ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا

0

ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی بارزانی و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكاbarzany
نوچەنێت.هه‌ولێر:
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هه‌رێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ یەكشەممە 25ـی 1ـی 2015 لە شاری هەولێر بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ لۆید ئۆستن فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ژمارەیەك ڕاوێژكار و پلەداری سوپای ئەمەریكا پێكهاتبوو.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە دیدارەكەدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا پیرۆزبایی لە بارزانی كرد بە بۆنەی سەركەوتنەكانی ئەم دواییەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و ڕۆڵی یەكلاییكەرەوەی بارزانی لە مسۆگەركردنی ئەو سەركەوتنانە بەرز نرخاند و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئامادەبوونی بارزانی لە بەرەكان و سەركردایەتیكردنی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. هەروەها سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە ئازایانە گیانی خۆیان بەخشیوە و شەهید بوونە و ڕایشیگەیاند هەموو لایەك بەڕێزەوە سەیری سەركەوتنی پێشمەرگە و ڕۆڵی بارزانی دەكات. فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە پێشڤەچوونی ڕادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان هێمای بەوەدا ئەو هەماهەنگییە ئەنجامی زۆر باشی هەبووە و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

لەبەرانبەریشدا”بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و وێڕای ئاماژەدان بە هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمان ئەوەی خستەڕوو كە ئەو هەماهەنگییە سەركەوتنی مەزنی لێ كەتووەتەوە و پێویستە ئەو سەركەوتنانە فراوانتر بكرێن. هەروەها ئەوەیشی باسكرد كە لەم شەڕەدا كوردستان قارەمان و پێشمەرگە و فەرماندەی مەزنی لەدەست داوە بەڵام بەرگریكردن لە كەرامەت و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان قوربانی و باجیشی دەوێت.

هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە و هەروەها بارودۆخی شاری موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ.

جێگەی ئاماژەپێدانە كە لەم كۆبوونەوەیەدا مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و مستەفا سەید قادر وەزیری پێشمەرگە و فواد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت و ئەنوەر حاجی عوسمان بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و جەعفەر شێخ مستەفا و فەریق شێروان عەبدولڕەحمان و فەریق جەبار یاوەر ئەندامانی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم ئامادە بوون.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com