عارف روشدی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی: له ئه‌جێندای ئێمه‌دا نیه، هێز به‌رانبه‌ر به هیچ كه‌سێك كار بهێنین
“ئۆپۆزسیۆن ده‌ستپێشخه‌ری توندوتیژی بوون”
نوچه‌نێت: رێبوار ره‌زا چوچانی
عارف روشدی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، له‌م دیمانه‌دا رایده‌گه‌یه‌نێت، هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ده‌ستپێشخه‌ری توندوتیژین، ده‌شڵێت “له ئه‌جێندای ئێمه‌دا نیه، هێز به‌رانبه‌ر به هیچ كه‌سێك به‌كار بهێنین”.
نوچه‌نێت: پێتانوایه هێوربوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان تا سه‌ر بێت، یان له‌شكركێشی بۆ سه‌ر ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان، بتوانێت بارودۆخی هه‌رێم بگێڕێته‌وه بۆ به‌ر له رووداوه‌كانی 17ی شوبات؟
عارف روشدی: هێور بوونه‌وه‌كه ده‌بێت ئیدامه‌ی پێبدرێت، به‌ره‌و هێور بوونه‌وه‌یه‌كی سه‌قامگیر، چونكه كه‌شوهه‌وای ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمی كوردستان، له‌و ئاسته‌دا نیه كه پشێوی به‌رده‌وام و نائارامی به‌رده‌وام هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ی ئه‌مرۆ له رۆژهه‌ڵڵاتی ناوه‌ڕاستدا كێشه‌یان هه‌یه، پێموایه ئێمه له زۆر بواردا زۆر جیاوازین له‌وان، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ره‌های خه‌ڵكی كوردستان له‌گه‌ڵ هێور بوونه‌وه و هێمن بوونه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن كه هێزه سیاسییه ركابه‌ره‌كان، به‌شێوه‌ی سیاسی و له چوارچێوه‌ی په‌رله‌مان و ده‌زگاكانی حكومه‌تدا كێشه‌كانی خۆیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، واته ئه‌گه‌ر خه‌ڵك داواكارییه‌كی هه‌یه، ده‌بێت حكومه‌ت به پلانێك چاره‌سه‌ری بكات، پێشموایه حكومه‌ت دركی به‌وه كردووه.
هه‌روه‌ها هێنانی هێز بۆ ئه‌و ناوچانه شتێكی كاتییه، ئه‌وه له هه‌موو وڵاتانی دنیا ئه‌گه‌ر شتێك رووبدات و بزانن شتی خراپی لێبه‌رهه‌م دێت، ده‌توانن هێزه‌كان بخه‌نه گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان ته‌شه‌نه نه‌كات، ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌یری سلێمانی بكه‌ین، هێزه ئه‌منییه‌كان زۆر كه‌م ماون و زۆربه‌ی هه‌ره زۆرییان گه‌ڕاونه‌ته‌وه شوێنه‌كانی خۆیان.
نوچه‌نێت: مه‌به‌ستتان له هێنانی ئه‌و هێزه چییه بۆ ئه‌و ناوچانه، چونكه لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن پێیانوایه، مه‌به‌ست له هێنانی ئه‌و هێزانه سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌رانه؟
عارف روشدی: هێنانی ئه‌و هێزانه هیچ مه‌به‌ستێكی تێدا نیه بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران، ته‌نها بۆ راگرتنی توندوتیژی بوو، ئه‌و رۆژانه‌ی كه توندوتیژی هه‌بووه، ئه‌وان ناوبژیوانییان كردووه، له ئه‌نجامیشدا ده‌یان پۆلیس بریندار بوون، ئه‌وه‌ش قبوڵكرا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك ئه‌زییه‌ت نه‌خوات، له‌و رۆژه‌وه خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی له بازاڕه، چونكه پێشتر بازاڕ ره‌شبینییه‌كی پێوه دیار بوو، ئێستا پڕه له خه‌ڵك و جوڵه‌ی بازاڕ باشتر بووه.
نوچه‌نێت: كێ به‌رپرسیاری ئه‌و دۆخه‌ی ناوچه‌كانی سلێمانی بوو كه درووست بوو؟
عارف روشدی: به‌رپرسیارێتی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌ری توندوتیژییه‌كان بوون، یه‌كه‌م رۆژ كه ئه‌و خۆپیشاندانه ده‌ستی پێكرد، به ناوی پشتگیریكردن بوو له تونس و میسر و هه‌ر به‌وهۆیه‌شه‌وه مۆڵه‌تییان پێداون، به‌ڵام له دواییدا ئه‌وانه كه خاوه‌نی ئه‌جێندای تایبه‌ت بوون، توانیان رێڕه‌وی خۆپیشاندانه‌كه بگۆڕن و ئه‌و كاره خراپه‌ی لێكه‌وته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان راستگۆ بن له‌گه‌ڵ خۆیان، ده‌بێت دان به‌و راستییانه‌دا بنێن، چونكه ده‌بێت بزانن كه ئه‌جێندای خۆپیشاندانی خۆڕسك دیاره و ئه‌جێندای سیاسیش دیاره، بۆیه حه‌ق نیه ئه‌جێندای سیاسی بچێته پاڵ ئه‌جێندای خه‌ڵك به ناوی پاڵپشتی لێ‌كردن و دواتر بۆ خۆی به‌كاری بهێنێت، بۆیه پێموایه به‌كارهێنانی داواكارییه‌كانی خه‌ڵك له چوارچێوه‌ی هه‌ندێك ئه‌جێندای سیاسی‌دا، ئه‌و كێشه‌یه‌ی خولقاندووه.
نوچه‌نێت: حكومه‌ت بودجه‌ی حیزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی بڕیووه، پێتانوایه له‌م كاته‌دا ده‌روازه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ نزیكبوونه‌وه له یه‌ك؟
عارف روشدی: ده‌بێت له هه‌موو حاڵه‌تێكدا له‌گه‌ڵ ئه‌وه بین، كه ته‌نها زمانی دایه‌لۆگ و لێكتێگه‌شتن و رێزگرتن له بیروبۆچوونی یه‌كتر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌كات، ئێستاش حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه، بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و هێزانه دانیشتن بكات و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و پرۆژانه‌ی كه حكومه‌ت هه‌یه‌تی و ئه‌و پرۆژانه‌ی ئه‌وان هه‌یانه، بتوانن رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆژه‌یه‌كی نیشتیمانی بكه‌ن و كێشه‌كان به‌ره‌و چاره‌سه‌ری ببه‌ن.
نوچه‌نێت: ئه‌ی ناردنی هێز بۆ سنووره‌كان بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئایا ترسه له‌وه‌ی كه هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كان ئه‌و ناوچانه به‌كارنه‌هێنن له كاتی رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌دا؟
عارف روشدی: خۆی له راستیدا هێز ده‌بێت له سنوور بێت، چونكه ئه‌وه ئه‌ركی هێزی سه‌ربازییه، كه پارێزگاری له سنووره‌كان بكات، به‌ڵام هیچ مه‌به‌ستێكی تری له پشته‌وه نیه.
نوچه‌نێت: به‌ڵام پێتانوایه به‌كارهێنانی هێز كاریگه‌ری هه‌بووه، له‌سه‌ر هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه؟
عارف روشدی: پێموایه قه‌ناعه‌تی خه‌ڵك زیاتر كاریگه‌ری هه‌بووه، چونكه دوای زیاتر له دوو مانگ خه‌ڵك هه‌موو گه‌شتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته، كه دوای دوو مانگ ماندووبوون و توندوتیژی و كۆبوونه‌وه بێهووده‌یه، چونكه ئه‌گه‌ر قسه‌بێت كراوه، ئه‌گه‌ر داواكاری بێت كراوه، ئه‌گه‌ر ره‌خنه بێت كراوه، ئه‌گه‌ر هه‌رشتێك بێت باسكراوه، بۆیه كاریگه‌ری خه‌ڵك زیاتر بوو بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌من و ئاسایش، هێزه‌كانیش هه‌ر فاكته‌رێكی هاوكار بوون نه‌ك شتی تر.
نوچه‌نێت: له ناو یه‌كێتییدا هیچ كه‌س هه‌یه له‌گه‌ڵ به‌كارهێنانی هێزدا بێت؟
عارف روشدی: له ناو یه‌كێتی و له ناو حكومه‌تیش به‌كارهێنانی هێز له دژی هیچ كه‌سێك له ئارادا نیه، به‌ڵام هێز بۆ ئه‌وه‌یه كه ئه‌گه‌ر هاتو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و حوكمڕانییه‌كه‌ی، كه‌وتنه به‌ر مه‌ترسییه‌ك، ئه‌وكات له حاڵه‌تی به‌رگری كردن‌دا ده‌بێت، به‌ڵام به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كارهێنانی هێز، له ئه‌جێندای یه‌كێتی و پارتی و حكومه‌تیشدا نین.