قوباد تاڵەبانی: ئەو رەخنانەی لە وەزارەتی دارایی دەگیرێت ناڕەوان و دوورن لە بەرپرسیاریەتی
نوچەنێت.ههولێر:
قوباد تاڵەبانی،جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،لە ڕوونكردنەوەیەكدا،بەكەسیكردنی كێشەكان ئیدانە دەكات و داوا لەپەرلەمانتارەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكات،دوور بكەونەوە لە بە شەخسیكردنی كێشەو قەیرانەكان، بابەتیانەو بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانە بكەن كە لە ئێستادا رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بۆتەوە و دەشڵێت: ئەو رەخنانەی لە وەزارەتی دارایی ھەرێم دەگیرێت، ناڕەوان و دوورن لەو ھەستی بەرپرسیاریەتیەی كە لەكابینەكەدا پەیڕەوی دەكەین. وە ئێمەش وەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ھەموو لایەنەكانەوە بەرپرسین لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەكان.
دەقی ڕوونكردنەوەكە:
ماوەیەكە ھەندێك پەرلەمانتاری بەڕێزو دەزگاكانی راگەیاندن، دەستیانكردوە بە ھەڵمەتی یەكتر تۆمەتباركردن و یەكتر شكاندن. لێدوان و بابەتە رۆژنامەنوسیەكان لە گۆشەنیگای پرس و بابەت و قەیرانە ھەنووكەییەكان وەك سیاسەت و ڕاگەیاندنێكی دژ بەیەكتر بەكاری دێنن. پرسەكانی ئەو بابەتانەی كە پەیوەستن بە دام ودەزگاكانی حكومەت، سەرچاوەی دروست بوون و چارەسەرییەكانی دەخەنە ئەستۆی یەكتر. زەمینەسازی بۆ لێكترازان دەكەن، دوور لە بەرپرسیاریەتی سیاسی و رۆژنامەنووسی رووماڵی بابەتەكان دەكەن و ژینگەیەكی نادروست دەڕەخسێنن و ھەوڵی بەكەسیكردنی كێشەكان دەدەن.
بۆیە بەكەسیكردنی كێشەكان ئیدانە دەكەین و داوا لەپەرلەمانتارە بەڕێزەكان و دەزگاكانی راگەیاندن دەكەم، دوور بكەونەوە لە بە شەخسیكردنی كێشەو قەیرانەكان، بابەتیانەو بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ئاستەنگیانە بكەن كە لە ئێستادا رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بۆتەوە.
وەك روونە بۆ گشت لایەك كابینەی ( ٨) ھەشت، كابینەیەكی بنكەفراوانە، ھەموو حزبە براوەكانی ھەڵبژاردن تیایدا بەشدارە، بۆیە قەیرانەكان رووبەڕووی ھەموو وەزارەت و دام و دەزگاكانی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بووەتەوە، بۆیە تەركیزكردن لەسەر یەك یان دوو وەزارەت، وەك ئەو رەخنانەی لە وەزارەتی دارایی ھەرێم دەگیرێت، ناڕەوان و دوورن لەو ھەستی بەرپرسیاریەتیەی كە لەكابینەكەدا پەیڕەوی دەكەین. وە ئێمەش وەك حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە ھەموو لایەنەكانەوە بەرپرسین لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ قەیرانەكان.
ھەروەھا بەداخەوە ھەندێك بەرپرس لەحكومەتی ھەرێمی كوردستان ماوەیەكە گلەیی خۆیان خستۆتە نێو دەزگاكانی راگەیاندن، كە بەمەش چارەسەركردنی كێشەكان بەلاڕێدا دەبرێن و لە سوودی ھیچ لایەك نابێت. بۆیە داوا لەھەر بەرپرسێك و كارمەندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەكەین، كەوا ھەر بابەتێكی پەیوەندیدار بە دام و دەزگاكانی حكومەت ھەیە، بیگەڕێننەوە ناو كۆبوونەوە رەسمیەكانتان و لەوێدا راوێژ و دەردەشەی بكەن، چونكە ھەموومان لە حكومەتی ھەریمی كوردستان لە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی مێژوویداین.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان