“لە بواری وەبەرهێنان و كەرتی نیشتەجێ كردن كەیسەكانی گەندەڵی زۆرترن”
دڵشادهەرتەلی- نوچەنێت:
د.فەرسەت سۆفی پەرلەمانتاری پارتی و ئەندامی لیژنەی نەزاهە، لهپهرلهمانی كوردستان لە دیمانەیەكی تایبەت بە(نوچەنێت) تیشكدەخاتە سەر كۆبونەوەكەی دوو بەدووی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی بەمەبەستی ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی و رووبەرووبونەوەی دیاردەكە و دەشڵێت،ئەگەر هیچ تروسكایەك نەما لەبەردەممان بۆ كاركردن لەسەر دۆسییەكانی گەندەڵی لەئەنجامدا دەست لەكاری پەرلەمانتاری دەكێشێتەوە.
نوچەنێت: كاتێك جەنابت دەڵێ بەمەبەستی ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی دوو بەدوو لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دانیشتوی، ئەمە سیفەتێكی شەخسی بە مەسەلەكە دەدات،رووبەروو بونەوەی گەندەڵی كارێكی ئەستەمە رەنگە بەتاكە كەسێك نەكرێت؟لەوبارەیەوە قسەت چیە؟
د.فەرسەت سۆفی:من هەروا ئاسایی ئەو خاڵانەی كەباسمان كرد لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ئەوە بوو كەچۆن وابكەین بەیەكەوە هاوكاربین بۆ ئەوەی ئەو دروشمەی كەحكومەت هەڵی گرتوە لەمەسەلەی چاكسازی بكەینە بواری جێبیەجێ كردنەوە. ئەو كارە تەنها بەحكومەت و بەپەرلەمانیش ناكرێت،لەدانیشتنەكەمان ھەموو بەڵگەو داتاکانم لەسەر ئەو بابەتە بۆ كاك نێچیرڤان بارزانی كە سەرۆكی حكومەتە روونکردەوەو ئەویش پێی وتم بەھەموو شێوەیەک پشتیوانیت دەکەم و سەرجەم بەڵگەکانیش پێشکەشی دەستەی نەزاھەو داواکاری گشتی بکەو ھیچ کەسێکیش بەدەر نابێت لەلێپرسینەوە و ئامادەیی تەواوی خۆی پیشاندا بۆ هەموو هاوكارییەك. مەسەلەكەش شەخسی نییە،بەڵام هەریەكەمان لەلای خۆمان ئەگەر سفڕ و سفڕ پۆینت ئەوەندە كاریگەریمان هەبێت بەیەكەوە دەبینە زۆر. بۆیە بەتەوازوعەوە دەڵێم هەوڵەكەی منیش یەكێكە لەو هەوڵی سفڕ و سفڕ پۆینت ئەوەندەی كە بتوانین هەوڵێك بدەین،بەڵام لەنەتیجەدا دەبێت ببێتە هەوڵێكی جەماعی و هاریكاریی لە بەینی حكومەت و پەرلەمان و چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و رۆڵی راگەیاندن و رای گشتی و چاودێری ئیداری حكومەت لەسەر خۆی و رۆڵی زانكۆكان. هەموو ئەوانە بەیەكەوە یەك پڕۆسەی موتەكامل دروست دەكەن. ئەگینا بەدڵنیایەوە راستە من بەتەنها چیم پێدەكرێت ئەگەر بێت و ئەم پڕۆسەیە نەخرێتە چوارچێوەیەكی موئەسەساتی نیشتیمانی،ئیسارەكردن و باسكردن و جوڵاندنی بەشێوازێكی مەنتیقی نەك بەشێوازێك كە برینداركەربێت. بەشێوازێك بێت كە لەسەر ئەساسێكی دروست و بەشێوازێكی داتا و ژمارە و دۆسیە و دیكۆمێنت قسەبكەین. بەتەئكید ئێمە دەتوانین شتێك بكەین،دەبێت لەمەوداوا قسە لەوە دەربێنین كەگەندەڵی هەیە. دەبێت بڵێن چۆن هەیە و وە چۆن چارەسەری بكەین،بۆیە ئێمە خەریكی كارێكی لەوبابەتەین بەهاوكاری لەگەڵ هەموو لایەك كە چۆن ئەمە بكەین،چونكە لەوانەیە هەندێكی پێویستی بەهەمواری یاسا هەبێت. هەندێكی پێویستی بەچاودێریی و لیژنەكانی پەرلەمان هەیە. هەندێكی پێویستی بە رۆڵی دیوانی چاودێری هەیە،هەندێكی تر پێویستی بەوە هەیە كە دەستەی نەزاهە چالاك بێت. ئێمە یاسامان بۆ هەموار كردووە. كەواتە ئێستا رۆڵێكی گەورەش لەسەر دەستی نەزاهە و داواكاری گشتی هەیە. لەم خولەی پەرلەمانیش یاسیای داواكاری گشتی هەمواردەكەینەوە و جیایان دەكەینەوە لەوەزارەتی داد و دەیان خەینەوە ناو زمنی سوڵتەی قەزائی بۆ ئەوەی ئەوانیش كارابن،مانای وایە پڕۆسەكە پڕۆسەیەكی موتەكاملە،لەچەند رۆژی رابردووداش کەھەڵمەتەکەمان راگەیاندووە بۆ روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی،ھاوڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو ھاوکاریمان دەکەن و بەڵگەمان بۆ دەھێنن.
نوچەنێت: نێچیرڤان بارزانی ماوەیەكی زۆر و چەند كابینەیەك سەرۆكی حكومەت بووە،ئەو بەرپرسی یەكەم بووە لە ئیدارەكردن،چۆن بەرپرسیارێتی ئەو لەو كەیسە دیار دەكرێت،رەنگە كەسانێك لەگەندەڵیەوە تێوەگلابن كە نزیك بن لەو.؟
د.فەرسەت سۆفی:ئەم قۆناغەی ئێستا جیاوازە لەهەموو قۆناغەكانی تر،لەبەر ئەوەی ئەگەر پێشتر پارتی و یەكێتی لە حكومەت بوون و سەردەمێكیش دوو ئیدارەیی هەبووە،جەوێكی مشەوهه و موتەشامیل بووە،لەسەردمی خولی سێیەمی پەرلەمانیش كە كابینەی شەش و حەوتی تێدا بەردەوام بوو،دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەبووە. یەكتر تۆمەتباركردن هەبووە،بەڵام ئێستاهیچ پاساوێك نیە بۆ ئەوەی ئێمە دەست نەكەین بەموئەسەساتی كردن و چاكسازی كردن و رووبەروو بونەوەی گەندەڵی،لەبەرئەوەی هەموومان لەناو یەك حكومەتین،بەرنامەی كاری هەموولایەنەكانیش لە هەڵبژاردن چاكسازی بووە،لەناو بەرنامەی دیاری كراوی حكومەتیش چاكسازی یەكێك بووە لە كۆڵەگەكان،دەبێت لەوە گەڕێن دوێنی چی كراوە و چۆن بوەو كێ بووە؟ئێمە نامانەوێت مەسەلەكان لەسەر ئاستی بە شەخسەنە كردنیش باس بكەین. دەمانەوێت بەشێوەیەكی موئەسەساتی باسی مەسەلەكان بكەین و لاپەڕەیەكی نوێ هەڵدەینەوەو بەیەكەوە كاربكەین. نابێت خۆمان بكەینە دیلی دوێنی،وە دوێنێ تەحەكوم بە ئیرادەمان بكات،دەبێت ئەمڕۆ بۆ بەیانی بەجدی كاربكەین،ئەوانەش قسەنین ئەگەر ئیرادەیەكی باش هەبێت بەتایبەتی ئیرادەیەكی سیاسی ئێمە دەتوانین هەنگاوی باش بەرەو پێشەوە بڕۆین.
نوچەنێت: زۆرجار ئەو جۆرە هەوڵانە دراوە، لەوانە دوای حەفدەی شوبات مەسعود بارزانی لیژنەیەكی دژی گەندەڵی دورست كرد،بەڵام تا ئێستاش خەبەری نییە ئایا كاری ئێوە هەر هەواڵێك نابێت؟
د.فەرسەت سۆفی:لیژنەكە كاری خۆی كرد،وەئیعلانیشیان كرد چەند موساتەحەیان هەڵوەشاندوتەوە و چەند مەتر زەویان گەڕاندوەتەوە و چەند كاریان كردەوە،بەڵام دواتر بەپێ یاسا دەستەی نەزاهە دروست بوو،سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ بەیاسا كردن و بە موئەسەساتی ئیشەكانە،مادام دەستەی نەزاهە دروست بوو ئیتر هیچ مانایەك بۆ چاكسازی نەمایەوە، هەر بۆیە ئەمە لیژنەیەكی كاتی بوو بۆ حاڵەتێكی كتپوڕ دروست بوو،كۆمەڵێك هەنگاوی نا،بەڵام كۆمەڵێك بەربەستیشی بۆ دروست بوو. ئێستا دەبێت دەستەی نەزاهە كارەكان تەواو بكات،روبەرووبونەوەی گەندەڵی ئێستا بەپلەی یەكەم لەدەستی دەستەی دەست پاكی دایە. هەوڵی ئێمەش یەكێكە لەو هەوڵەنە، بەهاوكاری هەموولایەك هیوادارین بتوانین بەردێك بخەینە سەربەردێك. خۆم لە لیژنەی نەزاهەم و بەبەرنامەش چومەتە ئەو لیژەنەیەوە و نیەتێكی باشیش هەیە،بەڵام ئەگەر بینینم هیچ تروسكایەك نیە و بێ ئومێد بووم و رێگری بەبەرنامەدانراو هەیە لە رووبەرووبونەوەی گەندەڵی و هەر شتێك دەستی بۆ دەبەین رێگامان لێدەگیرێت. ئەوكات ئێمە بەلایەنی كەم نابینە بەشێك تێداو بەدڵنیایەوە خۆم شەخسی دەست لەكاری پەرلەمانتاری لەپەرلەمانی كوردستان دەكێشمەوە.
نوچەنێت: ئەوەندەی تۆ تیبینێت كردووە،كەیسەكانی گەندەڵی لە چ بوارێك زیاترە؟
د.فەرسەت سۆفی:لە هەموو بوارەكان گەندەڵی هەیە ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستمدان تایبەتن بەبواری بەھەدەردانی پارەو وەزیفەی گشتی و موڵک و ماڵی گشتی،بەڵام لە بواری وەبەرهێنان و كەرتی نیشتەجێ كردن كەیسەكانی گەندەڵی زۆرترن.