عەللاوی: ئەمە دوا هەلی مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی
نوچەنێت-كریستیان ساینس مۆنیتەر
رۆژنامەی كرستیان ساینس مۆنیتەری ئەمریكی پرسیار دەكات ئاخۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراق دەتوانێت ئەو شوێنەوارە تائیفییی بسڕێتەوە كە ماوەی هەشت ساڵ مالیكی خەریكی چەسپاندبووی؟
رۆژنامەكە دەڵێت چوار مانگە عەبادی خەریكی چاككردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاریكاری عەرەبە سوننەكانە لە شەڕی داعشدا، بەڵام هێشتا بێمتمانەیی تائیفی باڵی بەسەر پەیوەندییەكانی پێكهاتەكانی عێراقدا كێشاوە.
رۆژنامەكە دەڵێت تەحەددای گەورە لەبەردەم عەبادیدا بریتییە لە زاڵبوون بەسەر ئەو داەبشبوونە تائیفییەی لە عێراق كە نوری مالیكی بێشەرمانە چەسپاندی.
لای خۆیەوە ئەیاد عەللاوی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بە رۆژنامەكەی وتووە “هەموو پێكهاتەكانی پرۆسەی سیاسی عێراق دان بەوەدا دەنێن بەوەی ئێستا دوا هەلە لەبەردەم عێراقدا تا بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە”. عەللاوی وتویەتی دەبێت لەگەڵ هەوڵ و كۆششی سەربازیدا، دەستپێشخەری سیاسیش ئەنجام بدرێت، كە تا ئێستا بوونی نییە.
رۆژنامەكە دەڵیت نووری مالیكی بە بەهانەی دژایەتی تیرۆرەوە هەزاران سوننەی لە زیندان توندكرد و هێرشی كردە سەر ناوچە سوننییەكان و زەوییەكی بەپیتی بۆ گەشەكردنی تیرۆر رەخساند.
كریستیان ساینس مۆنیتەر دەڵێت لە سەردەمی مالكیدا سیاسەتی عێراق تاكەكەشی و تائیفی بوو، مالیكی خۆی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی بەڕێوە دەبرد و كاری دەكردە سەر پەرلەمان