مەلا بەختیار هێرش دەكاتە سەر جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی و ئازاد جوندیانی 
نوچەنێت.ههولێر:
ڕۆژنامەی چاودێر كە مەلا بەختیاری لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی خاوەن ئیمتیازیەتی،وتارێكی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا هێرش دەكرێتە سەر ئازاد جوندیانی ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە وەڵامی باڵێكی مەكتەب سیاسی ناوی بردووە كە باڵی هەردوو جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتیە.
وتارەكە بە ناونیشانی(وتارەكەی جندیانی،یان بەیاننامەی باڵەكەی ئەوان .. !)،بڵاوكراوەتەوە تیایدا هاتووە” “بەبچوك بینینی قەیرانەكان تیۆریزەكردنە بۆ ناچارەسەر”، كە لە ژمارەی رۆژی سێشەممەی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكراوەتەوەو لە ڕاستیدا هێندەی لەبەیاننامەیەك دەچێ نەك وتار، هەڤاڵ ئازاد جندیانی،سەرلەبەری ویستە سیاسیو دەسەڵاتخوازییەكانی باڵەكەیانی رونكردووەتەوەو لەهەندێ جومگەشدا،واوەتر دەڕوات! “.
هەروەك هاتووە”دەبێ هەڤاڵ جندیانی و هەردوو بەڕێزان جێگرانی سكرتێری گشتیش،دڵنیابن لەوەی هەقیقەت هەرگیز لای ئەو بونەوەرە نییە كە لەم دیالۆگەدا دوا حوكم دەدات،بەڵكو لای ئەو هەڤاڵانەیە،باوەڕیان بەكۆتایی نەهاتنی دیالۆگو بەڕێككەوتنی مرۆڤەكان و گروپەكان هەیە،لەسەر ئەوەی هەریەكەیان چەندێك هەقیقەتیان لەلایە.چونكە بیرخستنەوەی رابردوو، هەڵوێستە ناجێگیرەكان، بەشێكی گەورەن لەخەرەندی كێشەكان، كە نەدەبوو هەڤاڵ جندیانی بەزوویی لەبیریان بباتەوەو خەرەندی نێوان ئەوانو ئێمە،ئێمەو ئەوانی پێ قوڵتر بكاتەوە“.
لەوتارەكە ئاماژە بەوەش كراوە”جندیانی لەهەموو هەڤاڵان زیاتر، باشتر دەزانێ كێشەكان چی بونو چۆن سەریان هەڵداوە،بەڵام نە ئەوكاتەو نەئێستاش،نەلێرەو نەلەوێ باسی نەكردونو ئاماژەی پێنەداون،چونكە ئەو وەختە بۆ هەمووان ڕون ئەبێتەوە،كە پێناسەی كێشەكان لەهەر ئۆرگانێكدا وەك یەك ئەبنو ئەوە بەڕێزیشتان بوون، كێشەكانتان لەقەوارەی خۆیان دەردەهێناو لەمەنگەنەتان دەدان،تا سەرەنجام ئەو پشتگوێخستنە وایكرد، ئیمزا لەدژی بەڕێزتان كۆبكرێتەوە،بۆ ئەوەی چیتر مەكتەیی سیاسی بێدەنگ نەبێ لەئاست ئەو رەوتە ناتەندروستەی كە راگەیاندن بەڕێوەدەبات!. “.
ئەوەش راگەیەنراوە”یەكێك لەخاڵەكانی بەرنامەی كاری بەڕێزان جێگرانی سكرتێری گشتی،پرسی چارەسەری راگەیاندنی یەكێتییە،واتە چارەسەركردنی كۆی ئەو كێشانەی كە سەرەنجامی لێپرسراوێتی ناتەندروستی بەڕێزیان لەمەكتەبی ناوەندی راگەیاندن بەدرێژایی ساڵانی رابردو هاتونەتە ئاراوەو كەڵەكەبوون! “.