لەتیف فاتیح فەرەج
ئەوە ناشارمەوە پێشتر رەخنەی توندم لەسەر هەڵوێستی سیاسی، سیاسیەكانی توركمان هەبووە سەبارەت بە كەركوك وەك چۆن هەمیشە رەخنەم لە سیاسەت و سیاسیەكانی كوردیش هەبووە لەبەر ئەوەی لام وابووە، ئەگەر لایەنە سیاسیەكان نەبن، واتا ئەگەر بەردەوام كارو كاردانەوەی لایەنە سیاسیەكان نەبێت ئەوە كێشەی ئەو تۆ لە نێوان كوردو توركماندا نییە، چونكە لەڕووی كۆمەڵایەتیو ئابوریی و رۆشنبییری و هونەریەوە نزیكایەتی و هاوبەشیەكی زۆر هەیە. ئەو هاوبەشییەش تەمەنی سەدان ساڵە نەك هی ئەمڕۆ بێت، بەڵام سیاسیەكان هەم بۆ بەرژەوەندی و مانەوەی خۆیان هەم بۆ رازیكردنی ئەوانەی لە دەرەوەی حەساری ماڵەكە دەست وەرئەدەنە نێو ماڵەكە، هەمیشە نەیانتوانیوە وەك دوو بابای ئاسای نێو بازاڕ گفتوگۆ بكەن و پێكەوە دابنیشن.
راستی لە نێوان ئەو دوو هاوڵاتیە كوردو توركمانەدا هیچ كێشەیەك نیە كە لە چایخانەیەك لە ئەحمەدئاغا یان جوتقاوە دائەنیشن و بەدەم یەكەوە پێئەكەنن. كێشەكە لە شوێنی ترە، لە نێو كوردو توركمانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكاندا زۆر پرس هەیە هاوبەشەو پێویستی بەوەیە پێكەوە بیر لە چارەسەرو كردنەوەی گرێ سیاسیەكان بكرێتەوە، بۆ ئەوە لە هەردولا خەڵكانی رۆشنبیرو بەتواناو كارساز هەن. ئێستا لە هەر كاتێك زیاتر دەمی ئەوەیە ئەوان قسەی خۆیان هەبێت، ئەگەر ئەوان قسەی خۆیان بكەن ئیدی هیچ بوارێك بۆ ئەوانە نامێنێتەوە كە لەو دیوی دەرگاكەوە سەرگەرمی دانانی پلانەكانی خۆیانن، ئەمڕۆ زەمینەیەكی لەبار هەیە بۆ ئەوەی كورد دەستكراوانەتر پشكی ئەوانی تر هەم لە دەستوری هەرێمی كوردستاندا بچەسپێنێ هەم ئەو باوەڕەیان لادروست بكات ئەوان هاوڵاتی پلە یەكی ئەم وڵاتەن و بە هیچ شێوەیەك لە كورد جیاناكرێنەوە، ئەگەر دۆخێكی ئاوا بڕەخسێ ئەوە بە دڵنیاییەوە توركمانیش زیاتر دێنە پێشەوە. هەڵبەت من مەبەستم سیاسیەكانی توركمانە، دەنا وەك گوتم لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابوریەوە بارودۆخەكە شێوەیەكەی دیكەیە، ئەمڕۆ لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكانی دیكە سەدان كوردو توركمان لە كارو كەسابەت و دوكانداریدا شەریكن و پێكەوەن و هیچ كێشەیەكیان نییە ، ئەوە سیاسیەكانن هێشتا ئەو شەراكەت و پێكەوەییە پێویستەیان نەدۆزیوەتەوە.
ئەگەر بمانەوێ سبەینێ لەئەمڕۆ باشتر بێت، پێویستە نەرمی زیاتر بنوێنین بەرانبەر یەكترو هاوكاری یەك بین لە گەیاندنی كەشتیەكە بە شوێنی ئارام، بۆ ئەمە، دەكرێ هەمومان قسەی خۆمان هەبێت، بەڵام قسەكان بە ئاڕاستەی ئاشتەوایی و لێكتێگەیشتن، نەك بەئاڕاستەی دابڕان و دوركەوتنەوە لەیەكتر.
هاونیشتمانییە رەسەنەكان بەو جۆرە پێكەوە دەدوێن، ئەگەر چی زۆر جاریش هاوچارەنوسی ناچاری ئەوەمان دەكات زیاتر ئامێز بكەین بەیەكتردا، وەك چۆن سەرنشینەكانی تایتانیك لە نێو دەریا ساردەكەدا بۆ مانەوەوبەردەوامی باوەشیان دەكرد بەیەكدا، خۆ ئێمە كەشتیەكەمان ساغەو خۆمان پێویستمان بە چارەسەرە، ئەمەش پێویستی بە مێزو كاغەزو قەڵەم و دانیشتن و نیازە باشەكانە.
له كهركوك ناو وهرگیراوه