پرۆسەیەكی هاوپەیمانان لە رەقە بۆ رزگار كردنی فڕۆكەوانە ئەردەنیەكە
نوچەنێت-ئەلجەزیرە
سەرچاوەیەكی داعش لە شاری رەقەی باكوری سوریا ئاماژەی بەوە كرد سەرلەبەیانی رۆژی هەینی 2ی ئەم مانگە، پرۆسەیەكی دابەزین بە فڕۆكە بۆ رزگار كردنی فڕۆكەوانە ئەردەنیەكە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە شكستی هێنا.
پەیامنێری جەزیرە لە رەقە لە زاری چەند سەرچاوەیەكی داعش گواستیەوە ، هێزەكانی هاوپەیمانان هەوڵی جێبەجێ كردنی پرۆسەی دابەزین بە فرۆكەیان داوە دوای ئەوەی ئێوارەی پێنجشەممە داعش فرۆكەوانە بەدیلگیراوەكەی گواستوەتەوە بۆ یەكێك لە بارەگاكانی لە ناوچەیەكی نیشتەجێ بوون لە نزیك شەقامی ساقیە كە هەوڵی پرۆسەی دابەزینەكەی تێدا درا.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە كە فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە كاتژمێر 10ی شەوی پێنجشەممە هەڵمەتێكی چڕی فڕینی لە بەرزیەكی كەمەوە ئەنجامدا و 13 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدا و فیرقەی 17ی باكوری رەقە و ناوچەی فروسیەی باكوری رۆژئاوای شارەكەی كردە ئامانج.
بەپێی ئەو سەرچاوەیەی قسەی بۆ جەزیرە كردوە ، لەكاتی ئەو هێرشانەدا داعش ژمارەیەك بەربەستی چەسپاو و گوازراوەی لەناوەوە و قەراغی شارەكەدا جێگیر كرد و دژە فڕۆكەی بڵاو كردەوە و گشت ئەندامانی بانگكردەوە بۆ سەر كارەكانیان.
هەوڵێكی شكستخواردوو
پەیامنێری جەزیرە ئاماژەی بەوە كرد لەنێوان كاژێر دوو بۆ دوو نیوی بەرەبەیاندا دوو هەلیكۆپتەری هاوپەیمانان هەوڵی دابەزین بە پەڕەشوتیان دا لە پارێزگای رەقە، بەڵام شكستیان هێنا دوای ئەوەی دوچاری تەقە كردنی چڕی داعش بوونەوە.
دوای ئەم هەوڵە بە چەند خولەكێكی كەم، دوو هەلیكۆپتەری تری هاوپەیمانان ویستیان دووبارە بنیشنەوە لە نزیك شەقامی ساقیە و سەربازەكانیان دابەزێنن ، بەڵام خۆیان لەناو رووبەڕوو بوونەوەیەكی بەهێزی داعشدا بینییەوە.
ئەم رووبەڕوو بوونەوەیە زیاتر لە نیو كاتژمێری خایاند ، تیایدا فڕۆكەكانی هاوپەیمانان دۆشكەی قورسیان بەكارهێنا و زۆر نزم بوونەوە بە جۆرێك دیواری دەنگیان بڕی بێئەوەی بتوانن پاشەكشێ بە داعش بكەن ئەمەش وای لە هەلیكۆپتەرەكان كرد دووبارە بەرز ببنەوە بۆ ئاسمان بێئەوەی جارێكیتر داببەزنەوە.
هێزەكانی هاوپەیمانان و دەسەڵاتدارانی ئەردەن هیچ لێدوانێكیان لەبارەی ئەم هەواڵەوە نەداوە بەڵام جگە لە داعش چەند سەرچاوەیەكی تری ئۆپۆزسیۆنی سوریا دووپاتی دەكەنەوە.
مەعاز كساسبەی فڕۆكەوانی ئەردەنی 24ی مانگی پێشوو لەكاتی بەجێهێنانی ئەركەكانیدا لە ئاسمانی پارێزگای رەققەی باووكری سوریا و لەچوارچێوەی هێرشی هاوپەیمانان بۆسەر چەكدارانی داعش، فڕۆكەكەی تووشی گرفتی هونەری هاتەوە و كەوتە خوارەوە و ئەویش بە پاراشوت خۆی فڕێدایە ناو رووباری فورات بەڵام لەلایەن داعشەوە بەدیل گیرا ، بەڵام داعش دەڵێت بە موشەكی گەرمی فڕۆكەكەمان خستوەتە خوارەوە، پێش چەند رۆژێكیش كەساسبە بە جلی پرتەقاڵییەوە لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ گۆڤاری دابق دەركەوت كە داعش بە زمانی ئینگلیزی دەریدەكات.
كەساسبە لەو چاوپێكەوتنەدا وردەكاری بوونی هێزی ئەمریكی و فەرەنسی لە بنكە ئەردەنیەكاندا لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكەدا ئاشكرا كردوە.