چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كانی داعش ده‌كرێت؟

0

داعش-عراق1
په‌یمانگای‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێمی كوردستان: تا ئێستا هیچ ته‌رمێكی داعشمان نه‌پشكنیوه‌
لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رمان: به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌مان گوتووه‌ هه‌ندێك شت له‌به‌رامبه‌ر ته‌رمه‌كانی داعش ده‌كرێت له‌ره‌وشتی پێشمه‌رگه‌ ناوه‌شێته‌وه‌

دڵشادهەرتەلی.نوچەنێت:
سه‌باره‌ت به‌ ته‌رمه‌كانی داعش ، لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مان ده‌ڵێ‌”: به‌وه‌زیری پێشمه‌رگه‌مان گوتووه‌ هه‌ندێك شت له‌به‌رامبه‌ر ته‌رمه‌كانی داعش ده‌كرێت له‌ره‌وشتی پێشمه‌رگه‌ ناوه‌شێته‌وه‌” په‌یمانگای‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێ‌”: تا ئێستا هیچ ته‌رمێكی داعشمان نه‌پشكنیوه‌”.

لە ئێستادا ژمارەیەك تەرمی داعش بەجێماوە لەو شوێنانەی هێزەكانی پیشمەرگەی هەرێمی كوردستان رزگاریان كردون یان هیَشتا شەری تیاماوەو هەندێك لەو تەرمانە وه‌ك له‌راگه‌یاندنه‌كان نیشان دراوه‌، له‌و شوێنانه‌ كه‌وتوون، نیشاندانی ئه‌و ته‌رمانه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌لای هاوڵاتیان و پەرلەمانتاران و چاودێرانیشه‌وه‌ كارێكی شیاو نییه‌، به‌تایبه‌ت هه‌ندێك جار هه‌ڵسه‌وكه‌وت له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كان ده‌كرێت و له‌كامیراكان نیشان ده‌درێت. چونكه‌ هه‌ندێك بڕوایان وایه‌، ئەوە زیان بەناوبانگی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان دەگەێنێت.

سەبارەت بەوەی ئایا لیژنه‌كەتان هیچ رێنمایه‌كی هه‌یه‌ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ته‌رمه‌كانی داعش بكه‌ن،دلێر ماوه‌تی،جێگری سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان وقوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان،لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت وتی”ئێمە مانگی پێشوو كە وەزیری پێشمەرگە و ستافەكەمان بانگ كرد بوو بۆ لیژنەی پیشمەرگە یەكێك لەو خاڵەی كەپێمان گەیاندبوو ئەوەبوو كە هەندێك شت دەكرێت لەلایەن هێزەكانی پیشمەرگەوە بەرامبەر تەرمەكانی داعش یا دوژمن لەرەوشتی پێشمەرگە ناوەشێتەوە و هەیبەتی پێشمەرگە كەم دەكاتەوە و خەڵك ئەم جۆرە كارانە دەبینێت،لەبەر ئەوە دەبێت تەعمیمێكی جدی دەركەن كە هیچ كەسێك زاتی ئەوە نەكات كە كاری ناشایستە بەرامبەر هیچ جۆرە تەرمێك بكات“.

بەپێ زانیارییەكانی نوچەنێت،تا ئیستا وەكو پێویست هێزەكانی پێشمەرگە پابەند نەبوون بەرێنمایەكانی لیژنەی پێشمەرگە،دلێر ماوه‌تی كە لەهەمان كاتدا پەرلەمانتاری یەكێتیە دەڵێت”یەكێك لە كیشەكانی ئەم وڵاتە ئەوەیە كە بڕیار و یاسا زۆر دەردەكرێت،بەڵام جێبەجێ ناكرێن،یەكێك لەو كێشانەی ئێمەش ئەو جێبەجێ نەكردنەیە كە دەچێتە خانەی هەموو جێ بەجێ نەكردنەكانی تر،حەقە بەتایبەتی ئەو خاڵەی كە ئێوە وەكو سایتەكەتان دەستنیشانتان كردوە پەیوەندی بەمەسەلەی مافی مرۆڤ و هیەبەتی پێشمەرگەوە هەیە كە ئێستا پیشمەرگە بوەتە سمبولێكی نێودەوڵەتی،هەیبەتی وەزارەتی پێشمەرگە و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان توشی لەكە دەكات بۆیە ئێمە جارێكی تریش پێدادەگرین و وەزیری پێشمەرگە ئاگاداردەكەینەوە كە بە تەعمیمێكی رەسمی زۆر بەجدی هەڵوێستە لەسەر ئەو كارە ناشایستانە بكات“.

زۆر جار ئەو ته‌رمانه‌ له‌روی سیاسیه‌وه‌ و بۆ بەدەست هێنانی زانیاری سودیان لێوەردەگرێت و لەلایەن پزیشكی داده‌وه‌، پشكنیان بۆ دەكرێت بۆ ئەوە بناسرێنەوەو بزانرێت ئەمانەكێن،بەڵام بەپێ زانیارییەكانی نوچەنێت وەزارەتی پیشمەرگە ئەو كارەی نەكردوەو جێگری سەرۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ش زانیارییەكانی نوچەنیت پشت راستدەكاتەوەو رایدەگەێنێت”ئێمە وەزارەتی پێشمەرگەمان ئاگادار كردوەتەوە لە رێگەی نەخۆشخانەكانی خۆی كە دەبێت خوێنی ئەو تەرمانە وەربگیرێت،بەڵام نازانین تاچەند پشكنینی كردوە،ئەوقسەیەی ئێوە وەكو سایتەكەتان تێبینێكی جوانە و بەنەزەری ئیعتیباریش وەردەگرین و پێداگری لەسەر پشكنینی ئەو تەرمانەی داعش دەكەین“.

ناوبراو وتیشی”ئەوەشمان بەوەزارەتی پیشمەرگە وتوە كە دەبێت هەوڵی گۆرینەوەو ناردنەوەی ئەو تەرمانە بدرێت،گەر كەس و كارەكانیان هاتن،چونكە مردن كۆتایی تەمه‌نە و ئەوەش یەكێكە لەرەوشتی خەڵكی شۆڕەشگێڕ و گەلی ئازادیخواز و پێشكەوتنخواز،بۆیە زۆربەی تەرمان كەدەمێنەوە دەنێژێن و شوێن گوم ناكرێن،بەڵام یەكێك لە كێشەكانمان ئەوەیە كە داعش بە هیچ جۆرێك تەرمەكانی خۆی وەرناگرێتەوەو نایان گۆڕێتەوە،ئەو پێوایە هەر فیشەكێك كە تەقی قاڵبەكەی هیچ بەهایەكی نیە“.

لەلایەكی تریشەوە بێستون فائق،پەرلەمانتاری گۆڕان و ئەندامی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان تایبەت بەنوچەنێت وتی”تەرم شتێكی بێ رووحی بێ گیانی بێ هەستی بێ جوڵەیە،هیچ دەسەڵاتێكی نیە،نادروستە لەرووی مافی مرۆڤەوە بەم شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت“.ئەندامەكەی لیژنەی مافەكانی مرۆڤ وتیشی”ناوبانگی هەموو كوردستان لەكەدار دەكات،دەكرێت ئەو تەرمانە لە شوێنێك كۆیان بكەنەوەو چاڵێكیان بۆ هەڵ بكەن و بیان خەنە چاڵەكەوە و هیچ پێویستی بەسوكایەتی كردن پێیان ناكات”.

ناوبراو راشیگەیاند”كاتی خۆی لە خانەقین لەسەرەتای شەڕەكانی داعش دوو تەرمی داعش سوتێنران و هەڵواسران بە عامودەوە،ئەمەش داعشی توڕەكرد و پەرلەماری ئەو ناوچەیەی دا” ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رونیشیكردەوە”ئەم كارە هەر بۆ خۆی خراپە پێویست ناكات سوكایەتی بەتەرمەكانی داعش بكرێت،من نەشم بیستوە بەو شێوازە دڕندانەیە ئەو كارە كرابێت رەنگە لە شوێنێك پێشمەرگەێك ئەو كارەی كردبێت،ئێمە ئێستا لەحاڵەتی شەرین،تۆ پێشمەرگەیەك چەند هاورێكی بەتەنیشتەوە شەهید دەبێت بێگومان كاری ناتەندروست دەكات،ئەمە لەهەموو دونیا وایە،لە جەنگی جیهانی یەكەم و دووەمیش ئەوە هەبووە،ئەمە نامەعقوڵیە لەرووی مافی مرۆڤەوە،نەك تەرم دەبێت لەگەڵ دیلەكانیش ئەو كارە نەكرێت چونكە ئەوانیش وەكو تەرم وان و هیچ دەسەڵاتێكیان نییە و هیچیان پێ ناكرێت“.

بێستون فائق،ئەوەشی بۆ نوچەنێت ئاشكرا كرد كە”ئەمە حاڵەتێكی ناتەندروستە و نابێت بەو شێوەیە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو تەرمانە بكرێت و نابێت ببێتە نەریت،وەكو لیژنەی مافی مرۆڤ بۆ ئەو پرسە هیچمان نەكردوە و ئەم بابەتە ئێوە قابیلی گفتو گۆ و لێكۆڵینەوەیە، بەڵام ناتوانرێت ئەو دیاردەیە كۆنتڕۆڵ بكرێت و ئەو كەسەی لەوێ بەرپرسە مەسئولە لەوكارەو هیچ ئەمرێك نیە لەوەزارەتی پێشمەرگە بڵێت دیل و تەرمەكانیان والێبكەن“. لەلای خۆشییەوە سەبارەت بە هەمان پرس كە ئایا ئەو تەمانەی داعش پشكنینیان بۆكراوە،د.یاسین كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری‌ په‌یمانگای‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ هه‌رێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە نوچەنێت وتی”تا ئێستا هیچ تەرمێكی داعش نەهێراوتە پەیمانگاكەمان بۆ ئەوەی پشكنینی بۆ بكرێت“.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com