وەزیری پێشمەرگە موچەی 400 بندیواری وەزراتەكەی دەبڕێ كە زۆربەیان سەر بەیەكێتی بوون
نوچەنێت.شارپرێس:
بڕیارێكی وەزیری پێشمەرگە بەبڕینی 400 موچەخۆری بندیواری وەزارەتەكەی نیگەرانی یەكێتی لێدەكەوێتەوە.
سەرچاوەیەك لەوەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشارپرێسی وت: لەچەند رۆژی رابردوودا مستەفای سەید قادر وەزیری پێشمەرگە بەبڕیارێك موچەی 400 كەسی لەوەزارەتەكەی بڕیوە كە ئەو چوارسەد كەسە لەسنووری گەرمیان لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بەبندیوار ماوەی چەند ساڵێكە دامەزراون.
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشیكرد، بەشێكی زۆر لەو كەسانە پێشتر لەلایەن یەكێتی نیشتیمانی كوردستانەوە دامەزراونو هیچ دەوامێكیان نەكردووەو تەنیا مانگانە موچەیان وەرگرتووە،بۆیە وەزیری پێشمەرگە ئەو بڕیارەی دەركردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست هەمان سایت كەوتووە،لەئێستاداو دوای ئەو بڕیارەی مستەفای سەید قادر، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان نیگەرانی دەربڕیوەو ناڕازییە بە بڕیارەكە،چونكە بەشێكی زۆر لەو كەسانە لەسەر پشكی ئەو حیزبە لەوەزارەتی پێشمەرگە دامەزراون.
لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەشدا،لەئێستادا لەبەشێكی زۆر لەمیدیاكانی یەكێتی رەخنە لەوەزیری پێشمەرگە دەگیرێتو باس لەوە دەكەن،كە “وەزیر موچەی 400 پێشمەرگەی بڕیوە”.
ئەو بڕیارەی وەزیری پێشمەرگە هەنگاوی یەكەمەو بڕیارە لەماوەی داهاتوودا چەند بڕیارێكی تری هاوشێوە دەربكات.
لەئێستادا بەشێكی زۆر لەوەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم دەستیان كردووە بەشەنو كەوكردنی ناوی فەرمانبەرەكان، ئەوەش لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانو بۆ نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار لەناو وەزارەتەكان.