كاوە ئەمین
لە ماوەی هەفتەیەكدا، سەدان و هەزاران گوتار و راپۆرت لەسەر هێرشی تیرۆریستی سەر (شارڵی ئێبدۆ) بڵاوكرانەوە، كە تێیدا چەند رۆژنامەنووسێك و پۆلیس و خەڵكی سڤیل گیانیان لە دەستدا. بەڵام خەڵكی پاریس و فەرەنسا گۆڤارەكەیان بەتەنیا بەجێنەهێشت و گۆڤارەكە بە تیراژێكی سێ ملیۆنییەوە لە ماوەی چەند كاژێرێكدا هەمووی فرۆشرا. یەكێك لە حەنەكەكانی ئەمجارەی گۆڤارەكە ئەوەبوو “بیست و پێنج ساڵی دەوێت تاوەكو ببیت بە كاریكاتیرێستێكی باش، بەڵام بۆ ئەوەی ببیت بە تیرۆریست تەنیا 25 خولەك بەسە، چونكە ئەوان كەسانی تەمبەڵ و تەوەزەلن”.
لەلایەكی دیكەوە ئەو كاریكاتێرە تازەیەی لەسەر پێغەمبەری ئیسلام دروستكراوە و فرمێسكێك بە روومەتیدا دێتەخوارەوە، دیسانەوە بەشێكی زۆری موسڵمانانی توڕەكرد و هەندێك لە كەسایەتی فەرهەنگی و سیاسییەكانیش ئەو كارە بە زیادەڕۆیی دەزانن و پێیانوایە ناكرێت لە پەراوێزی ئازادی رادەربڕیندا، دەست بۆ سیمبووڵە ئاینییەكان ببردرێت و هەستی خەڵك بریندار بكرێت .
بەڵام خەڵكانێك كە پۆستی باڵایان هەیە بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان، بە قسە ئاگراوییەكانیان بەنزین بەو ئاگرەدا دەكەن كە كوژانەوەی و كۆنترۆڵكردنی ئاسان نییە. جێگری سەرۆكی پەرلەمانی سوێد، بیۆرن سۆدەر لە پارتی سوێدییە دیموكراتەكان كە پارتێكی دژە بیانییە، بە گاڵتەوە لە دیواری فەیسبووكەكەی نووسیویەتی “ئایینی ئاشتی رووی خۆی نیشاندا”، هەرچەندە زوو كۆمێنتەكی خۆی سڕیەوە، بەڵام هەر زوو كۆپیكراو و لە فەیسبووكدا ئەم دەست و ئەو دەستی پێدەكرێت.
ئەوەی لە هەمووی سەیرتربوو، نووسینێكی باڵیۆزی ئیسرائیلی بوو لە سوێد، ئیسحاك باچمان، كە تێیدا بە تووندی رەخنە لە ئیسلامییەكان دەگرێت و موسڵمانان بەوە تۆمەتبار دەكات كە “نایانەوێت بە ئاشتی لەگەڵ دینەكانی دیكەدا بژین”. هاوكات لیستێكی بڵاوكردووەتە لەو كارە تووندوتیژیانەی كە لەلایەن موسڵمانانەوە ئەنجامدراون . پاشان باسی ئەوە دەكات كە لایەنگرانی ئایینە گەورەكانی دیكە بە ئاشتی پێكەوە دەژین.
ئەم جۆرە لێكدانەوە و قسەكردنانە لەم كاتەدا، تەنیا ئاگرخۆشكردنە و هیچی دیكە، چونكە بەهیچ جۆرێك نابێتە هۆی لێكنزیكردنەوەی ئایینەكان، بەڵكو زیاتر لە یەكیان دووردەخاتەوە و بەتایبەتیش تووندڕەوەكان كەڵكی لێوەردەگرن، دەنا بۆچی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی سوێد ئاوا بێپەردە بە تەوسەوە دەڵێت “ئەوەیە دەموچاوی ئاشتی ئیسلامی”، دیارە بەو قسانە هەستی خەڵكی سوێدی دەجوڵێنێت و دەیەوێت دەنگی زیاتر و لایەنگری زیاتر بۆ خۆیان پەیدابكات.
وەنەبێت موسڵمانە تووندڕەوەكان لەوانی دیكە باشتربن. كەسێكی 32 ساڵە كە ناوی نەهاتووە و دەورێكی گرنگی هەبوو، پێشتر لە مزگەوتی ئۆریبۆ و ئێستایش لە مزگەوتی شاری یێڤلە لە سوێد دەوری هەیە، بە ئاشكرا پشتیوانی لە هێرشەكەی پاریس كرد و فرمێسكی بۆ كوژرانی دوو “تیرۆریست”ی سوێدی بە رەچەڵەك سۆماڵی هەڵدەڕێژێت كە لە شەڕەكانی ئەم دواییە لە عێراق لە ریزەكانی داعشدا كوژراون .
“نابێت ئێمە پێمانناخۆش بێت، یان ناڕەزایی دەرببڕین. ئێمە دەبێ پیرۆزبایی لە براكان و خێزانەكانیان بكەین. خوا لێێان قبووڵ بكات. شەهادەت شتێكە كە پێغەمبەری خۆشەویستمان سێ جار هیوای بۆ خواستووە، ئەوەش نیشانەی پایەبڵندی و ئاستبەرزی شەهادەتە، هەموو كەس ئەوەی بەنسیب نابێت. خوا ئەوە بە نسیبی هەموومان بكات”. ئەمە قسەی ئەو موسڵمانە 32 ساڵەیە كە لە دیواری فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی و، بووەتە بنێشتەخۆشەی دەمی رۆژنامەكانی سوید.
ئەمانە مشتێك لە خەروارێكی ئەو قسە ئاگرینانەن كە لەلایەن خەڵكانێكەوە رۆژانە دەرخواردی خوێنەران و بینەران و بیسەرانی وڵاتانی ئەوروپا دەدرێن. ئەم شەڕە درێژەی دەبێت، دووبارەبوونەوەی ئەوەی لە فەرەنسا روویدا چاوەڕوانكراوە، تەنیا كات و شوێنەكەی دیارینەكراوە، یانیش هێشتا نەخراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە. ئیدی ئەو پەندە ناخوات، ئاگرەسوورە لە خۆم دوورە، ئێستا ئاگری شەڕی تیرۆر بەردەركی هەمووانی گرتووە، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بنبڕكردنی هۆكارەكانی تیرۆر ئەركی هەموو جیهانە، دەبێ ئەوی لە زیندانەكانی ئەبوغرێب و شوێنەكانی دیكە روویدا دووبارە نەبنەوەو بە سووك تەماشاكردنی ئیسلام وەك ئایینێك دەبێ رابگیرێت و تیرۆری ئیسلامی لە ئایینی ئیسلام جیابكرێتەوە، تێكەڵاوكردنی ئەو دوو كارتە، كێرڤی تیرۆریستان دەباتە لووتكە.
لهرووداو وهرگیراوه