
نوچەنێت.تایبەت:
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر لیستی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ئاشكرای ده‌كات كه ئه‌وان ره‌خنه‌یان له‌سه‌ر نه‌بوونی یه‌ك خیتابی په‌رله‌مانتارانی كورد هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش داوایان له‌سه‌رۆكی هه‌رێم كردووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته په‌رله‌مانتارانی كورد له به‌غدا كۆبكاته‌وه به‌ڵام به‌هۆی هه‌لومه‌رجی شه‌ره‌وه ئه‌و داوایه‌ی دواخستووه.
نەبوونی خیتابی هاوبەش چ لەرووی راگەیاندن چ لە رووی تەحالوفاتی ناو پەرلەمان لە نێوان فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان له به‌غدا كاریگەری خراپی هەبوە لە سەر هەڵوێستی كورد و بەزیان بۆی شكاوەتەوە،لەوبارەیەوە پاریزەر زانا رۆستایی،پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی تایبەت بە(نوچەنێت)وتی”خیتابی هاوبەش لە ئەنجومەنی نوێنەران كاتێك دروست دەبێت كە كوتلە كوردییەكان لەچوارچێیوەی هاوپه‌یمانیەتێكی كوردستان خۆیان رێك خستبێت كه ئێستا ئه‌وه له ئارادا نییه هه‌ر كوتله‌یه‌ك خۆی به ئازاد ده‌زانێت خیتابی خۆی دیاری بكات“.
رۆستایی مەترسییەكانی نەبوونی ئەو خیتابە هاوبەشە ئاشكرادەكات و دەڵێت”نه‌بونی خیتابێكی هاوبه‌شی یه‌كگرتوو له به‌غدا سه‌نگ و به‌های كورد لاواز ده‌كات و ركابه‌ره سیاسیه‌كانمان بایه‌خ به بونمان ناده‌ن و بگره به ده‌رفه‌تیشی ده‌زانن كه بەبێ گەڕرانه‌وه بۆ كورد هه‌نگاو بنێن یان گره‌و له‌سه‌ر یه‌كڕیزیمان بكه‌ن و هه‌وڵ بده‌ن له هه‌ندێكمان نزیك ببنه‌وه‌و دژایه‌تی هه‌ندێكمان بكه‌ن“.
پەرلەمانتارەكەی كۆمەڵی ئیسلامی لە درێژەی لێدوانەكەی بۆ نوچەنێت وتیشی”له‌یه‌كه‌م دیداری شاندی دانوستانكاری كوردی له‌گەڵ بەڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم و له په‌راوێزی دیداره‌كه‌دا داوام له بارزانی كرد كه په‌رله‌مانتارانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كۆبكاته‌وه‌و كاروباریان له چوار چێوه‌ی هاوپه‌یمانیەتێكی تۆكمه رێك بخات بەڕێزیان له وەڵامدا ره‌زامه‌ندی پیشاندا بەڵام هه‌ل و مه‌رجی به‌ره‌كانی شه‌ر و سه‌رقاڵی پییانه‌وه كاره‌كه‌ی دوا خستوه“.