پەرلەمانی کوردستان: لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن
نوچەنێت.ههولێر:
سەرۆکی پەرلەمان كوردستان، لهكۆبونهوهی لهگهڵ ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانی قوتابیانی کەرکوک،پێراگهیاندن، لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن.
بەپێ راگەیەنراوێكی راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان كەوێنەیەكی بۆ(نوچەنێت)نێراوە”د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەک شەممە لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان، پێشوازی لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندەرانی قوتابیانی کەرکوک کرد و لە دەستپێکی دانیشتنەکە وتی”زۆرمان پێخۆشە قوتابیان و هاوڵاتیان لەسەر مافەکانیان بەدەنگ بێن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئاستی هۆشیاری هاوڵاتیانی کوردستان بەرزە، هەر ئەوەش وایکرد دوای ڕووداوەکە ڕاستەوخۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی بنێرین بۆ کەرکوک و بەدواداچوون بۆ کێشەکە بکات، ئێستا لیژنەکە سەرقاڵی ئامادەکاری نووسینی ڕاپۆرتێکن، لەسەر رووداوەکە، ئێمە لێپرسینەوە لەو کەسانە دەکەین کە تەقە بەسەر خۆپیشاندەراندا دەکەن، ئەوە لای ئێمە مایەی قبوڵکردن نییە،ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە، بەڵام شێوازی داواکارییەکانی ئێوەش بۆ نووسینگەی پەرلەمان بە ڕەوا نابینین“.
هەر بەپێ راگەیەنراوەكە”لەبارەی کارەکانی نووسینگەی پەرلەمانی کوردستان، لەشاری کەرکوک، سەرۆکی پەرلەمان وتی “کردنەوەی نووسینگەی پەرلەمان لە کەرکوک، پەیامێک بوو بۆ ئەوانەی گومانیان لە کوردستانی بوونی ئەو شارە هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت ئەو نووسینگەیە ببێتە پردی پەیوەندی نێوان کەرکوک و هەرێمی کوردستان“.
لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكە هاتوە”نوێنەری خۆپیشاندەران، سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیان کرد، بۆ دەرفەتی پێکەوە دانیشتن، ئاماژەیان بەوەدا ئەوان پەرلەمان بە ماڵی هەمو کوردێک دەزانن، هەر بۆیە بۆ داواکارییەکانیان پەنایان بۆ بردووە“.
لەبارەی لێکدانەوەی سیاسی بۆ خۆپیشاندانەکەش، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە وتیان” ئێمە گوزارشتمان لە قوتابیانی دامەزراوی کەرکوک کردووە. ڕونکردنەوەشمان بڵاوکردووەتەوە کە هیچ حیزبێک مافی ئەوەی نییە موزایەدە بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئەوانەوە بکات، چونکە هەڵوێستەکەیان تەنها گوزارشت بووە لە ناڕەزایی، نەک موزایەدەی حیزبی.”