ناوه‌ڕۆكی كۆبونه‌وه‌كه‌ی یه‌كێتی و گۆڕان و پارتی لە سەر پۆستەكانی سلێمانی
نوچەنێت.پەیام:
یه‌كێتی و گۆڕان چه‌ند پۆستێك وه‌ك پێشنیار ده‌خه‌نه به‌رده‌م پارتی بۆ به‌شداری كردنی له حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی. پارتیش ده‌ڵێت: هێشتا رازی نه‌بووین به‌و پۆستانه و له دوو رۆژی داهاتوودا وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نانه ده‌ده‌ینه‌وه.
ئه‌مڕۆ وه‌فدێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی و گۆڕان سه‌ردانی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتیی دیمه‌كراتی كوردستاتانی له سلێمانی كرد و چه‌ند پێشنیارێكیان خسته به‌رده‌م پارتی به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردنی له ئه‌نجوومه‌نی خۆجێیی سلێمانی.
پاش كۆبوونه‌وه‌كه‌شیان، له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌نووسیدا له‌تیف شێخ عومه‌ر، ئه‌ندامی شاندی هاوبه‌شی دانوستانكاری یه‌كێتی و گۆڕان، وتی “ئێمه بۆچوونی خۆمان له‌باره‌ی شێوازی به‌شداریكردن له حكومه‌تی خۆجێی سلێمانی به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن، پێڕاگه‌یاندن، ئه‌وانیش به‌ڵنیان دا له چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا وه‌ڵاممان بده‌نه‌وه”.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه سه‌عید سه‌لیم، ئه‌ندامی شاندی دانوستانكاری پارتی، رایگه‌یاند “ئێمه دوو مه‌بده‌ئمان كردووه‌ته ده‌روازه بۆ گفتووگۆكانمان، یه‌كه‌م مه‌بده‌ئی هه‌ڵبژاردن، دووه‌م مه‌بده‌ئی سیاسی”.
سه‌عید سه‌لیم وتیشی “بۆچوونه‌كانی گۆڕان و یه‌كێتیمان وه‌رگرتووه و له یه‌ك دوو ڕۆژی داهاتوودا گفتووگۆیان له‌سه‌ر ده‌كه‌ین، دواتریبش وه‌ڵامیان ده‌ده‌ینه‌وه”.
به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یام، به‌شێك له پۆسته‌كان گۆڕانكارییان تێدا كراوه و ئاراسته‌ی پارتی كراون. پاتیی دیموكراتیش ده‌ڵێت “تاوتوێی پۆسته‌كان ده‌كه‌ین و وه‌ڵامی ئه‌و لایه‌نانه ده‌ده‌نه‌وه”.