بزووتنهوهی ئیسلامی: كانتۆنی شهنگال بوووه لهمپهڕێكی دیكه لهبهردهم كۆنگرهی نهتهوهیی
یهكگرتوو: بێ حیسابكردن بۆ خوێنی گهنجانی كورد لایهنێك دێت كانتۆنی شنگال رادەگەیێنێت
كۆمهڵ: بە شێوەیەكی مەبدەئی شەنگال بە بەشێكی جوگرافی لە كوردستان و عێراق دەزانین
دڵشادههررتهلی.نوچەنێت:
هەر سێ حیزبە ئیسلامییەكەی هەرێمی كوردس
تان(كۆمەڵ و بزووتنەوەو یەكگرتوو)دژی دروست كردنی كانتۆنن و بەدەستێوەردان لەكاروباری هەرێمی كوردستان و درزخستنە ناوماڵی كوردی دەزانن.
رۆژی چوارشەممە 14/1/2015 لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك بەرپرسی پەكەكە و یەپەگە و نوێنەری چەند حیزبێكی باشووری كوردستان كۆبونەوەیەك لە چیای شنگال بەرێوەچوو تێدا ئەنجوومەنی ئێزیدییەكانی شنگال راگەیێندرا. ئەمەش كاردانەوەی زۆری لەلایەن پارتەكانی باشوری كوردستان و هەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێم لێكەوەتەوەو بەدەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی هەرێمیان دایە قەڵەم و راشیانگەیان دروست كردنی كانتۆن لەلایەن پەكەكەوە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەن.
لەوبارەیەوە عەبدوڵڵا وەرتی،وتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بەنوچەنێت وتی”سەبارەت بە ڕاگەیاندنی كانتۆنی شنگال لەلایەن پەكەكەوە ئێمە وەك بزووتنەوەی ئیسلامی بەپێویستی دەزانین كە یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان لە ئەولەویەتی كارەكان بێت و هەروەك دووپاتی دەكەینەوە هەموو لایەنە سیاسیەكان پاراستنی یەكڕێزی كوردو خاكەكەی لەبەرنامەو ستراتیژیەتی خۆیان دا هەبێت هێڵی سووریشە كە هەر كەس و لایەنێك بیەوێ خاكی كوردستان پارچە پارچە بكات“.
ناوبراو وتیشی”شنگال بەشێكە لەهەرێمی كوردستان لەبەر ئەوە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕێوەی ببات،راگەیاندنی كانتۆن یان ئەو ئیدارە خۆجێیە لەئێستادا خزمەت بەبەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان و هێز و لایەنە سیاسییەكان ناكات. پێشمان وایە ئەوە درز و كەلێنێك لەناو ماڵی كورد دروست دەكات و خاكی هەرێمی كوردستان دەخاتە ژێر هەڕەشەی دابەش بوون و پارچە پارچە بوون ئەوەش بەهیچ شێوەیەك لەبەرژەوەندی كورد دانیە“.
وتەبێژەكەی بزووتنەوە راشیگەیاند”پێویستە پەكەكە و كەچەكە بەزوترین كات هەڵوێستی خۆی رابگەێنێت و لەو قۆناغەدا دەست لە كاروباری باشوری كوردیستان وەرنەدات. هەموومان چاوەڕێی ئەوە بووین كە هێزولایەنەكان بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد تا كێشەكان لەوێ چارەسەر بكرێن،بەڵام ڕاگەیاندنی كانتۆنی شنگال لەمپەرێكی تری خستە بەردەم بەستانی ئەم كۆنگرەیە،پێویستە پەكەكە و هەموو لایەنەكان رێگا خۆشكەربن بۆ گرێدانی كۆنگرەی نەتەوەیی“.
عەبدوڵڵا وەرتی،جەختیشی لەسەر ئەوەكردەوە”بۆیە ئێمە لە بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایدەگەیەنین كە ئەم كارەی پەكەكە لە چیای شنگال كەبەشێك لەسەر كردەكانیان ئەنجامیان داوە بە كارێكی خراپی دەزانین و پێمان وایە ئەمە دەست تێوەردانە لە كاروباری باشووری كوردستان و هیچ خزمەتێك بە دۆزی ڕەوای كورد ناكات” بەڵكو زیاتر ڕێگە بۆ دوژمن خۆش دەكات“.
لەلایەكی ترەوە نەسڕەدین سندی، وەزیری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان،بەیاننامەیەكی لە سەر پرسی دروستكردنی كانتۆن لە شنگال لە لایەن پەكەكەوە بڵاوكردوەتەوەو لە بەشێكی هاتووە”لە رۆژێكی دژوار و سەخت مخابن رەفتارێكی سەیر و نەخوازراو و هەر یەكجار چاوەڕواننەكراو، لەلایەن لایەنێكی كوردی كە هەموو كات درووشمی نەتەوایەتی زۆر گەورەی بڵندكردووە لە ئەدەبیاتی خەباتی خۆی و زۆر باسی رزگاركردنی هەر چوارپارچەی كوردستانی دەكرد هەتا ئێستاش ئەو دەنگەی ئەو هەڕ بڵندە،بەڵام مەخابن لە سەر ئەرزی واقیع هەرگیز خزمەتی ئەو پرسەی نەكردووە“.
وەزیرەكەی یەكگرتووی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەكات”هێشتا لە زوممار،شنگال،مەخموور،جەلەولا و كۆبانێ خوێنی گەنجانی كورد دەڕژێ و خاكی كوردستان لە ژیر دەستی داعش دایە و هێشتا دەنگی مووشەك و تۆپ دێت، بەڵام لایەنێكی كوردی بەبێ هیچ حساباتێك كۆبوونەوە گرێدەدات و كانتۆنی شنگال رادەگەیێنێت“.
نەسڕەدین سندی ئەو هەنگاوەی پەكەكە بە پارچەپارچەكردنی كوردستان و مەترسی بۆ یەكپارچەیی خاكی كوردستان وەسف دەكات و دەڵێت”ئێمە لە دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.دروستكردنی كانتۆن و هەر كارێكی لەم جۆرە لە هەر ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان وەكو دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان و ئاسایشی نەتەوەیی كوردستان دەبینین“.
وەزیرەكەی یەكگرتوو دەشڵێت”ئەم هەوڵە رەتدەكەینەوە و هیوادارین هەر زوو بە خۆداچوونەوەیەكی بوێرانە لە لایەن هەر لایەنێك بكرێت كە دەستی لەم رێككەوتنە هەیە، پێویستیشە هەموو لایەك لە چواردەوری ئاڵای یەكگرتوو و یەكڕیزی كۆببنەوە“.
هەر لەوبارەیەوە شوان رابەر، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێتی راگەیاند”تا ئێستا پەكەكە ناڵێ ئەو پێكهاتەیەی لە شەنگال ڕاگەیەندراوە كانتۆنە،واتە حكومەتی كاتی یە وەك لە سێ هەرێمی سوریا ئەو زاراوە و تەشكیلە ڕاگەیەندراوە،بەڵكو دەڵێن ئەوە ئەنجوومەنێكی خۆ جێ ییە بۆ بەڕێوە بردنی شەنگال“.
ئەندامەكەی سەركردایەتی كۆمەڵ وتیشی”مەكتەبی سیاسی مان لەو بارەیەوە وەك هەلوێستی رەسمی حزب قسەی خۆی هەیە،ئەوەی من وەكو ئەندامێكی سەركردایەتی یە نەك سیاسەتی رەسمی كۆمەل.بە گشتی ئێمە بە شێوەیەكی مەبدەئی شەنگال بە بەشێكی جوگرافی لە كوردستان و عێراق دەزانین،ناوچەكە لەشەڕ و لە حالەتی نائاسایی دایە،جارێ حوكمی سەربازی لەوێ پێویستە،ئەگەر حوكمی مەدەنیشی بوێ،شەنگال سەر بە پارێزگای موصلە و قائمقامیەتی خۆی هەیە و دەبێ لە ژێر حوكمی كوردستان دابێ،نابێ لایەنێك لە هیچ پارچەیەكی كوردستان تەنانەت لە باشوری كوردستانیش بە تەنیا حوكمی ئەوێ بكا یا حكومەتۆكەیەك لەوێ رابگێنێ ، ئەوە پێچەوانەی یاسا و دەستور و یەكێتی نیشتمانی و حكومەتی هاوبەشی كوردستان و پاراستنی مافی ی یەكترە ، ئەوە دەستێوەردانە لە كاروباری یەكتر“.
شوان رابەر جەخت لەوەشدەكاتەوە”هەر لایەنێك دەست لە كاروباری هەر پارەچەیەكی تری كوردستان وەربدا هەڵەو پێشێلكاری یە،كێشەی لێ دروست دەبێت،بەلكو پێویستە خەلك و لایەنەكانی هەر پارچەیەك بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆ و كاروبارەكانیان بدەن. وێرای ئەوەی خەلكی شەنگالیش لە هەموو كەس لە پێشترن خۆیان خۆیان بە رێوە ببەن و بڕیار لەسەر چارەنووس و كاروباری خۆیان بدەن“.
ناوبراو ئەوەشدەخاتەڕوو”هەر وەك هەر پارەچەیەكی كوردستان پێیان ناخۆشە لایەنەكانی پارچەكانی تر تەدەخوڵ لە كاروبارو چارەنوسیان بكەن.ئەوە بە خروقات لەقەلەم دەدرێ.ئەوەی لەسەر هەموومان پێویستە ئەوەیە هەموومان بەرگری لە هەموو پارەچەكانی كوردستان بكەین.ئەو مەبدەئەی كە باسمان كرد پێویستە هیچ پارەچەیەكی كوردستان جگە لە هاوكاری و هەماهەنگی و پشتیوانی و بەرگری لێكتر كردن نابێ تەدەخوڵ لە كاروبار و چارەنوسی پارەچەیەكی تر بكەن لە كۆبونەوەی حزبەكانی هەرچوار پارچەی كوردستان بریاڕمان لەسەری داوە“.