قوباد تاڵەبانی: دەخوازم ئایینی ئیسلام لەلایەن هیچ گروپ ‌و لایەنێك بەلارێدا نەبردرێت

0

قوباد تاڵەبانی: دەخوازم ئایینی ئیسلام لەلایەن هیچ گروپ ‌و لایەنێك بەلارێدا نەبردرێتtalabany
نوچەنێت.هه‌ولێر:
جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، دەڵێت،دەخوازم ئایینی پیرۆزی ئیسلام،بەلارێدا نەبردرێت ‌و،هیچ كەس‌ و گروپ ‌و لایەنێك بەناوی ئیسلام‌ و لەپەنا ئیسلام،ئایینی پیرۆزی ئیسلام بشێوێنن.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی یادی لە دایك بونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)،پەیامێكی بڵاوكردووەتەوەو لە بەشێكی تری هاتوە”لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە،تیرۆریستان بەناوی ئیسلام كەوتوونەتە گیانی هاونیشتیمانیان‌و سوكایەتی كردن بە ئایینی ئیسلام‌و تەواوی ئایینەكانی ترو پەلاماردانی نەتەوەی كوردو زۆربەی نەتەوەكانی تر. بۆیە ئەم هەنگاوە بۆ ژیانی ئایینی ئیسلام‌و موسڵمانان زەنگێكی مەترسیدارەو پێویستە موسڵمانانی جیهان، بۆ پارێزگاری لە خوشك‌و برا موسڵمانەكان‌و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، رووبەرووی تیرۆریستان ببنەوە

ئەمەی خوارەوەش دەقی پەیامەكەیە:

بەبۆنەی یادی لەدایك بوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)

بەبۆنەی یادی لەدایك بوونی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ)، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی موسڵمانانی جیهان‌و كوردستان دەكەم.

موسڵمانانی خۆشەویست، ئایینی پیرۆزی ئیسلام لەرێگەی پێغەمبەری ئیسلام محەمەد (د.خ) بەنیەتی بەخشندەیی‌و دادپەروەری بۆ مرۆڤایەتی بڵاوكرایەوە، تائێستا بۆتە ئاینێكی پیرۆزی ملیۆنان كەس لە سەرتاسەری جیهان‌و بەرنامەكەی بەكۆی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

بۆیە یادی پێغەمبەر بەرۆژێكی مەزن‌و پیرۆز دەزانین‌و هیوادارین خوشك‌و برا موسڵمانەكانی جیهان‌و كوردستان، بتوانن هاوكارو یارمەتدەرو پشتیوان‌و پارێزەری مرۆڤ‌و مرۆڤایەتی بن‌و لەو رێگەیەوە بتوانن لە ئازادی بۆ گەلان‌و ئارامی‌و پێكەوە ژیان رۆڵی زیاتر بنوێنن‌و درێژەپێدەری پەیامی پێغەمبەری ئیسلام بن.

دەخوازم لەم یادەدا، ئەم ئایینە بەلارێدا نەبردرێت‌و نەهێڵن هیچ كەس‌و گروپ‌و لایەنێك بەناوی ئیسلام‌و لەپەنا ئیسلام، ئایینی پیرۆزی ئیسلام بشێوێنن.

لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە،تیرۆریستان بەناوی ئیسلام كەوتوونەتە گیانی هاونیشتیمانیان‌و سوكایەتی كردن بە ئایینی ئیسلام‌و تەواوی ئایینەكانی ترو پەلاماردانی نەتەوەی كوردو زۆربەی نەتەوەكانی تر. بۆیە ئەم هەنگاوە بۆ ژیانی ئایینی ئیسلام‌و موسڵمانان زەنگێكی مەترسیدارەو پێویستە موسڵمانانی جیهان، بۆ پارێزگاری لە خوشك‌و برا موسڵمانەكان‌و ئاینی پیرۆزی ئیسلام، رووبەرووی تیرۆریستان ببنەوە، لەهەر شوێنێكی دونیادا بێت. كە ئەمە ئەركێكی پێویستی موسڵمانانە، تاوەكو بتوانن ئایینی ئیسلام بەپیرۆز رابگرن‌و رێگە نەدەن بەشێواندنی.

هەروەها لەكاتێكدا تیرۆریستان رۆژانە دەیان‌و سەدان كاری قێزەون‌و دژ بەمرۆڤایەتی لە هەرێمی كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەدا ئەنجام دەدەن، بۆیە ئەم رووداوانە دەخوازێت كە موسڵمانی راستەقینە، داكۆكیكاری خوشك‌و برا موسلمانەكانیان بن‌و لەخەمی ئایینی پیرۆزی ئیسلام‌و مرۆڤایەتیدا بن.

دیسانەوە پیرۆزبایی رۆژی لەدایك بوونی رابەرو پەیامبەری ئیسلام‌و پێغەمبەری موسڵمانان محەمەد (د.خ)، لە هەموو لایەك دەكەم، هیوادارم ئەم یادە ببێتە خۆشی‌و ئاسوودەیی سەرجەم موسڵمانان‌و گەلان‌و مرۆڤایەتی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com