بارزانى و شاندێكی باڵای یەكێتی كۆبونهوه
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندێكی باڵای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبونهوه و لە كۆبوونەوەكهدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ هەینی 23ـی 1ـی 2015 لە بارەگای فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای دیجلە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە كوسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح جێگری دووەمی سكرتێری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و شاندێكی یاوەریان كرد كە پێكهاتبوون لە هەرێم كەمال ئاغا و شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامانی سەركردایەتی و ڕێباز بێركۆتی سەرۆكی فڕاكسیۆنی سەوز لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و دەرباز كۆسرەت ڕەسوڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لە كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان دەستخۆشیان لە بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد بۆ ئەو سەركەوتنانەی كە لە بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بەدەستیان هێناوە و سەرەخۆشیشیان لە كەسوكاری ئەو پێشمەرگە قارەمانانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش شەهید بوونە و هیوای چاكبوونەوەیشیان بۆ بریندارەكان خواست“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان و بەرەكانی شەڕ تاوتوێ كرا و جەخت لەسەر پاڵپشتیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە كرایەوە و قسەیش لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق كرا“.
ماڵپەڕهكه ئەوەشى ئاشکرا كردوه کە”هەر لەم دیدارەدا باس لە پێویستیی پاراستنی یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لەم بارودۆخە دژوار و پڕهەڕەشەیە كرا و جەخت لەوە كرایەوە كە یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە زامنی سەركەوتنی گەلی كوردستانە“.