قەرەیلان: هەندێک کەس دەیانەوێ فیتنە لەنێوان پارتی و پەکەکە دروستبکەن
نوچەنێت.رووداو:
موراد قەرەیڵان، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە شەڕی داعشدا تەنیا ئامانجیان ئەوەیە دەستکەوتەکانی باشووری کوردستان بپارێزن، “بەڵام هەندێک کەس دەیانەوێ فیتنە لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و PKK دروستبکەن”.
قەرەیڵان،کە هاوکات فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل HPGیە ئاشکرایکرد بڕیاروایە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکرانی کوردستان پەیامێک بۆ بارزانی بنێرێت و تێیدا داوای لێدەکات کۆنگرەی نەتەوەیی کورد ببەسترێ.
بەپێی ماڵپەڕێکی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان، قەرەیڵان گوتوویەتی: هەڵوێستی کورد بەرامبەر بە داعش هەڵوێستێکی نەتەوەییە و هەر لەبەر ئەمەشە پێشمەرگە و گەریلا بەیەکەوە چوونە نێو شنگال، لالش، کەرکووک.
هەروەها دەڵێ، مەبەستی ئەوان لە ناردنی گەریلا بۆ شنگال تەنیا پاراستنی خاکی ئەو بەشەی باشووری کوردستانە، “بەڵام هەندێک لایەن ویستیان فیتنە لەنێوان ئەوان و پارتی دیموکراتی کوردستان دروستبکەن و وایدەربخەن کە ئێمە مەبەستێکی تایبەتمان هەیە لەوێ، بەڵام ئامانجی ئێمە روونە، کە پاراستنی دەستکەوتەکانی باشووری کوردستانە”.
بەبۆچوونی قەرەیڵان، ساڵی 2015 ساڵێکی گرنگ دەبێ بۆ کورد، چونکە لە ساڵی 2014 بنەمای پێشکەوتنی مەزن دانران.