پەرلەمانی کوردستان: پشتگیری حکومەتی خۆجێی پاریزگاکان دەکەین
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان: پشتگیری پەرلەمانی حکومەتی خۆجێی پاریزگاکانی دوپاتكردوەو رایگەیاند، پێویستە چاودێرێکی وردی کارەکانی حکومەتە خۆجێیەکەی هەولێر بن، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری پیشکەش بە هاوڵاتیان بکەن
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە پێشوازی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆکی فراکسیۆنە جیاوازەکانی ئەنجومەنەکەدا،وتی “دەبێت ئێوە بە گیانی یەک تیمییەوە کار بکەن، چونکە ئێوە نوێنەری هەڵبژێراوی هاوڵاتیانی پارێزگای هەولێرن و هەریەکەشتان نوێنەری لایەنێکی جیاوازن. بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتریش، پێویستە چاودێرێکی وردی کارەکانی حکومەتە خۆجێیەکەی هەولێر بن، بۆ ئەوەی زۆرترین خزمەتگوزاری پیشکەش بە هاوڵاتیان بکەن“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”ئەمڕۆ سێ شەممە، ١٣-١ عەلی ڕەشید سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد ولەلایەن دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازیکران“.
لەسەرەتای دانیشتنەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی هەولێری خستە ڕوو، هیوای خواست پەیوەندی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنی پاریزگاکان پتەوتر بێت، لە پێناو پیشکەشکردنی زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”سەرۆکی پەرلەمان، لە بارەی خزمەتگوزارییەکانی هەولێرەوە، وتی “هەولێر پایتەختی هەرێمە،پێویستە زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات،هەوڵیش بدەن دەرفەتی زۆرتر بڕەخسێنن بۆ بەشداری هاوڵاتیان لە بڕیارەکانتاندا“.
لەبارەی خزمەتگوزاری بۆ گەڕەکە هەژارەکان و شارە دێیەکانی دەرەوەی مەڵبەندی پارێزگا، سەرۆکی پەرلەمان، وتی “گرنگە ئێوە گرنگی بەو شوێنانەش بدەن، چونکە لە رووی خزمەتگوزارییەوە پێویستە ڕەچاوی دادپەروەری شوێنە جیاوازەکانی پارێزگاکە بکرێت“.
لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، هەریەک لە جێگر و سکرتێری پەرلەمان، سەرنج و تێبینی خۆیان لە بارەی کارو چالاکییەکانی ئەنجومەنی پارێزگا و هەماهەنگی نێوان پەرلەمان و ئەنجومەنەکەیان خستە ڕوو.