هەوادارانى مالیکى شەڕى ساردیان دژى ئەمریکا دەستپێکردووە
نوچەنێت-ئاژانسەکان
لایەنگرانى مالیکى بەشێوازى جیاواز کەوتوونەتە دژایەتى ئەمریکا، لە سەرەتادا بە هەڵمەتێکى راگەیاندن دەستیان پێکردووە و خوازریان بەمزووانە خەڵک دژى ئەمریکا بهێننە سەر شەقام.
هەڵمەتى راگەیاندنى هەوادارانى مالیکى دژى ئەمریکا ئەو کاتانە سەختتر بوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ژمارەیەکى بەرچاوى راوێژکارى سەربازى ناردە عێراق و پشتیوانى خۆیشى بۆ هەرێمى کوردستان دووپاتکردەوە. ئەوەش بەلاى هەوادارانى مالیکییەوە بەهێزکردنى پێگەى ئەمریکا و لاوازکردنى پێگەى ئێرانە کە بە سپۆنسەرى شیعەکان بەگشتى و مالیکى و هەوادارانى بەتایبەت دادەنرێت.
عالیە نوسەییف ئەندامى پەرلەمانى عێراق ئەمریکا تاوانبار دەکات بە خستنە خوارەوەى سندوق و کیسەى یارمەتى بۆ داعش بە ئەنقەست و شکاندنى یاساو رێسا نێودەوڵەتیەکان، داواى پێشکەشکردنى ناڕەزایی کرد بۆ ئەنجومەنى ئاسایش لەدژى ئەمریکا.
لە لێدوانێکیدا کە ئاژانسى رووسیا تودەى بڵاوى کردۆتەوە نوسەیف وتى ” فڕینى فڕۆکە ئەمریکیەکان لە ئاسمانى عێراقدا و بە تایبەتى ئەو شوێنانەى داعش دەستى بەسەردا گرتوون و خستنە خوارەوەى سندوق و تورەکەى یارمەتى بۆیان چیتر ناتوانرێت بە هەڵە دابنرێت دواى ئەوەى زیاد جارێک دووبارە بوەوە، بەڵکو ئەوە رەفتارێکى بە ئەنقەستەو شکاندنى یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەکانە”.
ئەو پەرلەمانتارەى سەر بە نوورى مالیکى سەرۆک وەزیرانى پێشووى عێراق وتیشى ” ئێمە باش دەزانین ئەمڕۆ نەتەوە یەکگرتوەکان ئامرازی یاسا دانانە بەدەست ئەمریکاوە، پێویستە کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى ئیدانەى ئەو رەفتارانەى ئەمریکا بکات کە دەیەوێت داعش بژیێنێتەوە و هێزى بۆ بگەڕێنێتەوە، هەروەک چۆن دەیەوێت دەرکەوتنى ئەم رێکخراوە توندڕەوانە گەورە بکات”.
نوسەیف داواى لە وەزارەتى دەرەوەى عێراق کرد یاداشتێکى ناڕەزایی بداتە نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەى ئەو هەڵسوکەوتەى ئەمریکا کە جگە لە یەک شیکردنەوە هیچى تر هەڵناگرێت.
داواشى لە راى گشتى جیهان کرد بۆ ئیدانە کردنێکى روونى ئەم رەفتارانە کە تیایدا ئەمریکا چەند سود وەردەگرێت لە درێژ کردنەوەى جەنگ دژى رێکخراوە توندڕەوەکان لە عێراق و ناوچەکە.
هەروەها لە رابردووشدا هادى عامرى ئەندامى پەرلەمانى عێراق و ئەمیندارى گشتى رێکخراوى بەدر کە بە هاوپەیمانێکى ستراتیژى نوورى مالیکى دادەنرێت لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنى روسیا تودەى ،وتى بەڵگە لەبەردەستن کە دەرى دەخەن هەندێک دەوڵەتى هاوپەیمانى رۆژئاوا یارمەتى پێشکەشى داعش دەکەن.
عامرى روونیکردەوە، هاوپەیمانى نێودەوڵەتى جددى نیە لە جەنگى دژى داعش بەڵکو دەیانەوێت لە عێراق و سوریادا بیانهێڵنەوە، هەروەها سەرسوڕمانى خۆى پیشاندا بەرامبەر هەڵوێستى دووفاقى ئەمریکا بەرامبەر رێکخراوە توندڕەوەکان.
عامرى ووتبووشى ئەمریکا بەرژەوەندى ئابوورى زۆرى هەن لە جەنگى داعشدا، بۆیە کاتێک لە شوێنێک داعش تووشى شکست دەبێت ئەمریکا بە نهێنى هاریکارییان دەکات و دەیانبوژێنێتەوە.
شایەنى باسە ژمارەیەک لە دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان لە 26-12-2014 گرتەیەکى ڤیدیۆییان بڵاو کردەوە کە دەگوترێت یەکێک لە فڕۆکەکانى هاوپەیمانان باڵۆنێکى خستۆتە خوارەوە لە ناوچەى خزێرەى باشورى رۆژهەڵاتى سەلاحەددین کە لە ژێر دەسەڵاتى داعشدایە و تا ئێستا نەزانراوە ئەو باڵۆنە چى تێدا بوە.