سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ مەلا بەختیار: بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت

0

KRP_Emblem

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ مەلا بەختیار: بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت

نوچەنێت.هه‌ولێر:

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی‌ ئه‌و نامه‌یه‌ی‌ مه‌سعود بارزانیه‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی‌ وه‌زیری‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كردوه‌ بۆ به‌ نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌، راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و تێیدا وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوەو باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ “ئەگەر كەسێك بیەوێت كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەیەكی وا بایەخداری نیشتیمانی دروست بكات دەبێ خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكات”.

ئێواره‌ی (28/12/2014)مه‌لا به‌ختیار، لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی، لە ‌شاری ده‌ربه‌ندیخان و لە مه‌راسیمی (27) ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی (عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د عه‌بدولڕه‌حمان)، وتارێكی پێشكەش كرد وتی: یه‌كێتیی حزبێك نییه‌ په‌یوه‌ندی به‌شۆڕشه‌وه‌ كردبێ، تامه‌رجمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت. حزبێك نین خێرمان پێكرابێت به‌شداری له‌حكومه‌تدا بكه‌ین. تا به‌ناوی ئه‌م وه‌زراه‌ت و ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ شه‌رت و شروتمان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت. بۆیه‌ هه‌رشتێك پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، گفتوگۆی له‌سه‌ر نه‌كرێ، یان له‌ناو حكومه‌تی كوردستاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیی گفتوگۆ له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نه‌كرێ، له‌هه‌چ وه‌زاره‌تێك، یان ناوه‌ندو ده‌زگایه‌كه‌وه‌ ده‌ربچێت قبوڵی ناكه‌ین.

سەرۆكایەتی هەرێم لەبەشێكی راگەیەنراوەكە بەناڕاستەوخو بێ ئەوەی ناوی بهێنێت وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوەو دەڵێت: بابەتی یەوكخستەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ئەنجامی ڕاوێژی نێوان سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال و سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە و پێشتر بە تێروتەسەلی قسەی لەبارەیەوە كراوە و پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت. زیاتر لە هەموو لایەنێكیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەلەی ئەوەی هەبووە كە بۆ بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی عەمەلی بنرێت.

 ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌

لە ڕێكەوتی 14ـی 12ـی 2014 بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەیەكی ئاراستەی وەزارەتی پێشمەرگە كردووە وەك ڕێنمایی و لە چوارچێوەی حەفت خاڵدا داوای لە وەزارەت كردووە دیاردەی حزبایەتی لەنێو ڕیزەكانی پێشمەرگە نەمێنێت و هێزی پێشمەرگە لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی ڕێكبخرێت و ئەرك و كاری ناو وەزارەت بەپێی دامەزراوییبوون بێت نەك بەپێی پێوەرە حزبییەكان.

جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی نامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بابەتێكی ستراتیژییە و پەیوەندیی بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان هەیە و داواكاریی گشت لایەنە سیاسییەكان و هێزەكانی پێشمەرگەیە. نامەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش درێژەپێدەری ڕەوتی چاكسازی و هەوڵدانە بۆ بەنیشتیمانیكردنی دامودەزگەی سەربازیی هەرێم و دورخستنی دەستی حزبایەتی لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان.

ئەو بابەتە لە ئەنجامی ڕاوێژی نێوان سەرۆك بارزانی و جەنابی مام جەلال و سەركردایەتیی پارتی و یەكێتی هاتووەتە ئاراوە و پێشتر بە تێروتەسەلی قسەی لەبارەیەوە كراوە و پێویست ناكات پرس بە كەس بكرێت. زیاتر لە هەموو لایەنێكیش یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان پەلەی ئەوەی هەبووە كە بۆ بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە هەنگاوی عەمەلی بنرێت. ئەگەر بۆچوونێكیش لەناو هەر لایەنێك هەبێت كە دژی پڕۆسەكە بێت ئەوە دژی خواست و بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانە.

پێویستە پڕۆسەی بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەربكەوێت و هەموو لایەك پاڵپشتی بن و كەسیش ناتوانێ ڕێگریی لێبكات. ئەگەر كەسێكیش بیەوێت كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەیەكی وا بایەخداری نیشتیمانی دروست بكات دەبێ خۆی تەحەمولی بەرپرسیارێتی بكات.

 

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

30ـی 12ـی 2014

 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com