فراكسیۆنی پارتی:ده‌بێت سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی پەكەكە دابنرێت

0

فراكسیۆنی پارتی:ده‌بێت سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتە چەوتەی پەكەكە دابنرێتparty

نوچەنێت.هه‌ولێر:

فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ و، ڕایدەگەیەنێت “لە کاتێکدا وڵات لە شەڕی داسەپاوی گروپی تیرۆرستی جیهانی داعشدایە، پەكەكە بەبێ حیسابکردن بۆ دامەزراوە یاساییەکانی باشووری کوردستان و، ڕێزگرتن لە ئیرادەی ئەو خەڵکە زامدار و زوڵملێکراوەی شنگال، ڕێگە بە خۆی دەدا باس و خواستێکی ناڕەوا، بخاتە ڕۆژەڤەوە. كە جگە لە نایاساییبوونی، بە كارێكی چەوت و، بە هەوڵێکی نەزۆکی دەزانێت بۆ بەشبەشکردنی خاکی وڵات.

 دەقی ڕاگەیێنراوەكەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

 

(شنگال بەشێکی زامدار و دانەبڕاوی لاشەی نیشتمانە)

خەڵکی ئازیزی کوردستان

لە کاتێکدا وڵات لە شەڕی داسەپاوی گروپە تیرۆرستییە جیهانییەکەی داعشدایە و، جگە لە قارەمانیەتی پێشمەرگە و، خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، ئەوا پاڵپشتیی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و، یەکڕیزی و، تەباییی نێوان هێز و لایەنەکانی گشت بەشەکانی کوردستان، بووەته هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتن بەسەر ئەو پیلانەی کە دوژمنانی مرۆڤایەتی و ئازادی، بۆ خەڵک و خاک و ئەزموونی کوردستانیان داناوە.

بەڵام بە داخەوە لەو کاتەدا بەبێ حیسابکردن بۆ دامەزراوە یاساییەکانی باشووری کوردستان و، ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵکی زامدار و زوڵملێکراوی شنگال، پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێگە بە خۆی دەدا باس و خواستێکی ناڕەوا بخاتە ڕۆژەڤەوە.

ئەو کارە جگە لەوەی بێڕێزییە بەرامبەر بە دامەزراوە یاساییە کانی کوردستان، دەستوەردانیشه لە سەروەریی باشووری کوردستان و، سیاسەتی خۆسەپاندنە بەسەر ئیرادەی خەڵکی شنگالدا و، هەوڵێکیشە بە ئاراستەی پارچەپارچەکردنی خاکی وڵات.

بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای وەستانەوە بەرامبەر بەو کارە، داوا لە پەرلەمان و حکوومەت و، تەواوی لایەنە سیاسییەکان و، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و، ڕای گشتی دەکەین، کە بەرامبەر بەو کارە هەڵوێست دەربڕن و، دژی بوەستنەوە و، سنوورێک بۆ ئەو سیاسەتە چەوتە دابنێن، کە جگە لە نایاساییبوونی و، دەستوەردان لە سەروەریی باشووری کوردستان، هەر هێزێک ئەو کارە بکات و، هەر هێزێکیش پاڵپشتی بێ و، لێی بێدەنگ بێت کارێکی چەوته و، هەوڵێکی نەزۆکی بەشبەشکردنی خاکە.

بژی ئیرادەی گەلی ئازادیخواز

پتەوتر بێت یەکێتی ڕیزەکانی گەل

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

لە پەرلەمانی کوردستان

17/1/2015

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com