە حیزبەكەی تەرەفگیری بكات لەنێوان لایەنە ناكۆكەكانی یەكێتیدا. دڵشاد شەهاب دەڵێ “پەیوەندی پارتی لەگەڵ یەكێتی لەسەر بنەمای دابەشبوون و باڵ باڵێنی نێو یەكێتی نەبووە، بەڵكو لەگەڵ داوودەزگا فەرمییەكانی ئەو حیزبە بووە”.
ئەندامەكەی كۆبوونەوەی نێوان شاندی یەكێتی و بارزانیش دەڵێ “كاك كۆسرەت بە بارزانی گوت بۆ یەكخستنی پێشمەرگە لە هێزی 80ەوە دەستپێبكە (كە هێزی پارتییە و تاوەكو ئێستا نەبووەتە هێزی وەزارەتی پێشمەرگە) ببن بە پێشمەرگەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی ئەوكات هیچ كەس و لایەنێك لەنێو یەكێتی كارت و بیانوویان بەدەستەوە نەبێ”.