جیهانبینی، تێڕوانین و تێگه‌یشتنی مرۆڤه بۆ جیهان و ژیان و، به‌هاكانی‌و، چۆنیه‌تی ژیانكردن و، راڤه‌كردنی روداوه‌كانی ده‌وروبه‌ری. مرۆڤ له سۆنگه‌ی جیهانبینیه تایبه‌ته‌كه‌یه‌وه بۆ ژیان و بوون و جیهانی ده‌وروبه‌ر، ئامانج له ژیان و، ده‌بێ و نابێ ئه‌خلاقیه‌كانی دیاری ده‌كات.
مرۆڤ هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه‌بوون و ژیانه‌وه ، قۆناغ به قۆناغ، هه‌وڵی ناسینی ئه‌و جیهانه‌ی داوه كه تێیدا ده‌ژی، راڤه‌كردنی جیهان و روداوه‌كانی ده‌وروبه‌ریش ، به یه‌كێ له خه‌سڵه‌ته جیاكه‌ره‌وه‌كانی مرۆڤ ، له گیاندارانی تر داده‌نرێت. گیانه‌وه‌رانی تر هه‌ست (احساس)به ژیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام مرۆڤ له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی خودان عه‌قڵ و توانای بیركردنه‌وه و تێگه‌یشتنه، ژیان و جیهان راڤه ده‌كات. ئه‌مه‌ش وای كردووه، له یه‌ك كاتدا‌و، هه‌ندێ جاریش به گوێره‌ی جیاوازی كات و شوێن، زیاد له وێنا‌و، تێگه‌یشتن و، بینینێكی بۆ ژیان هه‌بێت. رووی دووه‌می ئه‌م بۆچوونه‌ش ئه‌وه‌یه كه گه‌رچی هه‌موومان وه‌ك مرۆڤ له جیهانێكی ماددی هاوبه‌شدا زیندوین ، به‌ڵام مه‌رج نیه پێ به پێ‌ی ئه‌و ،هه‌مووان له جیهانێكدا بژین. لێره‌شه‌وه ده‌توانین باس له چه‌ندین جیهانی جیاواز بكه‌ین، كه سنوره فه‌رهه‌نگی‌و، كلتوری‌و، ئاینی‌و، مه‌زهه‌بی‌و، نه‌ته‌وه‌یی‌و، نه‌ژادی و كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تیه‌كان، چوارچێوه و وێنایان پێ ده‌به‌خشن. جیهانه مه‌عنه‌وی یه‌كه‌ی مرۆڤ ، كه تێڕوانینه كانی بۆ ژیان و بوون ئاراسته ده‌كات و ، جۆری په‌یوه‌ندی یه‌كانیشی به ده‌وروبه‌ره‌وه بۆ دیاری ده‌كات‌و، خولگه‌ی سه‌ره‌كی بیركردنه‌وه‌ی ژیانیشی بۆ ده‌ستنیشان ده‌كات ، كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر كۆی ژیان و، چۆنیه‌تی ژیانكردنی ، هه‌ر مرۆڤ و كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌و جیهانانه‌ی له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد ، بێینه خواروتر و، مه‌سه‌له‌كه هه‌ندێك زیاتر ورد بكه‌ینه‌وه، هه‌ستده‌كه‌ین، له‌سه‌ر ئاستی تاكه تاكه‌ی مرۆڤه‌كانیش ، جیهانی تایبه‌ت بوونی هه‌یه. مرۆڤه‌كان گه‌رچی به یه‌كه‌وه ده‌ژین و، كۆمه‌ڵگا پێكده‌هێنن‌و، له‌م چوارچێوه‌شدا ، فۆرم و پێوه‌ر‌و، به‌هاكان، بۆ ئاسانكردنی ژیانی هاوبه‌ش و، پرۆسه‌ی به كۆمه‌ڵایه‌تی بوون، دێننه كایه‌وه ، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، وه‌ك تاكیش هه‌ر یه‌كه‌یان جیهانی سه‌ربه‌خۆ و، تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. كه له هه‌ندێ روه‌وه، له مرۆڤه‌كانی تر و، هه‌ندێ جاریش له كه‌سه هه‌ره نزیكه‌كانی خۆی جیای ده‌كاته‌وه.
به‌مه‌ش بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ، مرۆڤه‌كان هه‌ر له روخسار و شكڵ و دیوی ده‌ره‌وه‌یاندا جیاواز نین، به‌ڵكو له هه‌ندێ روه‌وه ، له روی پێكهاته‌ی سۆزداری و عه‌قڵی و، جیهانبینی و، جیهانی مه‌عنه‌ویشه‌وه جیاوازن. هه‌موو ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندی وخه‌سڵه‌ته جیاكه‌ره‌وه‌كانی مرۆڤه، وه‌ك كائینێكی خاوه‌ن عه‌قڵ و، ویست‌و، هه‌ستی ئه‌خلاقی‌و، مێژوو، ئاینده و، ئه‌ندێشه، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی ، كاتێك مرۆڤ به گوێره‌ی جیهانبینی یه‌كتاپه‌رستی له‌لایه‌ن خوداوه به جیا له گیانه‌وه‌ره‌كانی تر‌و سه‌ربه‌خۆ به‌دی هێنراوه و، له كه‌رنه‌ڤاڵێكی گه‌ردونی خوداویستانه‌ی به‌شكۆ و مه‌زندا هاتۆته كایه‌وه، ئه‌م خه‌سڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و تایبه‌تمه‌ندی و (تفرد)ه له به‌دیهێناندا، گه‌ر له ئاستێكیشدا بێت، له تاكه تاكه مرۆڤه‌كاندا ره‌نگی دابێته‌وه . نه‌ناسینی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، یاخود خۆ لێ نه‌یانكردن‌و، پشتگوێخستنی، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی، كپكردن و سه‌ركوتكردنی جۆره‌ها حه‌زی زگماكی‌و، به‌هره و، لێوه‌شاوه‌یی‌و، سه‌رهه‌ڵدانی سیستمه هه‌مه‌لایه‌نه تۆتالیتاره‌كان. چونكه هه‌میشه سه‌رچاوه‌یه‌كی گرنگی ئایدۆلۆژیا جه‌ماوه‌رخوازه‌سازده مه‌ترسیداره‌كان ، له داننه‌نان، یاخود پشتگوێ خستنی جیاوازییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. بۆ نموونه نكولی كردنی جیاوازی له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه‌كان ، شۆفێنیزم و ره‌گه‌زپه‌رستی و، سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی لێ ده‌كه‌وێته‌وه. له‌سه‌ر ئاسته‌كانی تریشدا ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆی ده‌بێت. هه‌ندێ جاریش قوڵكردنه‌وه‌ی زیاد له پێویستی جیاوازی‌و، به له‌كه له قه‌ڵه‌مدانی سیما و تایبه‌تمه‌ندی هه‌ندێك جیاواز، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی خراپه و تاوانی جۆراوجۆر و، بردنه ده‌ره‌وه‌ی روانینه جیاوازی و، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كردنی، بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌خلاق و به‌هاكانی شایسته به ژیانی مرۆڤ و، كۆمه‌ڵگای مرڤایه‌تی . هه‌روه‌ك له (ئاپارتاید) و نه‌ژادپه‌رستی دا ده‌یبینین‌و، به داخه‌وه له چه‌ندین شوێنی دنیاشدا ، ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر ئاستی ره‌گه‌زیش، واته په‌یوه‌ندی ره‌گه‌زی نێر و مێشدا پیاده ده‌كرێت!!
ئێمه سه‌ربه‌خۆ خوڵقاوین و، ده‌بێ رێز له كه‌سێتی سه‌ربه‌خۆشمان بگیرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆڤ ، كه مرۆڤه سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن ویسته جیاوازه‌كان و، خێزان و بنه‌ماڵه‌كانیان پێكی ده‌هێنن، نه‌گۆڕێت، به مێگه‌ل و، ده‌سه‌ڵاتداریش خۆی لێ نه‌بێت به شوان، هه‌روه‌ك به داخه‌وه له هه‌ندێك قۆناغی مێژووی مرۆڤایه‌تیدا به‌و جۆره بووه .
هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته ئاو زۆر ده‌كێشێ و، ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه، به‌ستنه‌وه‌ی جیهانبینی و جیهانه تایبه‌ته‌كه‌ی كه‌سی توندڕه‌وه، كه لێره‌دا به پله‌ی یه‌كه‌م مه‌به‌ست له توندڕه‌وی و سه‌ختگیری به ئیسلام پاساو دراو و ئاینی یه به‌وه‌ی ده‌مانه‌وێت په‌نجه‌ی بخه‌ینه سه‌ر ، جیاوازی جیهانه تایبه‌ته‌كه‌ی توندڕه‌وه له‌گه‌ڵ، جیهانی سه‌رده‌م‌و، به‌ها و نۆرم و پێوه‌ره‌كانی‌و، لۆژیكی سیاسه‌ت و، رێكخستن و ژیانكردن تیایدا.
كێشه‌ش له بنه‌ڕه‌تدا له‌بوونی جیهانی تایبه‌تی توندڕه‌و و، تاكی توندڕه‌ودا نی یه، به‌ڵكو له تێكه‌ڵ بوونی جیهانبینی یه‌كه‌یدا ، به ململانێ‌ی سیاسی یه‌كان و به‌كارهێنانی هێز و توندوتیژی و، بوونی ته‌ماحێكی دیاریكرا‌و، بۆ سڕینه‌وه و خه‌ت هێنان به‌سه‌ر جیهانه تایبه‌تیه جیاوازه‌كانی ئه‌وانی تردا و، جیهانه هاوبه‌شه زاڵ و دیاره‌كه‌ی سه‌رده‌میش. هه‌روه‌هاكێشه له‌وه‌دایه، هه‌ڵگری جیهانبینی توندڕه‌وی، له كاتێكدا به‌جه‌سته و له رووی فیزیكی یه‌وه، له جیهانی سه‌رده‌مدا ده‌ژیت و، تێكه‌ڵ به كێشمه‌كێشه‌كانی ئه‌و ده‌بێت ، له ئاستی بیركردنه‌وه و جیهانبینی و، راڤه‌كردن و كه‌ره‌سه‌كانی‌و، پۆلێن كردن و مه‌نزومه‌ی ناولێنان و، ناوه‌رۆك و ناسنامه پێدان، به كه‌س و هێز و كلتور و دیارده‌كان، كوڕی جیهانێكی رابردووه و، نوێنه‌رایه‌تی قۆناغێكی تێپه‌ڕبوو، جیهانێكی جیاواز له‌م جیهانه‌ی ئێستا ده‌كات؟!. چونكه هه‌روه‌ك بیرمه‌ندی ناسراوی ئێرانی ( دكتۆر سروش) ده‌ڵێت : ئه‌وه‌ی هه‌ڵگری بیروڕای ئه‌م سه‌رده‌مه نه‌بێت، له ئێستادا ناژی، واته هێشتا له رابردوو جیهانی كۆنی پێش مۆدێرنه‌دا ده‌ژیت.
كه‌سی توندڕه‌و پێ‌ی وا نیه گۆڕانێكی ریشه‌یی قوڵ له جیهاندا رویدابێت، هه‌روه‌ها بڕوای به جیهانبینی یه‌كی چه‌سپاو و، ده‌ستكاری نه‌كراوی هه‌تا هه‌تایی هه‌یه، به حوكمی ئه‌وه‌ی پێ‌ی وایه كۆتا په‌یامی خودا بۆ سه‌ر زه‌وی هاتووه و، خودی ئه‌مه‌ش سه‌رو مێژوویی بوونی جیهانبینی یه‌كتاپه‌رستانه ده‌خوازێت، كه ئه‌و خۆی به هه‌ڵگر و تێكۆشه‌ری رێگای ده‌زانێت؟! . جه‌وهه‌ری ئه‌و كوده‌تا و ئاڵوگۆڕه گه‌ورانه‌شن كه له دوای سه‌رهه‌ڵدانی مۆدێرنه‌ی خۆرئاواوه، هاتونه‌ته گۆڕێ ، هیچ نیه، جگه له بارگاوی بوونی قۆناغێكی مێژوی مرۆڤایه‌تی ،به هه‌ناسه‌یه‌كی شه‌یتانی و، گوناهو سه‌رپێچی و گومڕایی!! مێژویه‌كی له‌و جۆره‌ش، نه‌ك هه‌ر شایسته‌ی دانپیانان و، پیاهه‌ڵدان و ستایش كردن نیه، به‌ڵكو ده‌بێت روبه‌ڕووی بوه‌ستینه‌وه و، وه‌ك لیمفێكی شێرپه‌نجه‌ی ناو جه‌سته‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی سه‌یری بكه‌ین؟! ئه‌م مرۆڤه كه له درێژه‌ی تێكه‌ڵ بوونی جیهانبینی یه‌كه‌ی به كێشمه كێش و بێنه و به‌ره‌كان، له ناو گروپدا ته‌ماهی ده‌كات و، چێژ له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه، هه‌ست به خودی سه‌ربه‌خۆی له‌ده‌ستبدات‌و، ببێته بڵغویه‌ك له ماشێنی گروپدا، نه‌ك ته‌نها به بیركردنه‌وه له‌م جیهانه بڕاوه، به‌ڵكو دژ به هه‌موو ئه‌وانه‌شه ، كه به واتا مۆدێرنه‌كه‌ی، باس له دابڕانی مه‌عریفی و، جیهانێكی نوێ‌ی جیاواز ده‌كه‌ن!!
به‌ڵام له‌و سۆنگه‌وه كه ئه‌مان له ئه‌شكه‌وتا ناژین، وه‌ك هاوه‌ڵانی ئه‌شكه‌وت و، له كۆمه‌ڵگاكاندا گه‌وره بوون، له كاتێكدا له‌سه‌ر ئاستی جیهانبینی و ، بیروڕا زۆر خه‌ڵكی ئه‌م جیهانه نوی یه پڕ له دژ به‌یه‌كی و خێرا‌و گۆڕاو و ماددی گه‌ری و، پڕ له به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازدا نین، راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ كێشمه كێش و ، ململانی و، ده‌رهاویشته‌كانی ناویدا ده‌رگیرن، شه‌ڕه‌نگێزی و، مه‌ترسی و ترسناكیشی هه‌ر لێره‌وه، په‌ره‌ده‌ستێنێت. ئه‌و كاره‌سات و رووداو‌و، كێشمه كێشانه‌ی ده‌بنه چوارچێوه‌ی گه‌شه‌كردن و، گه‌وره‌بوونی جیهانبینی توندڕه‌وی، وه‌هم نین، به‌ڵكو واقیعێكه و له ئارادایه. بۆ نموونه به كرده‌وه له عێراق و سوریادا شكستی ده‌وڵه‌ت و، شه‌ڕی ناوخۆ و، ململانێ‌ی تایه‌فی و، وێرانی و، ئازارێكی زۆر بوونی هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌شه له قۆناغێكی قوڵبوونه‌وه و بێ ئاسۆیی خۆیدا (داعش) به‌رهه‌م ده‌هێنێت و، ئه‌و رۆڵ و قه‌باره و، كاریگه‌ره‌شی پێ ده‌دات، كه بۆ دوور و نزیك له‌به‌ر چاوه و، جیهانی به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كردووه. به‌ڵام با سه‌ره‌تا باس له گرنگترین خه‌سڵه‌ت و جیاكه‌ره‌وه‌كانی جیهانی كۆن و نوی بكه‌ین. بۆ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان لێیان روون بێت و، وردتریش ره‌گ و ریشه‌كان و ژێرخانی مێژویی جیهانبینی توندڕه‌وی، تێبگه‌ین و، دوای ئه‌وه بێینه سه‌ر ، بنه‌ڕتترین جیاكه‌ره‌وه فكری هه‌ڵگری یه‌كانی جیهانبینی توندڕه‌وی .
هه‌ندێ له تایبه‌تمه‌ندی و جیاوازییه‌كانی
جیهانی كۆن و نوێ
یه‌كه‌م/ هه‌ندێ خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی جیهانی كۆن :
1. باڵاده‌ستی غه‌یبانیه‌ت‌و ئه‌فسانه له په‌یوه‌ندی به تێگه‌یشتن له سروشت و، جیهان و، مرۆڤ و، دیارده سروشتی یه‌كانه‌وه. مه‌به‌ست له‌م خاڵه ئه‌وه‌یه، كه جیهانی كۆن، به به‌راورد به ئێستا، تا راده‌یه‌كی زۆر، جیهانێكی پڕ راز و نیاز و، تاریكایی و، پانتایی نه‌ناسراو و، ده‌ستلێنه‌دراو بووه. سنورداری توانا زانستی یه‌كانی مرۆڤیش له‌و سه‌رده‌مه‌دا، وایكردووه، ناسینی بۆ ژینگه‌ی ده‌وروبه‌ر و، دیارده جیاوازه‌كان، سنوردار بێت‌و، هه‌ندێكیشی تێكه‌ڵ به وه‌هم و خه‌یاڵ بێت‌و ، دور بێت له راستی یه‌وه، هه‌ڵبه‌ت بێ ئه‌وه‌ی ئه‌مه به‌و واتایه بێت، ئه‌و جیهانه له هه‌موو فۆرمێكی بیركردنه‌وه‌ی زانستی‌و، عه‌قڵگه‌رایی ، چۆڵ بووبێت، ره‌نگه یه‌كێ له وه‌زیفه‌كانی ئه‌فسانه‌ش له‌و جیهانه‌دا، لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ دیارده و، وێناكردنی هه‌ندێ خه‌ون و خۆزگه‌ی، ناخی مرۆڤ بووبێت، كه هه‌ل و مه‌رجی سه‌ختی ژیانكردن نه‌یهێشتووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ن ببینرێن و بناسرێن.
2. باڵاده‌ستی ئاین ، جیهانی كۆن له روكارێكیدا به‌وه ده‌ناسرێته‌وه ، كه ئاین، له ئاست و، كایه و، فۆرمی جۆراوجۆردا، رۆڵێكی گه‌وره‌ی گێڕاوه و، عه‌قڵیه‌تی ئاینی، عه‌قڵیه‌تی باڵاده‌ست بووه .
– ئاین بناغه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دابینكردنی ره‌وایه‌تی سیاسی و فۆرمدان به ده‌سه‌ڵات وسیستمی سیاسی و ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی بووه.
– به شێوه‌یه‌كی گشتی دانیشتوان ، ئاینیانه پۆلێنكراون و، ناسنامه‌یان پێدراوه‌و ، پێگه و مافیان بۆ دیاریكراوه.
– به‌شێ له شه‌ڕه‌كان به پاڵنه‌ری ئاینی یاخود به ناوی ئه‌وه‌وه هه‌ڵگیرساون وكراون.
له سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپادا ، فۆرم و لێكدانه‌وه‌ی ئاینی باڵاده‌ست و چه‌قبه‌ستوو به ده‌زگایی كرا‌و، فشارێكی قورسی بۆ سه‌ر جوڵه‌ی عه‌قڵ و، داهێنان‌و، ئه‌زموونكردنی ژیانی جیاواز و، گه‌یشتن به تێگه‌یشتنی نوێ له‌مه‌ڕ جیهان ، دروست كردبوو.
دوای قۆناغی گه‌شانه‌وه‌ی شارستانی له دنیای ئیسلامیشدا، هۆشیاریه‌كی ئاینی نه‌رێنی و قه‌زا و قه‌ده‌ر مه‌شره‌ب و، تێكه‌ڵ به هه‌ندێ شتی بێ بنه‌ما و پڕ و پوچ و ئه‌فسانه و، ده‌مارگیری ،باڵی به‌سه‌ر زۆرێ له كایه‌كانی بیركردنه‌وه و ژیاندا كێشابوو.
3. وه‌ستان و نه‌گۆڕان. جیهانی كۆن له‌به‌ر سنورداری ئاستی پێشكه‌وتنی زانستی و ژیاری مرۆڤ ، جۆرێ له نیمچه وه‌ستاوی و نه‌گۆڕی و خۆدووباره كردنه‌وه‌ی به خۆوه گرتبوو، گۆڕانكاریه‌كان زۆر له‌سه‌ر خۆ و هێواش و سنورداربوون. سه‌دان ساڵ له مێژووی مرۆڤایه‌تی تێپه‌ڕیوه و ، گۆڕانێكی چۆنایه‌تی به‌رچاو به‌سه‌ر ئامرازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و، په‌یوه‌ندی یه‌كان و، شێوازی ژیان و گوزه‌رانی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكاندا نه‌هاتووه‌و، به گشتی بزاوتی مێژوو ناچالاك و خاو بووه.
4. لێكدابڕاوی جیهان و كه‌می په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵاوبوون ، به‌هۆی كه‌می و سه‌ره‌تایی بوونی هۆیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن و، گه‌یاندنه‌وه، كلتور و ژیار و ئاینه‌كان له جیهانی كۆندا، تا راده‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ر خۆیاندا داخرابوون و، له یه‌كدی سه‌ربه‌خۆ بوون. ته‌نانه‌ت هه‌موو جیهان و به‌شه‌كانی پێكهێنه‌ره‌كانی گۆی زه‌ویش به ته‌واوه‌تی نه‌ناسرابوون، هه‌ر بۆیه ئێمه له مێژوودا باسی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌مریكا و( رأس الرجا‌و الصالح) و هاو وێنه‌كانیان ده‌بینین و ده‌خوێنینه‌وه . ئه‌مه‌ش وای كردووه، تێكه‌ڵاوی و یه‌كتر ناسین كه‌م بێت. دابڕاوی جیهانی كۆنیش له یه‌كتر و سنه‌رداری كارلێكه‌كان سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هره‌لێبردنی ناڕه‌وا و، ده‌مارگیری ئاینی و ناوچه‌یی و، سنورداریی ئاسۆی بیركردنه‌وه بووه.
5. باڵاده‌ستی ناسنامه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و، پوكانه‌وه‌ی تاك له ناو گروپ و ، ئه‌و ناسنامه گشتی یانه‌ی له ئارادا بوون. له جیهانی پێش مۆدێرنه‌دامرۆڤ وه‌ك ئه‌ندامی بنه‌ماڵه و، خێڵ و، گروپی ئاینی و فه‌رهه‌نگی ، چاره‌نووسی به‌وانی تره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و، زۆرجار ناچار بووه، ئۆباڵی تاوان و ره‌فتاری ئه‌وانی تر هه‌ڵبگرێت و، ناچار واز له كۆمه‌ڵێ ویست و مافی خۆی به سیفه‌تی تاكێكی سه‌ربه‌خۆ بێنێ، چونكه هه‌ستی كردووه، ده‌یخاته ده‌ره‌وه‌ی ره‌وایی گروپه‌وه، مرۆڤ له ئاسته سیاسیه‌كه‌دا به‌شی بووه له ره‌عیه‌ت و، ره‌عیه‌تیش زۆر به گران نه‌بێت، ورد ناكرێته‌وه بۆ تاكه‌كان.
6. دابه‌شكردنی توندی نێوان چین و توێژه‌كان. جیهانی كۆن له روانگه‌ی كه‌مترناسینی چه‌مكی تاك و، ده‌سته‌بژێربوونی كۆمه‌ڵێ (امتیاز)و خزمه‌تگوزاری وه‌كو، ئاینی و فكری و، نه‌ریتسالاری و، وه‌ستاوی و په‌نگخواردنه‌وه‌ی واقیعه‌وه، دایه‌شكردنه‌كان تیایدا، قوڵ و سه‌خت بوون.
ته‌نانه‌ت ئه‌مه له‌لای عه‌قڵێكی گه‌وره‌ی وه‌كو ئه‌فلاتون و، ئه‌رستۆ و، چه‌ندین بیرمه‌ند وفه‌یله‌سوف و، پیاوی ئاینی دا ده‌بینیه‌وه. سیستمی كۆیلایه‌تی و رێنجبه‌ری و خۆڵامێش، ده‌ركه‌وته‌یه‌كی ئه‌و ریزبه‌ندی ودابه‌شكردنه توند وسه‌خت و هه‌مه‌لایه‌نه‌ی نێوان مرۆڤه‌كان بووه. ئه‌م دابه‌شكردنانه له هه‌ندێ كات و شوێندا، به جۆرێك توند و دژوار بوون ، كه به‌شێ له خه‌سڵه‌ته ئینسانیه‌كانی له چه‌ندین گروپ و ناسنامه و چین و ره‌گه‌ز ستاندۆته‌وه. هه‌ر ئه‌مه بووه وای له یه‌كێكی وه‌كو ئه‌رستۆ كردووه بڵێت: كۆیله بونه‌وه‌رێكه له خوار مرۆڤی ئاسایی و، سه‌روه‌ره‌وه و، زیاتر وه‌ك ئامرازێكی به‌رهه‌مهێنمان سه‌یری كردووه.
هه‌روه‌ها تا سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌میش له به‌شێ له ناوه‌نده خۆرئاواییه‌كاندا، پاشماوه‌ی ئه‌و مشت و مڕه له‌سه‌ر ئافره‌ت مابوو، كه گومانی جدی له‌وه ده‌كرد هه‌ڵگری هه‌مان رۆحی پیاو بێت و، له هه‌مان ئاستی مرۆڤایه‌تیدا بێت . به‌شه‌كانی تری جیهان و له‌وانه‌ش جیهانی ئیسلامیش چه‌ندین دابه‌شكردنی نه‌خوازراوو جیاكاری كۆمه‌ڵایه‌تی به خۆوه بینیوه.
7. بوونی ئیمپراتۆریه‌ته‌كان وه‌ك فۆرمی خۆڕێكخستنی سیاسی و، نه‌بوونی سنوری چه‌سپاو و، سیستمێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر و بن دار. ئیمپراتۆریه‌ته‌كانیش به گشتی فره نه‌ته‌وه و ئاین و مه‌زهه‌ب بوون، گه‌رچی له هه‌ندێ بڕگه‌ی مێژوودا ئه‌م فره‌ییه كێشه‌ی بۆ دروست بووه. ئیمپراتۆریه‌ت له سایه‌ی نه‌بوونی یاسا و رێكخستنی نێوده‌وڵه‌تی تان و پۆدار و، باڵاده‌ستی لۆژیكی هێز و ، بوونی جه‌نگ به دۆخی ئاسایی نێوان ئیمپراتۆر و ، قه‌ڵه‌مڕه‌وه كلتوری و ئاینی و سیاسی یه‌كاندا، سنوری چه‌سپاو به‌و جۆره‌ی دوای هاتنه كایه‌ی مۆدێلی نوێ‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌یبینین و تێ‌ی ده‌گه‌ین، بوونی نه‌بووه. هه‌ناوی ئیمپراتۆریه‌تیش چه‌ندین فۆرمی لۆكاڵی ده‌سه‌ڵاتی ده‌ره‌به‌گانه‌و، هی تری به خۆیه‌وه بینیوه .
له ئاوینه‌وه