بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەى لە میحوەری مهخموور بەسەر كردەوە
نوچەنێت.ههولێر:
بارزانی هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری مهخموور بەسەر كردەوەو بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ به وردی تاوتوێ كرا و دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم میحوەرە كرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ههرێم بڵاوی کردەوە”ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی 1ـی 2015 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ڕهوشی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بەسەركردنەوەی هێزی پێشمەرگە سەردانی میحوهری مهخمووری كرد“.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕەكە”لەم سەردانەدا بارزانی لەگەڵ فەرماندە سەربازی و مەیدانییەكانی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری مهخموور كۆبۆوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ به وردی تاوتوێ كرا و بارزانی دەستخۆشی لە پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەم میحوەرە كرد، كە لە ماوهی ڕابردوودا زۆر قارهمانانه بهرگریان له كهرامهتی خهڵك و خاكی كوردستان كردووه و گورزی كوشندەیان له تیرۆریستان وەشاندووه، بۆ ئهمهش سوپاسی گیانفیدایی و خۆڕاگریی پێشمەرگەی كرد و ئاماژهی بهوهدا، كه بەهۆی گیانفیدایی و قارەمانێتیی پێشمەرگە هەموو جیهان بەچاوی ڕێزەوە سەیری كوردستان دەكات و پێشمەرگە توانیویەتی ئهفسانهی داعش تێكبشكێت“.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ئەوەی خستۆتەڕوو کە”بارزانی ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە خوێنی شەهیدە سەربەرزەكانمان بە فیڕۆ ناچێت و ئەوان لەپێناو دۆزێكی ڕەوا و بەرگریكردن لە كەرامەت و خاكی وڵاتەكەیان گیانی خۆیان بەخت كردووە“.
ماڵپەڕەكە ئەوەش ئاشکرا دەکات کە”هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارزانی گوێبیستی تێبینیی فەرماندە مەیدانییەكانی میحوەری مەخموور بوو و، لەبارەی پلان و بەرنامەكانی هێزی پێشمەرگە لەم میحوەرەدا ڕێنمایی پێویستی بۆ فەرماندەكان خستەڕوو“.