ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: 9 سەركردەی داعش كوژران
نوچەنێت.ههولێر:
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم راگەیەنراوێك لەبارەی ئاماری كوژراوانی داعش لە دوو رۆژەی رابردوودا بڵاو دەكاتەو رایدەگەیەنت لەدوو رۆژی رابردودا 9 سەركردەی ئەو رێكخراوە كوژراون.
دەقی راگەیاندراوەكە:
دەستەیەكی دیكەی بەرپرسانی داعش كوژران
دوای كوشتنی چەندین سەركردە و ئەمیری تیرۆریستانی داعش لە پرۆسەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئازادكردنی ناوچەكانی وانكێ و ئاسكی موسڵ، لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دیجلە، پۆلێكی تیرۆریستان كوژران بەمشێوەیە:
دوێنێ لە گوندی “حسن جلاد” سێ بەرپرسی كەتیبەكانی تیرۆریستان كوژراون، بە ناوەكانی (ابو تراب، ابو مروان، ابو زید) كە لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ پاڵپشتی تیرۆریستان لە موسڵەوە هاتبوونە میحوەرەكە.
(صالح جاسم محمد فلاح السبعاوی) ناسراو بە (ابو مالك) و یەكێكی تر لە هاوكارەكانی ئەو تیرۆریستە بە ناوی (ابو حرب) ئەمڕۆ لەلایەن فڕۆكەكانی هاوپەیمانانەوە كرانە ئامانج و كوژران، كە ئەو دوو تیرۆریستە گەورە پسپۆری بۆمب و عبوە دروستكردنی تیرۆریستان بوون.
سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە میحوەری رۆژهەڵاتی دیجلە، لە چوارچێوەی پێشڕەوییە بەردەوامەكانی هێزی پێشمەرگە و موشەكبارانكردنی مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش، چوار ئەمیری تیرۆریستان بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە كوژران، بە ناوەكانی:
1- ئەمیر (ابو عبیدە (عمار بیت)
2- ئەمیر (مشعان فواز صالح)
3- ئەمیر (عبداللە احمد محی الدین)
4- ئەمیر (عبدالمنعم حسین احمد)
بەپێی زانیارییە هەواڵگرییە پشتڕاستكراوەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كوژرانی دەیان سەركردە و ئەمیری تیرۆریستان لە چەند رۆژی رابردوودا، گورزێكی كوشندەی لە داعش گەیاندووە بە جۆرێك بەشێكی ئەو تیرۆریستانە سەنگەرەكانیان بە جێدەهێڵن.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان
24/1/2015