پەكەكە رەتیدەكاتەوە كە كانتۆن بۆ شەنگال دروستبكات
نوچەنێت.ههولێر:
بەرپرسانی باڵای پەكەكە رەتیدەكەنەوە كە ئەوان بیانەوێت كانتۆنی شەنگال دروستبكەن و راشیدەگەیەنن كە كەس باسی كانتۆنی نەكردوە .
ئاوێنە نیوز لەزاری نیلوفەر كۆچ، هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان (KNK) گواستویەتیەوە كە كەس باسی كانتۆنی نەكردوە، ئەوەی هەیە ئەوەیە كە ئەنجومەنی ئێزدیانی شەنگال هاتون دەڵێن ئێمە پارچەپارچە بوین و دەمانەوێت خۆمان رێكبخەینەوە، نەك بیانەوێت كانتۆن دروستبكەن.
هاوسەرۆكی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان راشیگەیاندووە كە دەیانەوێت یەكێتیەكی تایبەت بەئێزدییەكان پێكبهێنن نەك كانتۆن،ئەوەش پێشخستنی دیموكراسی هەرێمی كوردستانە، بۆیە واباشترە باسی كانتۆن نەكرێت.
نیلوفەر كۆچ لەبارەی پارتە سیاسییەكانی باشوری كوردستان كە ناڕەزایی خۆیان نیشانداوە لەوبارەوە وتی: ئەگەر سبەی بارانێكی زۆر توند لەهەولێر ببارێت، هەندێك پێیانوایە ئەوە خەتای پەكەكەیە.
هەورەها وتیشی: رۆژی چوارشەممەی رابردو، بەبەشداری 200 نوێنەری ئێزدیەكانی شەنگال، ئەنجومەنی كاتی ئێزدیەكان راگەیەنرا كە پارتی كرێكارانی كوردستان بەشێوەیەكی راستەوخۆ لایەنگیری لەم بیرۆكەیە دەكات و داینەمۆی دامەزراندنیەتی.