دەنگی مێ – ئالان عومەروشیار ئەسوەد
نوچە.نیت
ئەو لە سەرەتای ساڵانی نەتەوەكانەوە دەركەوت، بێگومان ئەوكاتیش وەك گۆرانیبێژێكی باش وەرمانگرت. جیالەوەی دەنگێكی خۆشی هەبوو، هەروەها ئەوكاتیش ژمارەی ئافرەتان لە بواری گۆرانیگوتن زۆر نەبوون بە بەراورد بە ئێستە، بەڵام لەناویاندا ئالان عومەر توانی ببێتە یەكێك لە ناوەكان و وەك گۆرانیبێژێكی پڕاوپڕ بە گۆرانیگوتن وەربگیرێت، واتە بایەخدانی بوو بە سەرجەم توخمەكانی گۆرانی.
ماوەیەك كە لەگەڵ هونەرمەند چەتۆ نەورۆز هاوسەرییان كرد، دەتوانم بڵێم ئەو قۆناغە بۆ ئالان عومەر قۆناغی زێڕین بوو بۆ گۆرانیگوتن، بۆ ئەوكاتیش لەسەر ئەو خاتوونە چەند نووسینێكم بڵاو كردەوە. بەڵام دوای ئەوەی لە یەكتر جیا بوونەوە، پێم وابوو ئەو خاتوونە دەكەوێتە پاشەكشێ، بەتایبەتی دوای ئەوەی كوردستانی بەجێ هێشت و رووی كردە هەندەران، بەپێچەوانەوە دواتر توانی بڕوامان پێ بهێنێت كە ئەو هەر خاتوونە گۆرانیبێژە ئەكتیڤەی پێشترە و ناتوانێ لە گۆرانیگوتن دوور بكەوێتەوە. ئەمەیش وامان لێ دەكات بڵێین ئالان لە سەرەتاوە بەباشی دەركەوت و تا ئێستەیش لە پاشەكشێی نەداوە. بەرهەمەكانی ئەم دواییەی كە لە دەرەوەی كوردستان تۆماری كردوون، وەك ئاستی هونەری كەمتر نین لەوانەی لە كوردستان پێشانی داوین.
مەبەستم ئەوەیە زۆرن لەوانەی ئەگەر هونەرمەندێكی دیاریكراو لە پشتیان نەبێت، یان لە گۆرانیگوتن دوور دەكەونەوە، یان پاشەكشێ دەكەن و بەرهەمی كرچمان پێشان دەدەن، واتە لە بنچینەوە پڕاوپڕ نەهاتوونەتە ناو ناوەندەكە، بەڵام جوانییەكانی ئالان عومەر لە بەردەوامیدان بە كاری هونەری، وامان لێ دەكات بڵێین ئەگەر تووشی هەر ئاستەنگێكیش بێت، ئەو وەك ئاشقە شێتەكەی گۆرانی هەر بەردەوام دەبێت كە ئێمەیش چاوەڕوانیی زۆری لێ دەكەین.