پەرلەمان: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانە
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە پێشوازی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان،رایگەیاند، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانە.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: دروستکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی مافێکی دەستووری هەرێمی کوردستانەو لەمەدوا بەهەمو لایەکەوە هەوڵ دەدەین هەڵبژاردنەکانمان پاک و بێگەرد بێت، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستمان بە هاوکاری و یارمەتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە گشتی و نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەتی دەبێتز چونکە ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەم بوارەدا ئەزموونمان کەمە“.
بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان،لە میانی پێشوازیکردن بوو لە(سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری. کە دوێنێ 22-1 2015 سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەلایەن سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە پێشوازیکران“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەڕووداوەکانی چەند مانگی ڕابردووی هەرێمی کوردستان و شەڕی دژ بە تیرۆرستان کرد، بە تایبەتیش لە ناوچە دابراوەکان، لە بەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمان باسی قۆناغەکانی درووستکردنی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی کرد و ئاماژەی بەوەدا، کۆمیسیۆنەکە نوێنەری پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە و ئێستا کۆمیسیۆنەکە لەسەرەتای دەستبەکاربووندان، هیوادارین بە هاوکاری ئێوە بتوانین کۆمیسیۆنێکی چالاک و بێلایەن و پیشەییمان هەبێت“.
لەبەرانبەریشدا”(سۆکۆڵد کۆندی) نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، خۆشحاڵی خۆی بۆ دیدارەکە و زانیارییەکانی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەربڕی و وتی”بەهاوکاری پەرلەمانی کوردستان لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوکان و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی سود لە ئەزموونی تیم و پسپۆڕەکانمان وەرگرن.و بتوانن بەشیوەیەکی پیشەییانەو بێ لایەنانە کار بکەن“.